بڕۆکسل
بە گوێرەی ئەنجامی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی لۆکسەمبۆرگ، پارتی CSV کە جیان کلاود جانکێری سەرۆکایەتی دەکات، زیاتری ھەموو پارتەکانی تر دەنگی بەدەستھێناوە.
ھەرچەندە جانکێری لەم ھەڵبژاردنە سەرکەوتنی بەدەستھێنا، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ ھەڵبژاردنەکانی رابردوو کە ساڵی ٢٠٠٩ ئەنجامدرا، بە رێژەی ٥% رێژەی دەنگەکانی کەمیکردووە. بە گوێرەی ئەو ئامارانە ئەم ھەڵبژاردنە بۆ پارتی CSV لە دوای ساڵی ٢٠٠٩ خراپترینیانە کە لە کۆی ٦٠ کوورسی پەرلەمان ٢٣ کوورسی بەدەستھێناوە.
لە دوای ئەو پارتە پارتی کرێکارانی سۆسیالیست LSAP بە پلەی دووەم دێت، بەڕێژەی ٢٠% دەنگەکانی بەدەستھێنوە کە دەکاتە ١٣ کوورسی، پارتی دیموکراتیش بە پلەی سێیەم بە کۆکردنەوەی رێژەی ١٨% دێت.
دوای ئەوەی جانکێری سەرۆک وەزیرانی لۆکسەمبۆرگ بە گەندەڵی و چاودێریکردنی تەلەفۆنی کەسانی تر تاوانبارکرا و ئەم بابەتە بوو بە مشتومڕی رای گشتی وڵاتەکەی، حکوومەتی ھاوپەیمانی لۆکسەمبۆرگ ھەڵوەشایەوە، بۆیە ھەڵبژاردنی پێشوەخت ئەنجامدرا.
جانکێر لە تەمەنی ٢٨ ساڵی تاوەکو ئێستا کە تەمەنی ٥٩ ساڵە، لە لۆکسەمبۆرگ پۆستی باڵای وەرگرتووە و ماوەیەکی درێژ سەرۆکی گرووپی ئورۆ بووە و رۆڵێکی باڵای لە داڕشتنی سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا بینیووە.