Muhammet Kurşun
24 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 25 کانوونی یەکەم 2015
بارزانی، لە پەیامەکەیدا پیرۆزبایی ئاراستەی كریستیانەكانی كوردستان، عێراق و جیهان دەکات و دەڵێت: "پیرۆزبایی لە سەرجەم خۆشك و برایانی خۆشەویستی مەسیحی لە كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم و هیوای جەژنێكی پڕ لە شادییان بۆ دەخوازم".
بارزانی، ئاماژەی بەوە داوە كە عێراق و ناوچەكە لەژێر هەڕەشەی تیرۆر و توندڕۆیی دایە و یەكێك لە ئەركەكانی سەرەكی هەموو لایەك پاراستنی پێكەوەژیان و تەبایی پێكهاتە جیاجیا ئایینی و نەتەوەییەكانە و نابێت رێگە بدرێت لەژێر هیچ پاساوێكدا ئەو تەبایی و پێكەوەژیانە تێكبدرێت.
بارزانی لە پەیامەكەیدا باسی هەڕەشە و نكۆڵیكاری داعش لە سەر شوێنەكانی مێژوویی و شار و گوند و ناوچەكانی مەسیحییەكانمان كرد و گوتی: "سوپاس بۆ خودا لەسەر دەستی پێشمەرگە، تیرۆریستان تووشی شكستی گەورە هاتوون و پشت بە خوای مەزن شكستی یەكجارەكیان نزیكە و خوشك و برا مەسیحییەكانمان بە سەربەرزی دەگەڕێنەوە شوێنەكانیان. پێویستە دوای داعش رێوشوێنی وا بگیرێتە بەر كە چیتر كارەساتەكان دووبارە نەبنەوە و هەموو لایەك بە ئاشتی لەتەك یەكتردا بژیین. تاوان و دڕندەیی داعش دەبێت زیاتر هانمان بدات دەست بە بەها مرۆڤییەكانی گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیانەوە بگرین. خوشك و برا مەسیحییەكان لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە كوردستان وڵاتی خۆیانە و گەلی كوردستان پاڵپشتی ئەوانە و دەبێت هەموومان بەیەكەوە بە سەربەستی و ئازادی بژیین".
بارزانی لە كۆتایی پەیامەكەیدا دەڵێت "هیوادارم ئەم جەژنە ببێتە مایەی خێر و بەختەوەری بۆ ئێوە و هەموو ساڵێك لە سایەی ئارامی و ئازادیدا جەژنەكانتان پیرۆز بكەن".