Mazın Asad
17 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2016
دیاربەکر
ھاوسەرۆکی گشتیی ھەدەپە، سەڵاحەدین دەمیرتاش لە بەردەم پارکی کانیا نەڤین لە شارۆچکەی سیلڤانی دیاربەکر گوتەیەکی پێشکەش کرد و رایگەیاند سێ ساڵە وەک ئۆمێدێک بۆ ئاشتی پێشوازی لە نەورۆز دەکەن و داوای کرد ئەمساڵیش بە ھەمان شێوە پێشوازی لە نەورۆز بکەن بۆ ئەوەی ئاشتی و ئاسوودەیی یەکجارەکی لە وڵات بەرقەرار بێت.
ھاوسەرۆکی گشتیی ھەدەپە گوتیشی: "بەداخەوە ئەمساڵ زۆربەی ئاھەنگەکانی نەورۆز قەدەغە کرا. لە سەردەمی قەدەغەکراوەکان تێپەڕ بووین. لە رابردوودا مافی خۆپێشاندان، روونکردنەوەی بیروڕای تاک، چالاکییەکانی نەورۆز بە توندترین شێوەیە قەدەغە کرابوو. ھەموو نەورۆزێک کۆکوژی رووی دەدا بەڵام چی رووی دا نەورۆز کۆتایی پێھات؟".
دەمیرتاش روونیشی کردەوە کە لەسەر بنەمای دانوستان پشتگیری لە چارەسەرێک بۆ کێشەکان دەکەن و راشیگەیاند ھەوڵ دەدرێت ھەدەپە لە گۆڕەپانی سیاسەت رەش بکەنەوە و زیاتر گوتیشی: "با پارێزبەندی ٥٥٠ پەرلەمانتار ھەڵبگیرێت. ئەگەر بوێری بیکە، بەپێچەوانەوەی ئەوەی دەکرێت دوژمنایەتی سیاسییە".
ھاوسەرۆکی گشتیی ھەدەپە لە درێژەدا ئاماژەی بەوەش دا کە ھەدەپە تاکە پردێکە لە نێوان رۆژئاوا و رۆژھەڵاتی تورکیا و نێوان کورد و تورکەکان و گوتیشی: "جزیر، سوور، نسێبین، سلۆپی و ئەنقەرەیان سووتاند و پردێک نەما تەنھا ھەدەپە نەبێت. ئێستاش دەیانەوێت ئەو پردە بڕووخێنن. وا بیردەکەنەوە ئەو پردانە بڕووخێت ھەدەپە زەرەرمەند دەبێت. گشت وڵات زیانی پێ دەگات. مانەوەی ئێمە لە پەرلەمان بۆ ئەوە نییە حەزمان لە پەرلەمانتارییە، بەڵکو ئێمە بۆ دیموکراسی، بەیەکەوەژیان و ئازادی راستەقینە لەوێین، نەک بۆ چاوی رەش و بڕۆی رەشی تۆ".
دەمیرتاش جەختی لەوە کردەوە کە دوژمنایەتی ھیچ کەسێک ناکەن و ھەروەھا گوتیشی: "کەس دوژمنی ئێمە نییە و کەسیش ئێمە بە دوژمن دانەنێت. ئێمە تەنھا ژیانێکی پڕ شکۆمان دەوێت. گشت شەڕەکان کۆتایی پێ بێت. دەمانەوێت شەڕ و پێکدادانەکان و ئۆپەراسیۆنەکان بوەستێت و چاڵ و بەربەستەکان ھەڵبگیرێت. دەمانەوێت زەمینەی دانوستان و دیالۆگ پێک بھێنرێت".
ھاوکات دەمیرتاش بە پێویستی زانی زەمینەی سیاسی پێک بھێنرێت و بەپێچەوانەوە تورکیا پەلکێشی کارەساتێکی جددی دەبێتەوە و گوتیشی: "رەنگە یادی رۆژانی ئێستا بکەینەوە. خوا بمانپارێزێت ئیتر رەنگە سیاسەتمەداران نەتوانن قسە بکەن. پێش ئەوەی بۆ قۆناغە تێپەڕ بین، وەک سیاسەتمەداران پێویستە کاری جددی بکەین".