ئەنقەرە
پەرلەمانتاری سەر بە پارتی گەلی کۆماریی - جەھەپە مەحمود تاناڵ گوتی: "لە دژی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سوێندی قوتابخانە سەرەتاییەکان و پێشگرتن لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە جەھەپە لە دادگای باڵای تورکیا سکاڵا تۆمار دەکات."
تاناڵ ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا ساڵی ٢٠١٠ بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سوێندی قوتابخانەکان، حکومەت سەردانی دادگای کردووە، بەڵام دادگا داواکاری حکومەتی رەتکردووەتەوە.
تاناڵ روونکردنەوەیدا لەسکاڵانامەکەیدا رەچاوی ئەوەیان کردووە ئەو قوتابیانەی تورک نین، بۆیان ھەیە سوێندەکە نەخۆن. لەوبارەیەوە گوتی: "زۆربەی گەلانی جیھان سەرقاڵی فێرکردنی نەوەی نوێن لە سەر چۆنێتی خۆشەویستی گەل و وڵات لە رێی سوێندە تایبەتییەکانی خۆیانەوە نەسڵەکانیان فێری خۆشتەویستی دەکەن. بۆیە دەبێ لە تورکیایش لە رێی ئەو سوێندەوە منداڵەکانمان فێری خۆشەویستی گەل و وڵات بکەین".
مەحمود تاناڵ باسی سکاڵانامەکەی کرد و گوتی: "لە سکاڵانامەکەدا باسی ھەر دوو مادەی ١٠ و مادەی ٦٦ی دەستووری بنەڕەتی تورکیا کراوە کە مادەی ١٠ باس لە ئازادیی نەژاد، رەنگ، رەگەز، بیروڕای سیاسی و فەلسەفی و ئاین دەکات و مادەی ٦٦یش باس لە تورکبوونی ئەوانە دەکات کە ھاووڵاتی دەوڵەتی تورکیان. بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی پەروەردە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی سوێندی قوتابخانە زیانێکی گەورە بوو قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە بۆ تورکیا ئاسان نابێ بۆیە بۆ پێشگرتن لەو زیانە ئێمە وەکو جەھەپە بۆ راگرتنی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارنامەیە لە دادگای باڵا سکاڵامان تۆمار کردووە."