Heman Husseın Yaseen
16 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2020
هەولێر - AA
حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا زانیاریی زیاتری لەبارەی پڕۆژەی چاکسازی خستەڕوو کە تییادا دڵنیاییدا بە زیندانییانی سیاسیی و کەسوکاری شەهیدان بەوەی کە دەستکاری مووچەکانییان ناکرێت و پڕۆسەی چاکسازیش بەردەوام دەبێت.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح گوتی: "لە پڕۆژەیاسای چاکسازیدا لەگەڵ پەرلەمان لەسەر دەقێک رێککەوتووین کە بەھۆیەوە بڕە پارەیەک بۆ خەزێنەی گشتی دەگەڕێتەوە، ئەولەویەتی حکوومەت بۆ ئەوەیە کە ئەم پارەیە بۆ باشکردنی مووچەی خانەنشینی مەدەنی بەکار بھێنێت".
ئومێد سەباح ئاشکرایشی کرد کە لەمەودوا سەرجەم بانکەکان بە ئەلیکترۆنی دەکرێن و مووچەخۆران دەتوانن لە رێگای ئەو کارتەوە مامەڵە لەگەڵ هەژمارەکانییاندا بکەن و ئەمەش دڵنیایی دەدات بە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە شایستەکانییان پارێزراو دەبێت.
دواتر سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئامانج رەحیم جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە مووچەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی دەستکاری ناکرێت و لەمبارەیەوە گوتی: "رەنگە هەڵە تێگەیشتنێک هەبووبێت لەبارەی پڕۆژە چاکسازییەکە، دەمەوێت کەسوکاری شەهیدان و زیندانییانی سیاسیی دڵنیا بکەینەوە کە مووچەکانییان دەستکاری ناکرێت و دەمانەوێت هاوشێوەی بەغدا بێت".
لەبارەی کردنەوەی هەژمارێکی بانکیی بۆ مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستان، ئامانج رەحیم گوتی: "دەمانەوێت هەژماری بانکیی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بکەینەوە و لە هەنگاوی یەکەمدا شایستە داراییەکانییان پارێزراوبێت و دواتر رێنمایی تایبەت دەردەچێت و لەئێستادا نامانەوێت بە پێش هەنگاوەکان بکەوین".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە یاسای خانەنشینی کرد و گوتی: "نابەرامبەری و ناھاوسەنگی ھەیە لەنێوان خانەنشینی ئاسایی و خانەنشینی پلە باڵادا، چونکە لێرە نۆ یاسای خانەنشینی ھەیە، بەڵام لە بەغدا یەک یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ھەیە و دادپەروەری زۆری تێدایە، بۆیەش لە ھەرێمی کوردستان مووچەی پلە باڵاکان لە سەرۆکی ھەرێمەوە تا بەڕێوەبەری گشتی سەدا ٨٠ی مووچەکەیان دەرماڵەیە".
لەبارەی سندوقی خانەنشینییەوە، ئامانج رەحیم گوتی: "سندوقی خانەنشینی چەند ساڵێکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە پارەی تێدا نەماوە، بەڵام لەدوای دەرچوونی یاساکە دەکەوێتە کار کە مانگانە سەدا عەوت لە مووچەی بنەڕەتی دەخرێتە ناو سندوقی خانەنشینی".
ئامانج رەحیم ئەوەیشی خستەڕوو کە لەمەودوا سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی جۆراوجۆر هەڵدەوەشێنەوە و تەنها یەک بەڕێوەبەرایەتی دەمێنێتەوە و سەرجەم خانەنشینان ناوەکانییان لە داتابەیسی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە دەبێت و ئەمەش وا دەکات کەمترین گەندەڵی لەم بوارەدا هەبێت".