سياسەت

کۆنگرەی رۆژنامەوانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل: - "(لەباری ناوچە کێشەلەسەرەکان) پێشڤەچوون و تێگەیشتنێکی باش هەیە، هاوکاری و هەماهەنگی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە لەئارادایە".

Sarmand Hameed  | 19.08.2019 - نوێکردنەوە : 21.08.2019
کۆنگرەی رۆژنامەوانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

Arbil

هەولێر - AA

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جوتیار عادل رایگەیاند، حکوومەتی عێراق مانگانە 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان خەرج دەکات و هەولێر ئامادەیە داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە رادەستی بەغدا بکات. 

جوتیار عادل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجامی دا رایگەیاند: "ئەو بڕە پارەیە کە حکوومەتی عێراق مانگانە دەیبڕێت زۆر لە بەهای 250 هەزار بەرمیل زیاترە، حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەو روونکردنەوەیەی بە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ گەیاندووە، خۆشبەختانە تێگەیشتنێکی باش لەوبارەیەوە هەیە، هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم وردەکارییەکانی هەر دۆسیەیەک لەوبارەیەوە ئامادە کردووە، چاوەڕوان دەکرێت لەم چەند رۆژەی داهاتوو لیژنەکان کۆببنەوە".

لە سەرەتای قسەکانیدا جوتیار عادل گوتی: "دوای پێدانی متمانە بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی حکوومەتی راگەیاند، کە تیایدا ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، پێشمەرگە، بوودجە و مووچە، کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەنێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و کۆمەڵێک بابەتی دیکە وەکو لە بەرنامەی چوار ساڵی داهاتوو کاری سەرەکی حکومەت هاتووە لەخۆ دەگرێت". 

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەو بڕیارانە کرد کە لە سەرەتای دەست بەکاربوونی کابینەی نۆیەمەوە دەرکراون و گوتی: "لەو ماوە کەمەی لە تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان 11 بڕیار دەرکراون، کە پەیوەندی بە رێکخستنەوەی دەوامی فەرمی فەرمانبەرانەوە هەیە، هەروەها راسپاردنی سەرجەم وەزارەتەکان لە ماوەی 30 رۆژ بەرنامەی چوار ساڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادە بکەن، هەروەها رێکخستنەوەی داهاتی حکوومەت و ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا ناوەرۆکی سەرەکی ئەو بڕیارە بوو". 

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی جوتیار عادل گوتی: "حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکات لە پێناو سەروەری یاسا بەشێوەیەکی کردەیی و رەخساندنی هەلی کار بەشێوەیەکی یەکسان بۆسەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بە مەبەستی پاراستنی مافی خاوەن پێداویستی تایبەت و بۆ بەجێگەیاندنی پرەنسیپی شەفافیەت، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا مووچەی 13 هەزاری ئەو چینە بگەڕێنێتەوە بە هاوتەریب لەگەڵ وردبینیکردنی سەرجەم ناوەکان بۆ دڵنیابوون لە کەسی شایستە". 

سەبارەت بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، جوتیار عادل گوتی: "پێشڤەچوون و تێگەیشتنێکی باش هەیە، هاوکاری و هەماهەنگی نێوان حکوومەتی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵ بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە لەئارادایە، هەوەها هەردوولا کۆکن لەسەر کۆمەڵێک بابەت و هەنگاوی کردەییش لەبارەوە نراون. هەر لەو چوارچێوەیەدا لیژنەی تایبەت بەو دۆسیەیە پێکهێندراوە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان". 

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın