İdiris Okuduci,Yunus Keleş
19 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2021
ھەولێر - AA
ناو تۆمارکردن بۆ بینینی ڕابەری رووحی کاسۆلیکەکانی جیھان پاپا فرانسیس کە لە میانی سەردانەکەیدا بۆ عێراق سەردانی ھەولێریش دەکات، و لە یاریگایەکی کراوەدا لەگەڵ ١٠ ھەزار کریستیان کۆدەبێتەوە، دەستیپێکرد.
ناوەندێکی ناو تۆمارکردن بۆ بینینی پاپا لە زانکۆی کاسۆلیک لە شارۆچکەی عەنکاوە کە زۆرینەی کریستیانە لە ھەولێر دامەزرا. ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت پاپا ببینن، لە ژێر پابەندبوون بە رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەستیان بە ناونووسین کرد.
نوێنەری پاپا فرانسیس لە ھەولێر، قەشە عابید دینھا عەبدولئەحەد، لە روونکردنەوەیەکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، پاپا، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ عێراق لە ٧ی ئادار دێت بۆ شاری ھەولێر و لە یاریگای فرانسو حەریری لەگەڵ کریستیانەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.
عەبدولئەحەد، ئاماژەی بەوەش کرد کە نزیکەی ١٠ ھەزار کەس ئامادە دەکەن بۆ رێوڕەسمی یەکتربینینەکەی پاپا لە ھەولێر و گوتی، "٢٠٠ گەنجمان بە بەردەوامی بۆ ئەم ئامادەکارییە کاردەکەن. سەرەتا ناوی بەشداربووانی رێوڕەسمەکە دەنوسرێت و رێکدەخرێت. لە ھەمان کاتدا بابەتی تەندروستی و ئاسایشیش ھەیە".
عەبدولئەحەد، ئەوەشی راگەیاند کە پاپا لە رێورەسمەکەی شاری ھەولێردا، باسی ئاشتی و لێبوردەیی بۆ سەرجەم پێکھاتە ئایینی و کەمایەتییەکان دەکات.
پاپا فرانسیس، لە ٧ و ٨ ئاداردا سەردانی عێراق دەکات.
- کریستیانەکانی عێراق
لە عێراق تاکو پێش داگیرکردنی لە ساڵی ٢٠٠٣ لەلایەن ئەمریکاوە، نزیکەی دوو ملیۆن کریستیان لە سەرانسەری عێراق بە بەغدای پایتەختەوە نیشتەجێبوون.
پەرلەمانتاری کریستیانەکان لە پەرلەمانی عێراق جۆزێف سیلڤی، لە لێدوانێکیدا لە ساڵی ٢٠١٧دا، ئاماژەی بەوەکرد کە لە ساڵی ٢٠٠٣وە بەھۆی شەڕی ناوخۆ و کردەوە تیرۆریستییەکان لە عێراق یەک ملیۆن و ٥٠٠ ھەزار کریستیان وڵاتیان جێھێشتووە و پەنایان بردووەتە وڵاتانی دیکەوە.
کریستیانەکان، کە بەشێکن لە کۆنترین پێکھاتەکانی عێراق لە ئێستادا بە زۆری لە پارێزگاکانی ھەولێر، دھۆک، بەغدا، موسڵ، سلێمانی و کەرکووک دەژین.