04 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 05 مای,س 2017
هەولێر - AA
بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و ژمارەیەک لە وەزیر و بەرپرسانی حکوومی و حزبیی ھەرێمی کوردستان و باڵیۆز و کۆنسوڵ و نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە عێراق و ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیا و ئاژانس و ھۆتێل و دامەزراوەی گەشتیاریی چواردە وڵاتی بیانی و ناوخۆ، لە ھەولێر پێشانگای رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتیاری کرایەوە.
لە رێوڕەسمەکەدا دوای پێشکەشکردنی چەند پەیڤێک لە لایەن رێکخەران و ئامادەبووانەوە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتەیەکی پێشکەش کرد و تیایدا ئاماژەی بەوەدا کە ئەنجامدانی ئەو چالاکییە لە دۆخی ئێستای ھەرێمی کوردستاندا گرنگی و کاریگەرییەکی زۆری ھەیە و ئومێدی گەڕانەوەی متمانە بە بازاڕی گەشتیاریی کوردستان و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە زیاتر دەکات.
نێچیرڤان بارزانی دووپاتیشی کردەوە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگیی کەرتی گەشتیاری وەک سەرچاوەیەک بۆ دابینکردنی داھات، دەرفەتی کار، پێشخستنی وڵات، دەوڵەمەندبوونی کولتوور، پتەوکردنی پەیوەندییەکان و ھەموو لایەنە ئەرێنییەکانی گەشتیاری لێکداوەتەوە و کاری لەسەر کردووە و بەرنامەی دەوڵەمەندی بۆ ھەیە و ئەگەر ئەو دۆخەی سێ ساڵی رابردوو نەبووایە، ئێستا کەرتی گەشتیاری پێشکەوتنی زۆر گەورەی بە خۆیەوە دەبینی چونکە ھەرێمی کوردستان خاوەنی ھەموو ئەو بنەما سەرەکی و پێداویستیانەیە کە دەبێت بۆ گەشتیارییەکی سەرکەوتوو ھەبن وەک سروشتی جوان، شوێنەوارە مێژوویی و دێرینەکان، لێبوردەیی، کراوەیی، ژیاندۆستی، میوانپەروەریی خەڵکی کوردستان و وەرزەکانی ساڵ کە زۆر لە وڵاتان خاوەنی ئەو ھەموو شتانە نین.
لە درێژەی گوتارەکەیدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە لە کوردستان چانسێکی گەورەمان بۆ بنیادنانی کەرتێکی پێشکەوتووی گەشتیاری ھەیە کە بتوانێت ببێتە رووگەیەکی دیاری گەشتیاری و زۆرترین گەشیاری بیانی لە وڵاتانی ناوچەکە و جیھانەوە بۆ ھەرێمی کوردستان رابکێشێت. راستە دۆخی سەخت و کێشەکان، دەرفەتیان نەداوە وەک پێویست ئەم دەوڵەمەندیانە بقۆزینەوە، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە، ئێمە کۆڵ نادەین و ھەنگاو بە ھەنگاو ھەموو چانس و دەرفەتەکانی گەشتیاری لە کوردستان بەکار دەھێنین. ئەوەی لە توانادا بێت دەیکەین بۆ ئەوەی گەشتیاری بکەینە روویەکی دیار و بەرچاوی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی پرۆسەی چاکسازی، بنیادنان و پەرەپێدانی ژێرخانی کەرتی تایبەتییە لە ھەرێمی کوردستان".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "ھەر لەم بۆنەیەدا، داوا لە ھەموو لایەنە پەیوەندارەکانی ھەرێمی کوردستان، دامودەزگا و دامەزراوە گەشتیارییەکان و ھێزە ئەمنییەکان دەکەم، لە فڕۆکەخانە و دەروازەکان بە گشتی، لە دەروازەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عیراق بە تایبەتی، لە کاتی ھاتنی گەشتیاراندا لە ناوچە و شارەکانی دیکەی عیراقەوە بۆ ھەرێمی کوردستان، کاتێک ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن، بە روویەکی گەشی شارستانیانە، پێشوازی و مامەڵە لەگەڵ گەشتیارە عیراقییەکاندا بکەن. ھەموو یارمەتی و ئاسانکارییەکیان پێشکەش بکەن".
ئاماژەی بەوەش دا کە بە پێی ئەزموونی سەرکەوتووی وڵاتان لە پێشخستنی کەرتی گەشتیاریدا، کەرتی تایبەت پێکھێنەر و بەشدار و ھاوبەشێکی سەرەکی و کارای پلە یەکە و دەتوانێت ژێرخانێکی پتەوی گەشتیاری بنیاد بنێت و سەرمایەگوزاری لەم کەرتەدا بکات و پڕۆژەی گەورە ئەنجام بدات، دەوڵەمەندیی سروشت، جوانتر و رازاوەتر بکات. بۆ ئەمە مەبەستەش ھەموو ھاوکاری و ئاسانکارییەکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی بۆ کەرتی تایبەتی ناوخۆ و بیانی دووپات کردەوە.
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، چالاکیی وەک ئەو کۆنفرانسەی مانگی ئازاری ساڵی پار لە ھەولێر دەربارەی گەشتیاری ئەنجام درا، کردنەوەی ئەم پێشانگایەی ئەمڕۆ و ھەموو ئەو ھەوڵ و چالاکیانەی بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتیاری لە ھەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێن، ھەر یەکە و بە ئەندازەی خۆیان، کاریگەریی ئەرێنییان لەسەر بنیاتنانی ئەم کەرتە ھەیە. لە ئەنجامی کۆنفرانسەکەی ساڵی پار و ئەو کارانەی لەسەر دەرەنجامەکانی کران، ژمارەی گەشتیاران لە چاو ساڵی ٢٠١٥ لە ٧٨٢ ھەزار گەشتیارەوە بۆ ملیۆنێک و ٦٠٠ ھەزار گەشتیار لە ساڵی ٢٠١٦دا، ھیوادارم ئەنجامدانی ئەم چالاکییەش ببێتە ھەنگاوێکی گەورەتری بەرەوپێشبردنی گەشتیاری لە ھەموو روویەکەوە.
لەم پێشانگایەدا نزیکەی ٢٠٠ کۆمپانیای گەشتوگوزار و دامەزراوەی گەشتیاری لە ١٦ وڵات بەشداربوون و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.