Sangar Hamad Azeez
23 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 24 ئادار 2016
راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ لەبارەی پەلامارەکانی برۆکسل گوتی: "ترسی تیرۆر هەرچەند بێ سنوور بێت، سەرکەوتن بەسەریدا بەهەمان شێوەیە".
لە راگەیەنراوێکیدا راوێژکاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێرکڵ، نیگەرانی خۆی نیشان دا بۆ پەلامارەکانی دوێنێی برۆکسل و ئیدانەی کرد.
ناوبراو جەختی کردەوە لەوەی کە پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا چارلس میشیلەوە کردووە و پێی راگەیاندوە کەوا حکوومەت و گەلی ئەڵمانیا هاوسۆزە لەگەڵ بەلجیکا و هاوکات ئامادەیی وڵاتەکەشی نیشان داوە بۆ هەر یارمەتییەک کە پێویست بکات.
مێرکڵ گوتی: "لەگەڵ حکوومەت و هێزە ئەمنییەکانی بەلجیکا لە هەماهەنگیدا دەبین بۆ ئەوەی تاوانباران دەستگیر بکەین و بە سزای خۆیان بگەیەنن".
ئەنگێلا مێرکڵ تیشکی خستە سەرئەوەی کە سەرەڕای ئەوەی هەموو یەکەکانی حکوومەت لەژێر هەڕەشەدان بەڵام بۆ پاراستنی وڵاتەکەی ئەوەی لە دەستیان بێت ئەنجامی دەدەن و گوتی: " بکوژەکانی برۆکسل تیرۆرستانێکن کە رێز لە بەهاکانی مرۆڤایەتی ناگرن".
راوێژکاری ئەڵمانیا گوتی: "ئەوانەی هێرشیان کردۆتە سەر بەلجیکا وەک ئەوە وایە کە هێرشیان کردبێتە سەر ئەورووپا، لەبەر ئەوەی بەلجیکا ئەندامێکی چالاکی یەکێتی ئەورووپایە".
ناوبراو گوتیشی: "ئێمە هێزمان لە یەکبوونە، دەبێت بە یەکەوە هەوڵ بدەین، بەو شێوەیە دەتوانین تیرۆر لە خاکەکانمان دەربکەین".