Aref Yousef,Zana Natık Kerem
15 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 16 کانوونی دووەم 2020
بەغدا - AA
سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح لە کۆشکی سەلام لە بەغدا پێشوازی کرد لە جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر، محەمەد بن عەبدولرەحمان ئال سانی و کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، رەوشی ئێستای ناوچەکە و جیھان و چۆنیەتی هێۆرکردنەوەی رەوشەکە گفتوگۆی لەبارەوەکراوە بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە، ھەروەھا جەختکرایەوە لەسەر پێویستی دان بەخۆدا گرتن و پەنابردن بۆ زمانی دیالۆگی ژیرانە بە ئامانجی کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرکۆماری عێراق جەختی لەوە کردەوە کە عێراق هەوڵ دەدات ببێت بە هۆکاری ئارامی و ناوەندێکی ئاشتی لە ناوچەکەدا، ھاوکات پشتیوانی یەکخستنی هەوڵەکان دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی ئێستا، بەجۆرێک گەلانی ناوچەکە لە ئاشتی و خۆشگوزەرانیدا بژین.
بەرهەم ئەحمەد ساڵح ئاماژەی بەوەیشکرد کە عێراق نابێتە ناوەندێک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و گۆرەپانێک بۆ جەنگێکی نوێ کە توانا و وزەی گەلان لە باربەرێت.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی قەتەر دووپاتی لە رەوشی هەستیاری ئێستا کردەوە و ئاماژەی بە گرنگی هەماهەنگی و کاری هاوبەش لەگەڵ لایەنە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان کرد لەپێناو گەشتن بە چارەسەرێکی ئاشتییانە کە ئاسایش و ئارامی ناوچەکە بپارێزێت.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا، چۆنیەتی گەشەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و قەتەر گفتوگۆی لەبارەوەکرا، بەجۆرێک ئەو پەیوەندییانە خزمەت بە بەرژەوەندی هاوبەشی هەردوو گەلی برا بکات.