قاھیرە
لێژنەی بەرگری نەتەوەیی میسر لە کۆبوونەوەیەکدا کە ژەنەڕاڵ عەبدولفەتاح ئەلسیسی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای میسر تێیدا ئامادەبوون، بڕیاری داوە یاسای خۆپیشاندانەکان لە میسر بخرێتە بەر گفتوگۆی خەڵکی وڵاتەکەیان.
بە پێ راگەیەندراوێکی سەرکۆماری میسر لە کۆبوونەوەکەدا سەرەڕای گفتوگۆ کردن لە سەر مەترسییە دەرەکی و ناوخۆییەکانی سەر ئاشتی ناوخۆیی میسر، ھاوکات گفتوگۆ لە سەر چۆنێتی پاراستنی ئاسایش، ئارامی و تەبایی وڵات و ماف و ئازادییەکانی خەڵک کراوە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی سەرکۆماری میسردا ھاتوە کە بەشدرانی کۆبوونەوە لە سەر پاراستنی ماف و ئازادییەکان و گارانتیکردنیان لە لایەن حکومەتەوە بە ئەرکێکی سەرەکی حکومەتیان داناوە.
یاسای خۆپیشاندان کە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەند کراوە وبۆتە ھۆکاری رەخنە و ناڕەزایی ژمارەیەکی زۆری ھێز و لایەنە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە.
یاسای نوێی خۆپیشاندان لە میسر لە ٢١ مادە پێکھاتووە و سەرەڕای قەدەغە کردنی کۆبوونەوە و خۆپیشاندان لە شوێنە گشتییەکان، ھاوکات بەکارھێنانی ھەر جۆرە مادەیەکی تەقەمەنی، یاری ئاگرین و داپۆشینی دەموچاوی خۆپیشاندەران لە کاتی خۆپیشاندان قەدەغە کراوە.