Hemin Hüseyin
01 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2017
هەولێر- AA
لە مزگەوتی شێخی چۆلی لە شاری هەولێر، وەک تەواوی مزگەوتەکانی دیکە، رێوڕەسمی نوێژی جەژنی قوربان بەڕێوەچوو کە تێێدا، پێشنوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەکە، مەلا عیماددەین مەلا فائز، دوای نوێژ، گوتاری جەژنی خوێندەوە و تیشکی خستە سەر چەند تەوەرێک و ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە لە جەژنی قورباندا دەست کراوەبین بەرامبەر بە هەژار و کەمدەرامەت و هاوکات لێخۆشبوون و ئاشتبوونەوەش تەوەرێکی دیکەی گوتارەکەی بوو.
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەشدا، مەلا عیماددەین مەلا فائز تیشکی خستە سەر پڕۆسەی ریفراندۆم و گوتی: "چەند رۆژێکی کەم ماوە بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم و پێویستە هەموومان بە گیانێکی ئاشتی و تەبایی بەرەو سندوقەکانی دەنگدان بڕۆین و داوای مافی خۆمان بکەین، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە وڵاتان دڵنیابن کە هەرێمی کوردستان دەبێتە هۆکاری ئارامی لە ناوچەکەدا".
مەلا عیمادەدین مەلا فائز گوتیشی: "ئەوانەی ئێستا بوونەتە هۆکاری ناتەبایی و نائارامی لە ناوچەکەدا ئەوا پێویستە لەوە دڵنیابن کە مێژوو بەزەیی بەهیچ کەسدا نایەتەوە، بۆیە پێویستە بۆ ئەو بابەتە چارەنوسسازە هەموو بەیەک دەنگ هاوهەڵوێست بن و رق و کینە لە دڵی خۆیان نەهێڵن".
مەلا عیماددەین مەلا فائز ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە موسوڵمانان لەم رۆژەدا دەست و دڵ کراوەبن و یارمەتی هەژار و کەمدەرامەت بدەن و سەردانی نەخۆش و کەسوکاریان بکەن چونکە ئەمە دەبێتە هۆی دووبارە درووستبوونەوەی پەیوەندی لە نێوان هاووڵاتییان".
دوای گوتارەکەش، رێژەیەکی زۆر لە خواردن بۆ بەشداربووانی نوێژی بەیانی ئامادەکرابوو کە هاووڵاتییان هەر لەناو مزگەوت نانی بەیانییان خوارد و دواتر بەرەو ماڵەوە رۆیشتنەوە.
مزگەوتی شێخی چۆلی بە یەکێک لە کۆنترین مزگەوتی شاری هەولێر دادەندرێت کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٨٨٣ی زایینی لەسەر دەستی شێخ محەمەد مستەفا عومەر ئەربیلی کە بە شێخی چۆلی ناسراوە کە لەساڵی ١٨١٧ لە گەڕەکی تەکیەی قەڵا لەدایک بووە. لە ساڵی ١٩٠٣ یەکەمین خوتبەی نوێژی هەینی لێ بەڕێوەچووە لە لایەن مەلا محەمەد ئەمینی کونەفلوسەیی.
مزگەوتی شێخی چۆلی لە سەردەمی دروستکردنییەوە تاوەکو ئێستا چوار جار نۆژەنکراوەتەوە و لە ئێستاشدا بە هۆی هەبوونی ئاوارە و پەنابەران، بەردەوام ژەمە خواردنی لێ دروست دەکرێت و پێشکەش بە ئاوارە و پەنابەران دەکرێت.