Sarmand Hameed
18 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2021
هەولێر - AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بڕیاری دادگا بۆ سزادانی پێنج راگیراو رایگەیاند، بڕیاری دادگا دوا بڕیار نییە و بەپێی یاسا، مافی سزادراوانە تانە لە بڕیارەکە بدەن، دادگای پێداچوونەوەش ئەرکییەتی بە پشتبەستن و رێزگرتن لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی یاساییی سکاڵالێکراو و سکاڵاکار، بە کەیسەکەدا بچێتەوە تا ھەمووان ھەست بکەن وەک یەک مافیان پارێزراوە.
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی بڕیاری دادگا بۆ سزادانی پێنج راگیراو راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە راگەیاندراوەکەدا دەڵێت: "رۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٢/١٨ بڕیاری دادگا بۆ سزادانی چەند راگیراوێک نیگەرانی دروست کردووە. ئەوە دوا بڕیار نییە. بەپێی یاسا، مافی سزادراوانە تانە لە بڕیارەکە بدەن، دادگای پێداچوونەوەش ئەرکییەتی بە پشتبەستن و رێزگرتن لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی یاساییی سکاڵالێکراو و سکاڵاکار، بە کەیسەکەدا بچێتەوە تا ھەمووان ھەست بکەن وەک یەک مافیان پارێزراوە".
نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە: "لای خۆمانەوە چاودێریی ئەو پرسە دەکەین، جەخت لە سەروەریی یاسا و رێزگرتن لە سەربەخۆییی بڕیاری دادگا و لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەکەینەوە".
نێچیرڤا بارزانی جەختی لە سەروەری یاسا کردووەتەوە و روونیکردووەتەوە کە "دەبێت یاسا سەروەر بێت و ھیچ لایەن و کەسێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان راشیگەیاندووە "گەلی کوردستان ھەرگیز پاشەکشە لە ئازادی ناکات، رێگەش نادرێت ئازادی بۆ لەباربردنی خودی ئازادی، خراپ بەکار بھێنرێت".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکردووە کە "پاراستن و چەسپاندن و پەرەپێدانی ئازادی و دیموکراسی، بریتییە لە سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادگا، سەربەخۆیی دادگاش لە چۆنیەتیی کاری دادگا و دادوەرانەوە دەبینرێت".
نێچیرڤان بارزانی ئاشکرای کردووە کە دادگا و دادوەرانی بەڕێز دەبێت شکۆی سەربەخۆیی خۆیان لەپێناو سەروەریی یاسادا بپارێزن، تا شکۆی مرۆڤ و شکۆی وڵات لە سایەی شکۆی یاسادا پارێزراو بێت.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی راگەیاندراوەکەیدا دەڵێت "داوا لە ھەموو لایەک دەکەم لەگەڵ ماف و ئازادییان لە رەخنەگرتن و لە دروستکردنی فشاری مەدەنیانە بەرانبەر ھەر بڕیارێک، کارێکی وا نەکەن بێمتمانەیی بە دادگا و یاسا و ھەرچی دامودەزگایە دروست بکرێت، چونکە بێمتمانەیی بە سەروەریی یاسا، وا دەکات ئیتر کەس لە سەر و ژیان و کەرامەت و ماڵ و سامان و داھاتووی خۆی، دڵنیا نەبێت".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆتایی راگەیاندراوەکەدا دەشڵێت "با رەخنە و کارەکانمان بۆ باشترکردن و سەروەرکردنی یاسا بێت، بۆ رووخاندنی متمانەی خەڵک نەبێت بە یاسا و دادگا و دامەزراوە فەرمییەکان".