Nazlı Yüzbaşıoğlu,Zuhal Demirci,Abdullah Shukur
18 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2019
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی رێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا و ئەمریکا لەبارەی سووریا گوتی: "ئایا رێککەوتنەکەیان بەپێی پێویست جێبەجێ کردووە، نەخێر، نەیان کردووە. دەبێت جێبەجێ بکرێت".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە کۆمیسیۆنی پلان و بودجەی پەرلەمانی تورکیا، لەسەر بودجەی ٢٠٢٠ی وەزارەتی دەرەوە وەڵامی پرسیار و رەخنەکانی پەرلەمانتارانی دایەوە.
چاوشئۆغڵو ئاماژەی بەوەدا کە تورکیا کەوتووەتە نێو جوگرافیایەک کە سەدا ٦٠ی شەڕ و پێکدادانەکانی جیھانی لێیە ، جەختیشی کردەوە لەوەی کە وڵاتەکەی لە جوگرافیایەکەی سەختی بەم شێوەیە سیاسەتی دەرەوە بەڕێوە دەبات.
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی رێککەوتنی وڵاتەکەی لەگەڵ رووسیا و ئەمریکا لەبارەی سووریا گوتی: "دانوستان لەسەر ئەو دەقانەی ئێمە کراوە کە ئامادەمان کردووە و پاشانیش رێککەوتن کراوە یاخود راگەیاندنی ھاوبەش بڵاوکراوەتەوە. ھاوڕێیانیشمان بە راستی بە باشی کاریان کرد. لە ئەنجامدا ئێمە لە ماوەی پێنج رۆژدا رێککەوتنمان لەگەڵ دوو وڵات کرد. ئایا رێککەوتنەکەیان بەپێی پێویست جێبەجێ کردووە، نەخێر، نەیان کردووە. دەبێت جێبەجێ بکرێت. ئێمە ئەوەی لەسەرمان بوو بەپێی رێککەوتنەکە ئەنجاممان داوە. بەڵام کاتێ گێچەڵیش ھەبووە بە ھەمان شێوەی ئەوەی پێویست بووە کردوومانە".
چاوشئۆغڵو لەبارەی پاککردنەوەی باکووری سووریا لە یەپەگە/پەکەکە گوتی: "ئەگەر نەمانتوانی ئەنجامێک بەدەستبھێنین، ئەوا ھەروەک لەگەڵ ئەمریکا تاقیمان کردەوە، ئۆپەراسیۆنەکەمان لەو شوێنەی کە وەستاوە، دەستپێدەکەینەوە. بە دڵنیاییەوە دەبێ ھەڕەشەی تیرۆر بۆ سەرمان لەناو ببەین".
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لەبارەی سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش، ئەبو بەکر بەغدادیی گوتی: "پیاوێکی نزیکی ئەو (ئەبو بەکر بەغدادیی) ھەبوو بە ناوی عیساوی (ئیسماعیل عیساوی)، ئەومان قۆڵبەستکرد و رادەستی عێراقمان کرد. ئەو شوێنی بەغدادیی نیشانداوە".