Abdullah Abdulmanaf Shukur
09 کانوونی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 10 کانوونی دووەم 2022
ھەولێر-AA
لەمیانی پرۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبووسی توانی زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبھێنێت و بۆ جارێكی دیكه ببێتەوە بە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران.
ئێوارەی ئەمڕۆ ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، لە یەکەمین دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، محەمەد حەلبووسی توانی زۆرینەی دەنگەکان بۆ خۆی ببات و دووبارە ببێتەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڵاوکراوەتەوە، لە پرۆسەی دەنگدانەکەدا محەمەد حەلبووسی ٢٠٠ دەنگ و مەحموود مەشھەدانی رکابەرەشی ١٤ دەنگی بەدەستھێناوە و ١٤ دەنگیش پووچەڵ بوون.
بەپێی ئەو نەریتییە سیاسیەی کە لە ساڵی ٢٠٠٥هوە لە عێراق پەیڕەو دەکرێت، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران پشکی سوننەیە و جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ شیعە و جێگری دووەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش پشكی کوردە.
دوای ھەڵپەساردنی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی بەھۆی تێکچوونی باری تەندروستیی مەحموود مەشھەدانی کە وەکو بە تەمەنترین ئەندام سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی دەکرد، دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتی خالید دەراجی دەستیپێکردبووەوە.