Abdullah Shukur
21 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 22 نیسان 2016
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو رایگەیاند کە پەیەدە ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پەکەکە نییە و بکەرانی ھەردوو ھێرشەکەی ئەنقەرە لە کەمپەکانی یەپەگە-پەیەدە راھێنانیان پێکراوە. گوتیشی "لە جیاتی پشتبەستن بە رێکخراوەکانی تیرۆریستی (یەپەگە و پەیەدە) لە عێراق و سووریا، کارکردن لەگەڵ ناتۆ و ھاوپەیمانانی و پێکھێنانی ھێزی ناوخۆیی ئەنجامی ھەمیشەیی و تەندروستی دەبێت".
چاوشئۆغڵو لەگەڵ سکرتێری گشتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشی رێکخست.
چاوشئۆغڵو ئاشکراشی کرد کە لە کۆبوونەوەکەی نێوان شاندەکان تاوتوێی پەیوەندییەکانی ناتۆ-تورکیا کراوە و ھەروەھا ھەڵسەنگاندنی بابەتەکانی بەرەنگاربوونەوە دژی قاچاخچیەتی و درامای پەناخوازان لە دەریای ئیجە کراوە.
چاوشئۆغڵو جەختیشی لەوە کردەوە کە لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ستۆڵتنبێرگ باسی لە لووتکەی ناتۆ کراوە کە بڕیارە لە مانگی تەمووز لە وارشۆڤا ئەنجام بدرێت. چاوشئۆغڵو گوتیشی: "تاوتوێی سیاسەتی فراوانکردنی ناتۆمان کرد. تورکیا لەمبارەیەوە ھەڵوێستی ئاشکرایە، پاڵپشتی لە ئەندامبونی قەرەداغ (چیای رەش) دەکات. بەڵام لەبارەی پرسی بە ئەندامبوونی وڵاتانی دیکە، پێویست بە بەرەوپێشچوونی زیاتر دەکات. ھاوکات باسمان لەوە کرد کە ناتۆ دەتوانێت چی بکات لە دژی داعش لە وڵاتانی عێراق و سووریا. هەروەها چۆن دەتوانرێت راھێنان بە ھێزە ناوخۆییەکان بکرێت".
چاوشئۆغڵو لەبارەی پرسیاری ئاڵوگۆڕی ھەواڵگری گوتی: "سوپاسی ھەوڵی ناتۆ لەمبارەیەوە دەکەین ھاوکات دەبێت، ئاڵۆگۆڕی زانیاری لە نێوان ھاوپەیمانان چالاکتر بێت".
چاوشئۆغڵو جەختیشی لەوە کردەوە کە لەبارەی پێگەی پەیەدە و یەپەگە زانیاری بە ستۆڵتنبێرگ داوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشئۆغڵو گوتیشی: "لە جیاتی پشتبەستن بە رێکخراوەکانی تیرۆریستی (یەپەگە و پەیەدە) لە عێراق و سووریا، کارکردن لەگەڵ ناتۆ و ھاوپەیمانانی و پێکھێنانی ھێزی ناوخۆیی ئەنجامی ھەمیشەیی و تەندروستی دەبێت".