Hemin Hüseyin
25 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 25 تشرینی یەکەم 2016
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە سەرۆكوەزیرانی سوید، ستێفان لۆفێن و شاندێكی یاوەری كرد.
بەپێی هەواڵێک کە لە ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، لە دیدارەكەدا سەرۆكوەزیرانی سوید خۆشحاڵیی خۆی بە سەركەوتن و پێشڕەوییەكانی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستان نیشان دا و جەختی لە پاڵپشتیی و پابەندبوونی درێژخایەنی وڵاتەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە كردەوە و ڕایگەیاند حكوومەتی سوید بەنیازە ژمارەی ڕاوێژكارە سەربازییەكانی لە هەرێمی كوردستان زیاتر بكات. هەروەها پێزانینیشی هەبوو بۆ ئاستی هەماهەنگی و كاری هاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا. سەرۆكوەزیرانی سوید سەرەخۆشی لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی تیرۆردا گیانی خۆیان فیدا كردووە و شەهید بوونە و ئەوەیشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی ڕێزی بۆ مێژوو و قوربانیدانی گەلی كوردستان هەیە و هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگەی بۆ پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بەرز نرخاند.
لەبەرانبەردا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەگەرمی بەخێرهاتنی سەرۆكوەزیرانی سوید و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی سویدی كرد كە لە ساڵانی ڕابردوو یارمەتی گەلی كوردستانیان داوە و بوونەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ خەڵكی كوردستان و پێزانینی خۆیشی بۆ ڕۆڵی ڕاوێژكارە سەربازییەكانی سوید نیشان دا لە مەشق و ڕاهێنانی پێشمەرگە. لە درێژەی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی لە مێژوو و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر خەڵكی كوردستان و پێكهاتەكان كرد و وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی ئازادكردنی مووسڵ بۆ هەرێمی كوردستان جەختی لە پێویستی بوونی پلانێكی سیاسی كردەوە بۆ ڕێگەگرتن لە سەرهەڵدانی كێشەكان و پاراستنی پێكهاتەكان بە تایبەت ئێزدی و مەسیحییەكانی پارێزگای نەینەوا. ئەوەیشی خستەڕوو كە گەلی كوردستان هیچ كات نابێتە لایەنێك لە ململانێی تاییفی. هەروەها ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە هاوكات لەگەڵ شەڕی سەربازی دەبێ شەڕی فكری و سیاسی و كۆمەڵایەتیی تیرۆریستان بكرێت.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا شاندی میوان نیگەرانییەكانی خۆیان لەمەڕ قۆناغی دوای داعش و چارەنووسی پێكهاتەكان بۆ سەرۆك بارزانی باس كرد.
دۆخی مافەكانی مرۆڤ لە ناوچەكە و هەروەها ڕەچاوكردنی مافی ئافرەت و بەشداریی كارای ئافرەت لە ژیانی سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتیدا تەوەرێكی تری ئەم دانیشتنە بوو.