کازمی: "لەگەڵ سەرکۆمار و سەرۆکی پەرلەمان رێککەوتووین لەسەر تێپەڕاندنی یاسای هەڵبژاردنەکان"
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، لەگەڵ سەرکۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران رێککەوتوون لەسەر دەنگدان بەیاسای هەڵبژاردنەکان لە یەکەم دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران و ناردنی بۆ سەرکۆمار بەمەبەستی پەسەند کردنی.
Arbil
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی رایگەیاند، لەگەڵ سەرکۆمار و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران رێککەوتوون لەسەر دەنگدان بەیاسای هەڵبژاردنەکان لە یەکەم دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران و ناردنی بۆ سەرکۆمار بەمەبەستی پەسەند کردنی.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، مستەفا کازمی بە ئامادەبوونی ژمارەیەک وەزیری کابینەکەی و فەرماندەی ئەمنییەکان، لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە عێراق کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، لە میانی کبوونەوەکەدا کازمی رایگەیاندووە، لەگەڵ سەرکۆمار، بەرهەم ساڵح و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی رێککەوتوون لەسەر دەنگدان بەیاسای هەڵبژاردنەکان لە یەکەم دانیشتنی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران و ناردنی بۆ سەرکۆمار بەمەبەستی پەسەند کردنی.
مستەفا کازمی راشیگەیاندووە، كار دهكهن تاوەکو چارهسهرێكی گونجاو بۆ بۆشایی دادگای فیدراڵی بدۆزنهوه تاوکو ببێتە چارەسەری پرسی بوونی مەرجی كاركردنی كۆمیسیۆنی ههڵبژاردنهكان.
كازمی گوتوویەتی: "شهمهندەفەرهكه كەوتووەتە رێ، پێویستە ئامادەبین بۆ هەڵبژاردنەکان وەک ئەوەی کە سبەینێ بەڕێوەدەچێت، دەبێت ههموومان پابهندن بهو بهڵێنانهبین کە داومانە، بەو پێیەی ئەمە خواستی خەڵک و مەرجەعییەت و هێزە سیاسییەکانیشە، بۆیە گونجاو نییە کە دەرفەتی سەرکەوتنمان هەیە و لەدەستی بدەین".
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لەوەشکردووە کە تاوەکو هەڵبژاردنی داهاتوو ببێتە جێی متمانە پێویستییان بە هەماهەنگی نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە بۆ سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکە.
راشیگەیاندووە "پێویستە هەڵەکانی رابردوو لە هەڵبژاردنی داهاتوو دووبارە نەکەینەوە، و پێویستە کارێک بکەین کە هاووڵاتییان متمانەیان بە هەڵبژاردنەکە هەبێت".
مستەفا کازمی جەختی لەوە کردەوە کە وەزارەت و فەرمانگە حکوومییەکانی راسپاردووە بەمەبەستی کارئاسانیی و رێککاری پێویست بۆ لابردنی ئاستەنگەکان لەبەردەم کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژارن و کارکردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژارن لە وادەی خۆیدا و گوتی: "وەزیرەکانمان راسپاردووە ههر نووسراوێک کە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ههڵبژاردنهكانهوه ئاراستەیان بكرێت، له ماوهی كهمتر له ٧٢ كاتژمێردا وهڵامی بدهنهوه".
سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی جەختی لەوەشکردەوە کە حکوومەتەکەی سوورە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختە لەو وادەی دیاریکراو لە شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا و رایگەیاند کە پێیویستە هەموومان کاربکەین بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم هەڵبژاردنە و عێراق ببەینە قۆناغێکی نوێی لە مێژووی وڵاتدا.
دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق لە مانگی ئایاری رابردوو، سەرۆکوەزیران مستەفا کازمی بەڵێنی ئەوەی دا کە کار دەکات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ داواکاریی خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لە بەغدای پایتەخت و شارەکانی دیکەی عێراق سەریانهەڵدا و بەهۆیەوە حکوومەتی پێشوو بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار بە دەستلەکارکێشانەوە کرا.
کۆتایی مانگی تەمووزی رابردوو، سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی، رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاریکرد و بەلێنی ئەوەی دا کار بکات بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی بێگەرد لەژێر سەرپەرشتی نیودەوڵەتی و دوور لە دەستوەردانی دەرەکی و بەکارهێنانی چەک.
لە ئێستادا گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گشتی پێشوەختە پرۆژە یاسای نوێی هەڵبژاردنە کە لەوەتەی ساڵی رابردووەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانە و بەهۆی ناکۆکی نێوان کوتلە سیاسییەکان لەسەر ناوەڕۆکی پڕۆژەکە، تاوەکو ئێستا پەسەند نەکراوە.