Mazın Asad,Sangar Hamad Azeez
02 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 03 شوبات 2017
ئەنقەرە - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بینالی یڵدرم : "بەتایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆرستی فەتحوڵڵاچی زۆر پێویستمان بە پشتیوانی ئەڵمانیا هەیە. جیالەمەش ئەو رێکخراوە بە هەوەسی خۆی چالاکییەکانی لە ئەورووپا درێژە پێدەدات. ئەوان ئەمڕۆ بوونەتە کێشە بۆ تورکیا، گیانی ئەو وڵاتە دەسوتێنن، بەڵام ئەگەری هەیە لە داهاتوودا ببنە هەڕەشەیەکی گەورە بۆسەر ئەورووپا. هەربۆیە گرنگە کەوا بەیەکەوە لەدژی تیرۆر کاربکەین".
راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکل کە بەسەردانێکی فەرمی لە وڵاتی تورکیایە، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە بینالی یڵدرم کۆبووەوە.
دوابەدوای کۆبوونەوەکەش یڵدرم و مێرکڵ بە هاوبەشی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیان سازکرد.
یڵدرم جەختی کردەوە لەوەی کەوا سەردانی مێرکڵ بۆ تورکیا کاریگەری دەبێت لەسەر پەیوەندی هەردوو وڵات و گوتیشی : "هەم لە ناوچەکە هەم لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی باسمان لە بەرژوەندییە هاوبەشەکان و هەرەشە هاوبەشەکان کرد. هەردوو وڵات وەک دوو دۆست و دوو هاوپەیمان باسمان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، کاری هاوبەش لە بوارەکانی ئابووری کرد. بە هاتنی بەرێز شانسۆیلە مێرکل هەڵمان بۆ رەخسا باس لەو هۆکارانە بکەین کەوا دەکرێت پەیوەندییەکانی نێوانمانی پێ بەهێزبکەین".
یڵدرم باسی لە رێککەوتنەکەی ئاداری ٢٠١٦ کرد کە لەبواری کاری هاوبەشی گومرگ ئەنجام درابوو، رایگەیاند کە بە مەبەستی دووبارە زیندوکردنەوەی بابەتی بەئەندام بوونی تورکیا لە یەکێتی ئەورووپا چاوپێخشانێک بۆ رێککەوتنەکە دەکەین.
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەوەیشی ئاشکرا کرد کەوا لە کۆبوونەوەکە باس لەو رێگایانە کراوە کە تورکیا نزیک دەکاتەوە لە بوون بە ئەندامی یەکێتی ئەورووپا.
یڵدرم بەھۆی ھەڵوێستی ئەڵمانیا لە ھەوڵی کودەتاکەی ١٥ی تەمووز، ستایشی مێرکلی کرد و گوتی: "سەردانەکەی ئەمڕۆی مێرکل جارێکی دیکە گرنگی ئەم ھەماھەنگییە نیشاندا. لە راستیدا دوای ھەوڵی کودەتاکە، لە چوارچێوەی باری نائاساییدا ژمارەیەک رێوشوێنی پێویستمان بۆ لەناوبردنی زیانی کودەتاچییەکان و دۆخی نالەباری کۆمەڵایەتی گرتەبەر. لەبارەی ئەم رێوشوێنانە دەرفەتی ئاڵۆگۆری بیروڕامان بۆ رەخسا. مەرجەکان ھەرچییەک بێت، تورکیا وڵاتێکی یاساییە. لە چوارچێوەی یاساکاندا ھەڵسەنگاندن لەسەر تاوانباران دەکرێت و سزاکەیان وەردەگرن. لە سەرەتاوە ئاماژەی پێدەکەین کە تورکیا دەوڵەتێکی یاساییە و بە ھەستی تۆڵەسەندنەوە جموجۆڵ ناکەین. بەڵکو بەپێی یاساکان و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مامەڵە دەکەین".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا راشیگەیاند سەرەڕای باری نائاسایی، ئەو فەرمانبەرانەی لە کارەکانیان دوورخراونەتەوە یاخود سکاڵانامەیان لەبارەیەوە تۆمار کراوە، بە ئەنجامدانی چاکسازییەک رێگەی دادگاییکردنیان بۆ کراوەتەوە.
یڵدرم گوتیشی: "بەتایبەتی لە بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆرستی فەتحوڵڵاچی زۆر پێویستمان بە پشتیوانی ئەڵمانیا ھەیە. جیا لەمەش ئەو رێکخراوە بە ھەوەسی خۆی چالاکییەکانی لە ئەورووپا درێژە پێدەدات. ئەوان ئەمڕۆ بوونەتە کێشە بۆ تورکیا، گیانی ئەم وڵاتە دەسوتێنن، بەڵام ئەگەری ھەیە لە داھاتوودا ببنە ھەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئەورووپا. ھەر بۆیە گرنگە کەوا بەیەکەوە لەدژی تیرۆر کاربکەین. لە بەرەنگاربوونەوەمان دژی داعش لە سووریا و عێراق، پشتگیری ھەواڵگری و ئاسمانی ئەڵمانیا گرنگە و لەوبارەیەوە پێشوازی لە پشتیوانییەکانیان دەکەین و سوپاسیان دەکەین. ئامانجمان، لەناوبردنی تیرۆر و پێکھێنانی زەمینەیەکە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان لە گشت بوارەکاندا. ئاسایشی ئەورووپا لە تورکیا تێپەڕ دەبێت. تورکیا مێوانداری لە سێ ملیۆن پەنابەر دەکات. تورکیا لە لایەکیشەوە خاوەن پێگەیەکە کەوا دەتوانێت ھەم لە رووی کۆچ و ھەمیش لە رووی رێگریکردن لە ھەڕەشەی تیرۆر ھاوکاری یەکێتی ئەورووپا بکات. پێموایە ئەمە لە لایەن یەکێتی ئەورووپاوە پێشوازی لێدەکرێت".
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاشکراشی کرد کە ئاستی بازرگانی نێوان تورکیا و ئەڵمانیا لە ٣٥-٣٦ ملیار دۆلارە و راشیگەیاند و تورکیا لە پلەی شەشەمی ئەو وڵاتانە دێت کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ وەبەرھێنان لە ئەڵمانیا ئەنجام دەدەن.
یڵدرم ئەوەشی خستەڕوو کە وەبەرھێنەرانی بەڕەچەڵەک تورک لە ئەڵمانیا، چالاکییەکی فراوانیان لە ئەڵمانیا ھەیە و راشیگەیاند نزیکەی سێ ملیۆن نیو ھاووڵاتی ئەڵمانی بەڕەچەڵەک تورک لە ئەڵمانیا دەژین کە فاکتەرێکی گرنگن لە بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات.