Hemn husain
17 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 18 ئادار 2016
هەولێر
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا فیلیپ هامۆند گەیشتە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی كۆبووەوە.
دوای كۆبوونەوەكە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی و وەزیری دەرەوەی بەریتانیا فیلیپ هامۆند، گۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ساز كرد.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە دەستپێكی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا بەخێرهاتنی وەزیری دەرەوەی بەریتانیای كرد و گوتی: "هاتنی جەنابتان نیشانەی ئەوەیە كە بەریتانیا بە پەرۆشە بۆ بارودۆخی عێراق بە گشتیی و ھەرێمی كوردستان بە تایبەتی، دەرفەتێكی بە نرخ بوو بۆ ئەوەی لەگەڵ جەنابتان ھەموو بیروڕاكان ئالوگۆڕ بكەین لەسەر بارودۆخی ناوچەكە و لەسەر پەیوەندی دوو قۆڵی، ئێمە بەڕێزەوە دەڕوانینە سەردانەكەتان".
دواتر وەزیری دەرەوەی بەریتانیا فیلیپ هامۆند سوپاسی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی كرد و هاوكات باسی یادكردنەوەی ٢٥ ساڵەی راپەڕینی خەڵكی هەرێمی كوردستانی كرد و گوتی: "زۆر سوپاس جەنابی سەرۆك بۆ ئەو بەخێرھاتنەی كە ئاراستەی ئێمەت كرد، مانگێكی دیكە یادی ٢٥ ساڵەی پرۆسەی ئارامی هەرێمی كوردستان دەكەینەوە كە لە ساڵی ١٩٩١ بەریتانیا رۆڵێگی گەورەی گێڕا لە پاراستنی ھەرێمی كوردستان، شەرەفمەندین كە ئەو دۆستایەتیەی ئێمە لەو كاتەوە تا ئێستا بەرەوامە و بەرەو پێشەوە دەچێت و زیاتر دەبێت".
فیلیپ هامۆند ئاماژەی بە تێكشكاندنی گرووپی تیرۆریستی داعش كرد و گوتی: "خۆشحاڵین بەوەی كە توانیمان لەگەڵ سەركردایەتی كوردستان باسی ئەو تەحەدیانە بكەین كە رووبەڕووی عێراق و ناوچەكە دەبێتەوە، زۆر روون و ئاشكرایە لە شەڕی داعش سەركەوتنی گەورە بە دەست ھاتووە و داعش لە تێكشكاندایە ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ قارەمانێتی و ئازایەتی و لێبوردەی ھێزی پێشمەرگە كە رۆڵی سەرەكی هەیە لە شكست پێھێنانی داعش".
فیلیپ هامۆند ئاماژەی بە دوژمنێكی دیكە كرد و گوتی: "ئێستا دوژمنێكی تازە هەیە و ئەویش مەسەلەی نەوتە و بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دوژمنە دەبێت زۆر بە جدی رووبەڕووی ئەم قەیرانە ببینەوە و دڵنیاتان دەكەینەوە كە چۆن لە شەڕی دژ بە داعش هاوكارتان بووین، لەم قەیرانەش هاوكارتان دەبین، هاوكات بەهێزكردنی سەرچاوە داراییە خۆجێییەكان بەگرنگ دەزانین".
سەبارەت بە هاوكاری مرۆیی و هاوكاری سەربازی بۆ هەرێمی كوردستان، فیلیپ هامۆند گوتی: " ئێمە زۆرترین هاوكاری مرۆیی ئاوارەكانمان كردووە و جگە لەوەش مەشقمان بە 3 هەزار پێشمەرگە كردووە و هەر ئەمڕۆش سەردانی هەندێك لە پێشمەرگەكان دەكەین".
دواتر سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی پرۆسەی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵی كرد و گوتی: "هاوپەیمانێتی لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق و هێزی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی هەیە و ئامادەكارییەكان بۆ پرۆسەی ئازادكردنەوەی مووسڵ بەردەوامە و دەبێت گرەنتی و دڵنیایی هەبێت و لەگەڵ ئەوەشدا تا داعش لە مووسڵدا بێت، مەترسی لەسەر هەرێمی كوردستان هەیە لەبەر ئەوە بۆ مەسەلەی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ دەبێت رێككەوتنێك لە نێوان لایەنەكان هەبێت".
لە كۆتایی كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، گەشبین بوو بە دۆستایەتی نێوان بەریتانیا و هەرێمی كوردستان و لەمبارەیەوە گوتی: "دۆستایەتیمان رۆژ دوای رۆژ لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەرەوپێش دەچێت و بە باوەڕمان وایە كە سەركەوتن بەسەر داعش بەدەست هاتووە".