Abdullah Shukur
23 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 23 ئادار 2016
كارتەر و سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمریكا جەنەراڵ جۆزێف دەنفۆرد لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریكا پەیوەندیدار بە بوودجەی وەزارەتی بەرگری، وتاریان پێشكەش كرد.
كارتەر رایگەیاند كە رێگە بە سوپای ئەمریكا دراوە تەنھا سێ ھەزار و ٨٧٠ سەربازی لە عێراق ھەبێت بەڵام ئێستا زیاتر لەو ژمارەیە لە عێراق بوونی ھەیە.
راشیگەیاند كە بە كاتی جیاواز ژمارەیەك سەرباز بەمەبەستی ئەركی تایبەت دەنێردرێنە عێراق و ئەمەش بەدەر لەو ژمارەیەیە كە پێویستە لەو شوێنە بوونی ھەبێت.
كارتەر لەبارەی ژمارەی سەربازانی ئەمریكا و ئەو سەربازانەی كە بەشێوەیەكی كاتی بۆ عێراق دەنێردرێت ھیچ زانیاریەكی نەدا.
كارتەر لەبارەی ھێرشە تیرۆریستییەكەی شاری برۆكسل رایگەیاند كە ئەو ھێرشانە ئۆپەراسیۆنەكانی دژی داعش ھێواش ناكاتەوە.
لە پاڵ ئەمەشدا كارتەر رایگەیاند كە ئەگەر پێویست بێت دەتوانرێت سەرباز بۆ ئەورووپا رەوانەبكرێت.
سەرۆكی ئەركانی سوپای ئەمریكا جەنەراڵ جۆزێف دەنفۆرد، لە دانیشتنەكەدا ئاشكرای كرد كە سەربازێكی ئەمریكی لە كەمپی مەخموور بەھۆی ھێرشێكی مووشەكی كوژراوە و ھەشت سەربازی دیكەش بریندار بوون.