سلێمانی
سەرۆکی لیستی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پەرلەمانی کوردستان یوسف محەمەد سادق، ئەمڕۆ دووشەممە بۆ AA گوتی: "چاوەڕوانی پەسەندکردنی تانەدان دەکەین لەلایەن دەستەی دادوەرییەوە، دوای ئەوە وەک لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ھەماھەنگیمان دەبێ بۆ چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ رەوشی دوای ڕاگەیاندن و پەسەندکردنی دەرەنجامە ڕەسمییەکان."
سەرۆکی لیستی گۆڕان جەختیکردەوە ھەرسێ لایەنی ئۆپۆزسیۆن پێکەوە ھاو ھەڵوێست دەبن بۆ پرسی بەشدارییکردن یان نەکردنیان لە حکومەتی داھاتووی ھەرێمی کوردستان. یوسف لەوبارەیەوە زیاتر گوتی: "ڕێککەوتنێکی سەرەتاییمان ھەیە ھەرسێ لایەن پێکەوە گفتوگۆ دەکەین بۆ چۆنێتی وتووێژەکانی پێکھێنانی حکومەتی داھاتوو."
بەگوێرەی زانیاریی لەچەند سەرچاوەیەکی تایبەت بۆ AA، بەنھێنی گفتوگۆی ناڕەسمی لەنێوان لایەنەکان دەستیپێکردووە بۆ پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم، بەڵام ھیچ لایەکیان ئامادە نین چۆنێتی گفتوگۆکان ئاشکرا بکەن.
لەو بارەیەوە سەرۆکی لیستی گۆڕان گوتی: "تائێستا ھیچ گفتوگۆیەکی ڕەسمی لەنێوان لایەنە سیاسییەکان نەھاتووەتە ئاراوە چونکە تائێستا دەرەنجامی تانەدان لەئەنجامی ھەڵبژاردن پەسەند نەکراون."
لەسەروەختی پێکھێنانی کابینەی ھەشتەم بزووتنەوەی گۆڕان داوای چ پۆستێکی سیادی دەکات؟ یوسف محەمەد بەو جۆرە وەڵامی دایەوە: "لەناو گۆڕاندا کۆی پرسەکە لەوتووێژدایە بەوەی بەشداری حکومەت بکەین یان نا، پۆستەکان چین ئەو پرسە تائێستا بەکراوەیی ماوەتەوەو چاوەڕوانی ڕاگەیاندن و پەسەندکردنی دەرەنجامەکان دەکەین، دوای ئەوە ھەڵوێستی ڕەسمی خۆمان لەسەر کۆی پرسەکان ڕادەگەیەنین."
لەلایەکی دیکە ئەبوبەکر ھەڵەدنی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەبارەی ھاوھەڵوێستی لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن راستی قسەکانی سەرۆکی لیستی گۆڕانی سەلماندو بۆ AA گوتی: "ھەرسێ لایەن پێکەوە ھەماھەنگیمان دەبێ و چاوەڕوانی یەکلایی بوونەوەی تانەکان دەکەین، ئەوجار بەجدی تاوتوێی پێشنیارو سیناریۆکان دەکەین."