جوبا
لە ئاکامی ھێرشێکی چەکداری لە باشووری سودان کە لە لایەن چەکدارانی دژی حکومەت ئەنجامدرا، ٤١ کەس کوژران و ٦٣ کەسی دیکەیش بریندار بوون.
بەرپرسانی پارێزگای ژۆنگەلی رایانگەیاند: ئەو ھێرشە لە ناوچەیەکی دورە دەستی پارێزگای ژۆنگەلی، لە لایەن چەکدارانی سەر بە دەڤید یاو یاوەوە کە ھۆزی مورلە پشتگیری لێ دەکەن، ئەنجام دراوە.
جێگری پارێزگاری ژۆنگەلی حوسێن مار رایگەیاند: بە پێی ئامارە سەرەتاییەکان ٤١ کەس کۆژراون و ٦٣ کەسی دیکەیش بریندارن و چاوەڕوان دەکرێ ژمارەی کوژراوان زیاد بکات چونکە برینی زۆرێک لە برینداران سەختە.
مار گوتی: "ژمارەیەک لە بریندارەکان بە ھاوکاری نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ نەخۆشخانەکانی پایتەختی پارێزگا گواستراونەتەوە. چەکدارانی ھێرشکار بە چەکی ئۆتۆماتیک تەقەیان لە خەڵک کردووە و دواتر بە ھەزاران سەر ئاژەڵیشان لەگەڵ خۆیاندا بردووە."
یاو یاو ئەفسەری پێشووی سوپای باشووری سودانە، بە ھۆی بەدەستنەھێنانی کورسییەکی پەرلەمان لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٠ لە دژی پارتی دەسەڵات بە بیانووی ساختەکاریکردن لە ھەڵبژاردن دەستی بە شەڕی چەکداری کردووە. دواتر بە ھۆی راگەیاندنی سەربەخۆیی باشووری سودان لە ساڵی ٢٠١١دا، سەرۆکی باشووری سودان سەلڤا کێری لێبووردنی گشتی دەرکرد و یاو یاو گەڕایەوە جوبا، بەڵام ساڵی ٢٠١٢ لە دژی بەڕێوەبەرایەتی خەرتوم دەستی بە شەڕی چەکداری کردووە.