Sarmand Hameed
15 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 15 نیسان 2020
هەولێر - AA
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رێواز فایەق لە چوارچێوەی سەردانەکانیدا بۆ شارو شارۆچکەکانی کوردستان بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی تەندروستیی ھاووڵاتییان و رێکارەکانی خۆپارێزی لەڤایرۆسی کۆڕِۆنا، بەیاوەریی ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان سەردانی قەزای کۆیەی کرد و لەلایەن قایمقامی کۆیە، یوسف حەسەن و ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆنی رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشوازیی لێکرا.
بەپێی راگەیەنراوێکی پەرلەمانی کوردستان، لەدیدارێکدا رێواز فایەق سوپاسگوزاریی خۆی بۆ قایمقامی قەزاری کۆیەو سەرجەم ھێزە ئەمنییەکان و کەرتی تەندروستی لەشارەکەدا دەربڕیووە کە لەماوەی رابردوودا پێشمەرگەئاسا بەڵام لەئەرکێکی جیاوازدا خزمەتیان بە کوردستانیان کردووەو راشیگەیاند: "جەنگی رووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا ھیچی کەمتر نییە لەو تەحەدیاتانەی کە پێشتر رووبەڕووی ھەرێمەکەمان بووەتەوە و پێویستە لەسەر حکوومەت پاداشتی مادی و مەعنەویی سەرجەم ئەو کارمەندانە بکات کە لەخۆبووردووانە بەئەرکی نیشتیمانیی خۆیان ھەڵساون".
دواتر قایمقامی کۆیە، یوسف حەسەن باسی رێکارە تەندروستی و ھەنگاوە خێراکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنای کردووە و ئاماژەی بەو ئاستەنگانە کردووە کە لەماوەی رابردوودا ھاتووەتە رێگایان بەھۆی کەمیی بوودجەی قەزاکە و ھەژاریی ژێرخانی تەندروستیی کۆیە و ناحیەکانی سەر بەقەزاکە.
لای خۆیەوە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ھیوای خواستووە کە ھاووڵاتییانی دەڤەرەکە سەلامەت و پارێزراوبن و سوپاس و ستایشی پابەندبوونی دانیشتووانی قەزای کۆیە و دەوروبەری کردووە کەسەرباری لەدەستدانی کارو کاسبی رۆژانە ھاوکاریی ئیدارەی خۆجێی شارەکە و ناحیەکان بوون لە پاراستنی تەندروستیی گشتی.