hemn husain
24 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 26 کانوونی یەکەم 2015
لە گرتووخانەی ناوەندی هەولێر بەشی راگیراوان بەبۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەری ئیسلام (د.خ) مەراسیمی مەولوود بۆ راگیراوەکان کرایەوە.
بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گرتووخانەی ناوەندی هەولێر بەشی راگیراوان رائد خەسرۆ خۆشناو و بەئامادەبوونی گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر نەقیب هۆگر عەزیز مەراسیمێک بۆ لەدایکبوونی پێغەمبەری موسوڵمانان کرایەوە.
لەسەرەتای دەستپێکردنی مەراسیمەکەدا دەستکرا بۆ خوێندنەوەی مەولوودنامەکە و زیندانییەکانیش لە دەوری مەولوودخوێنەکاندا کۆببوونەوە و دواتریش بەبۆنەی ئەم یادە پیرۆزەدا دەستکرا بە بەخشینەوەی شیرینی.
لەم مەراسیمەکەدا بەڕێوەبەری گرتووخانەی ناوەندی هەولێر بەشی راگیراوان پەیامێکی ئاراستەی ئەو کەسانەکرد کە لە گرووخانەکەدا بەشێوەیەکی کاتی راگیراوان و داوای لێکردن کە ئەو ماوەیەی لەم گرتووخانەیەدا دەمێننەوە ببێتە ئەزموونێک بۆ ئەوەی لە داهاتوودا سوودی لێوەرگرن تا نەبێتە هۆی دووبارە کردنەوەی تاوان.
بەڕێوەبەری گرتووخانەی ناوەندی هەولێر بەشی راگیراوان رائد خەسرۆ خۆشناو لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمرۆ بەبۆنەی لەدایکبوونی پێغەمبەر دروودی خودای لەسەر بێت هەڵساین بە ئەنجامدانی مەراسیمی مەولوود خوێندنەوە بۆ ئەو راگیراوانەی کە لە بەڕێوەبەرایەتی گرتووخانەکەمانن، ئێمە هەموو ساڵێک لەم یادەدا مەراسیمێکی هاوشێوە بۆ راگیراوان ئەنجامدەدەین، ئەمەش بۆ ئەوەی ئەو راگیراوانە هەست نەکەن کە پەراوێزخراون لە کۆمەڵگەدا و ئێمە ساڵانە بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەم یادەیان بۆ ئەنجامدەدەین و ئەم راگیراوانەش مافی سرووشتی خۆیانە بەشداری بۆنە نەتەوەیی و ئاینییەکان بکەن."
سەبارەت بە پەیامی بەڕێوەبەری گرتووخانەی ناوەندی هەولێر رائد خەسرۆ خۆشناو گوتی:"داوا لەهەموو خەڵک بە گشتی و راگیراوان بە تایبەتی دەکەم کە هەمیشە یاسا بکەنە یەکلاییکردنەوەی کێشەکان و هاوکات ئەوانەشی کە لەم گترووخانەیە رایگراوان هیوادارم سوود لەم ماوەیە وەربگرن و ببێتە وانەیەک بۆ ئەوەی لە داهاتوودا نەبنە هۆکاری ئەنجامدانی تاوان."
دواتر گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر پێی وابوو کە دەبێ ئەم راگیراوان و سزادراوان لەهەموو بۆنەیەک بەشداربن وەکو مافێکی سرووشتی خۆیان و لەهەمانکاتدا ئاماژەی بە چەند تاوانێک کرد.
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر نەقیب هۆگر عەزیز گوتی: "ئەمرۆ لە یادی لەدایکبوونی پێغەمبەر (د.خ) توانیمان وەک بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر لە بەشی گرتووخانەی ناوەندی هەولێر بۆنەیەک ساز بکەین بۆ ئەو راگیراوانەی کە لەناو ئەم گرتووخانەیەن، بۆ ئەوەی ئەوانیش بێبەش نەبن لە بۆنە ئایینی و نەتەوەییەکان".
گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر پەیامی خۆی لەم رۆژەدا بۆ راگیراوان و سزادراون دەنێرێت و داوا دەکات ئەم رۆژە ببێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی ئەم راگیراوانە چاکسازی لە دڵ و دەروونی خۆیاندا بکەن.
لەمبارەیەوە نەقیب هۆگر عەزیز گوتی: "پەیامی ئێمە وەک بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەوەیە ئەم بۆنە و یاد و مەراسیمانە ببێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی کە راگیراوان بەخۆیاندا بچنەوە و هەست بە هەڵە و تاوانی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا دووبارەی نەکەنەوە."
جێی ئاماژەیە بەڕێوەبەرایەتی گرتووخانەی ناوەندی هەولێر بەشی راگیراوان تایبەتە بەو کەسانەی کە بۆ ماوەیەکی کاتی لەم شوێنە دەمێننەوە تاوەکو دادوەر بڕیاری کۆتایی دەدات.