Sarmand Hameed
20 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2016
هەولێر
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی پەیامێکی ئاراستەی رای گشتی کرد.
پەیامەکەی بارزانی کە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، تیایدا باسی لە چارەسەری قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان کردووە.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا دەڵێت: "لە ماوەی چەند ڕۆژی رابردوودا ژمارەیەك بەڕێزی سیاسی و فەرهەنگی و ئاكادیمی پەیوەندییان پێوە كردووم و دەڵێن رای ئێمە و بەشێكی هاووڵاتییانیش ئەوەیە كە چارەسەری قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان لای منە و دەگوترێت بارزانی دەتوانێ گرفتەكان چارەسەر بكات".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، بارزانی گوتوویەتی: "وەك هەر هاووڵاتییەكی كوردستان حەز دەكەم قەیران و كێشەكان نەمێنن و كۆتاییان پێ بێت بەڵام هۆكاری گرفت و كێشەكان زۆرن. بەشێكیان دەرەكین و پەیوەستن بە بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی عێراق و ناوچەكە بە گشتی، وەكو پەلاماردانی تیرۆریستان و شەڕی داعش، دابەزینی نرخی نەوت، بڕینی بوودجەی هەرێم و ئەو دۆخە نائاساییەی لە ئەنجامی میوانداریی سەدان هەزار ئاوارە هاتووەتە كایەوە. بەشێكی تری گرفتەكانیش ناوخۆیین و دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم".
لەبارەی ئەو قسەیەی کە دەگوترێت کە چارەسەری گرفتە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لای بارزانییە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "ئەگەر چارەسەری گرفتە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لای منە، ئەوە چەندین جارە حزبەكانم بانگهێشت كردووە بۆ كۆبوونەوە بەڵام بە بیانووی جۆراوجۆر نەهاتوون. هەروەها داوام كردووە حزبەكان لەگەڵ یەكتر دابنیشن و چارەسەری دۆخەكە بكەن، دیسان دانەنیشتوون و شانیان نەداوەتە بەرپرسیارێتی بارودۆخەكە".
بارزانی لەبارەی چارەسەری قەیرانی هەرێم هەڵوێستی خۆی روون کردووەتەوە و لەوبارەیەوە دەڵێت: "لەبارەی چارەسەری قەیرانی هەرێم رای خۆم لەمبارەیەوە ڕاگەیاندووە. ئێستایش دووپاتی دەكەمەوە، چارەسەری قەیرانی سیاسیی هەرێم بەمشێوەیە دەكرێت كە حزبەكان بكەونە گفتوگۆ و پارلەمان كارا بكرێتەوە و سەرۆكایەتییەكی تازە بۆ پارلەمان هەڵبژێردرێت. چونكە بۆ هەموو لایەك روونە، ناكرێت ئەوانەی بوونەتە سەرچاوەی قەیران دووبارە سەرۆكایەتیی پارلەمان بگرنە دەست. هەروەها حزبەكان لەسەر ئەوە ڕێكبكەون حكوومەتێكی نوێ دابمەزرێت و بەڕێزێكیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم هەتا كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكرێت بۆ ئەوەی ئەركی سەرۆكایەتیی هەرێم بگرێتە ئەستۆ و منیش بە هەموو توانایەك یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدەم".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ,ناڕەزایەتیی مامۆستایان و فەرمانبەران گوتوویەتی: "ناڕەزایەتیی مامۆستایان و فەرمانبەران، رێزم بۆ داوا و مافە ڕەواكانیان هەیە و حەقی خۆیانە داوای مافەكانیان لە حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن و پاڵپشتیان دەكەم و پێویستە وڵاتەكەمان لە خوشی و ئاسوودەییدا بێ بەڵام بەهۆی ئەو قەیران و كێشە ئەمنی و ئابووری و سیاسییانەی هاتوونەتە پێش، ئیمكانیات و توانای حكوومەت سنووردار بووە. بەڵام كە پێیان وایە چارەسەر هەیە، با لایەنەكان و حكوومەت بفەرموون پێكەوە دابنیشن بە شەفافییەتێكی تەواو دۆخەكە چارەسەر بكەن و هەموو شتێكیش بخەنەڕوو و كۆتایی بە موزایەدات و شێواندنی ڕای گشتی بهێنرێت".
لەکۆتاییدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی ئاماژەی بە بۆچوونی خۆی لەبارەی شاری سلێمانی کردووە و دەڵێت: "چاک دەزانم شاری سلێمانی لەژێر ئیرهابی فكری دایە و دەبێ ئەو ئیرهابە فكرییەی سەر شاری سلێمانی بشكێت. ئەو شارەی هەردەم تەحەددای زاڵم و داگیركارانی كردووە و ڕۆڵەكانی ئامادە بوون زیندە بەچاڵ بكرێن بەڵام لەبەرانبەر زەعیم سدیق سەربەرزانە وەستان و ئامادە نەبوون قسە بە هێماكانی گەلی كوردستان بڵێن. ئەوە رای منە لەبارەی سلێمانی و خەڵكە سەرەبەرزەكەی، با كەس هەوڵ نەدات خوێندنەوەیەكی تر بەسەر خەڵكی ئەم شارەدا بسەپێنێت".