Dlshad Saifaalddin Ahmed
01 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2017
سلێمانی ـ AA
لەگەڵ دەرکەوتنی رووناکی بەرە بەیان و نزیکبونەوەی دەرکەوتنی تیشکی خۆردا، موسوڵمانانی شاری سلێمانی بەرەو مزگەوتەکانی شارەکە بەڕێکەوتن و سەدای جەژن ھەموو شارەکەی گرتبویەوە.
لە مزگەوتی دار السلام کە مزگەوتێکی گەورەی شارەکەیە و پێش دوو رۆژ لە رێوڕەسمێکی گەورەدا دوای نۆژەنکردنەوەی کرایەوە، ژمارەیەکی زۆری دانیشتووانی ئەو ناوچەیە بە پیر و گەنج ، گەورە و بچووک، ئامادەی نوێژی جەژن بوون.
پێش نوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتەکە دکتۆرعیرفان رەشید ھیوای خواست جەژن، جەژنی خۆشی و کامەرانی و پێکەوە ژیان بێت و بتوانن پەیامەکانی ئایینی ئیسلام لە جەژندا وەک خۆی جێبەجێ بکەن و ھاوکاری یەکتر بن بۆ جێبەجێکردنی ھیوا و ئاواتەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان.
ئەو مامۆستا ئایینییە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "جەژنی قوربانی پیرۆز جەژنێکە تایبەتمەندی خۆی ھەیە و بەشێک لە ئومەتی پێغەمبەر (د.خ) رۆشتون بۆ بەجێھێنانی فەریزەی حەج ، بەشەکەی تریشی لە ماڵەوە بە عیبادەت و خواناسی دەیبەنە سەر کە ھۆکارێکە بۆ ئەوەی خودای پەروەردگار لە بەندەکانی خۆش ببێت ، ئەوەی دەمێنێتەوە لەسەر بەندەکانی خودا و تاکەکانی کۆمەڵگە برایەتی نێوانیان گەشە پێبدەن و بە گەرموگوڕییەوە بەرەو ئاوات و ئامانجەکانیان بڕۆن".
دکتۆر عیرفان رەشید ھەروەھا گوتی: "پێویستە لایەنە سیاسییەکان ئەوە بزانن کە بەرپرسیارێتییەکی گەورە لەسەر شانیانە و تا ئەوان تەبا بن بە یەکەوە میللەت زیاتر بەرەو ئاوات و ئامانجەکانی دەڕوات، بە پێچەوانەوە تا ئەوان ناتەبا بن، خەبات و ئامانجەکانی گەل بەرەو ھەڵدێر دەڕوات، بۆیە ئەوان بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان لەسەرە و پێویستە واز لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بھێنن و بەرژەوەندی گشتی گەل بخەنە پێش ھەموو بەرژەوەندییەکانی ترەوە".
ئەو مامۆستا ئایینییە لە بارەی قوربانی کردنەوە دوا و ئاماژەی کرد بەوەی، قوربانی سوننەتێکی گەورەیە و پێغەمبەران ئەنجامیان داوە و ئەوانەی قوربانی دەکەن خێری گەورەیان ھەیە و ھاوکاری گەورەی ھەژارانە، داواشی کرد ئەو کەسانەی قوربانی دەکەن ھەوڵ بدەن قوربانییەکە زیاتر بدەنە ماڵە ھەژارەکان.