بەغدا
لە چوارچێوەی گەشتەکەیدا بۆ ژمارەیەک لە وڵاتانی ناوچەکە بەمەبەستی گفتوگۆکردنی قەیرانی سوریا و دۆزینەوەی چارەسەر، بڕیار وایە دوای نیوەڕۆی ئەمرۆ ئەخزەر ئیبراھیمی نێردراوی ھاوبەشی نەتەوەی یەکگرتووەکان و کۆمکاری عەرەبی بگاتە بەغدا.
سەرچاوەیەکی نووسینگەی ڕایگەیاندنی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە ئەمرۆ ئیبراھیمی سەردانی بەغدا دەکات و لەلایەن سەرۆک وەزیران نوری مالیکی پێشوازی لێدەکرێت و دوا گۆڕانکاری و پێشوەچوونەکانی قەیرانی سوریا بابەتی سەرەکی کۆبوونەوەی نێوان ھەردوولا ئەبێت.
ھەروەھا چاوەڕوان دەکرێ ئیبراھیمی لەگەڵ ژمارەیەک بەرپرس و سەرۆکی قەوارە سیاسیەکانی عێراق لە بەغدا کۆببێتەوە.
ئیبراھیمی تەنیا رۆژێک لە بەغدا دەمێنێتەوە و سبەی کۆتایی بە سەردانەکەی بۆ عێراق دێ.