Sarmand Hameed
16 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2020
هەولێر - AA
هەر سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق (سەرۆکایەتی کۆمار، حکوومەت و پەرلەمان) لە كۆشكی سەلام لە بەغدا کۆبوونەوە.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بڵاوی کردووەتەوە، بەشداربووانی كۆبوونەوەكە (سەرکۆمار، بەرهەم ساڵح و سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی کاربەڕێکەر، عادل عەبدولمەهدی و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، محەمەد حەلبوسی) رێككەوتوون لەسەر درێژەدان بە بنەمای پارێزگاریكردن لە بەرژەوەندی عێراق و ئاسایشی سیاسی و دارایی لە چوارچێوەی هەڵوێستێکی نیشتمانی هاوسەنگدا لە كاتی قەیرانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، تاوەکو عێراق لە ناكۆكییەكان بە دوور بگیرێت، ھەروەھا جەختكرایەوە لەسەر هێوركردنەوەو دان بەخۆداگرتن و رێگریكردن لە تەشەنەكردنی دۆخەکە.
بەپێی بەیاننامەکە، ھەر لە میانی كۆبوونەوەكەدا جەختکراوەتەوە لە گرنگی پەلەكردن لە پێكهێنانی حكوومەتێكی نوێ و جێبەجێكردنی داواكارییەكانی چاكسازی لە زۆربەی ئاستەكانی سیاسی و ئابووری و خزمەتگوزاریدا، بەجۆرێک پارێزگاری لە سەروەری عێراق و ئاسایشی ھاووڵاتییانی عێراق بكات.
ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە جەختیان کردووەتەوە لە سەر پێویستی پارێزگاری لە سەروەری نیشتمانی و رێگریكردن لە دەستوەردانی دەرەكی و چارەسەركردنیان بەبێ روودانی هەر لێكەوتەیەک.