Sangar Hamad Azeez
18 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2016
لە میانی گوتارێكیدا لە كۆبوونەوەی لووتكەی سەركردەكانی یەكێتیی ئەورووپا، راوێژكاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێركڵ تیشكی خستە سەرئەوەی كە دەبێت لە بابەتی قەیرانی پەنابەراندا هەماهەنگی زیاتر بكەن لەگەڵ توركیا و گوتی: "بەمەبەستی ئەنجامدانی رێككەوتنێك لەگەڵ توركیا دەبێت هەموو هەوڵی خۆمان بدەین و هەموو لایەك هاوڕابین لەسەر بابەتەكە".
لە دوای كۆبوونەوەی یەكەم رۆژی لووتكەی سەركردەكانی یەكێتیی ئەورووپا، راوێژكاری ئەڵمانیا ئەنگێلا مێركڵ كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ساز كرد و تێدا رایگەیاند "ئەمڕۆ باسمان لە چەند بابەتێكی هەنووكەیی كرد، گفتوگۆكان لە كەشێكی ئارام بەڕێوەچوون، سەبارەت بە قەیرانی پەنابەران باسمان لەوە كرد كە بەمەبەستی ئەنجامدانی رێككەوتنێك لەگەڵ توركیا دەبێت هەموو هەوڵی خۆمان بدەین و هەموو لایەك هاوڕابین لەسەر بابەتەكە".
ئەنگێلا مێركڵ گوتی: "ئەو رێككەوتنەی ئەمڕۆ ئەنجامی دەدەین كارێكی ئاسان نابێت، سەرۆكی كۆمسیۆنی یەكێتیی ئەورووپا دۆناڵد توسك هەوڵدەدات بابەتەكە لە بەرژەوەندی هەموو لایەك بەكۆتا بهێنیت، لە ئێستادا هەر دەتوانم ئەوەندە بڵێم".
راوێژكاری ئەڵمانیا تیشكی خستە سەرئەوەی كە یەكێتیی ئەورووپا كە لە ٢٨ وڵاتی ئەندام پێكدێت هەوڵدەدات چارسەرێك بۆ قەیرانی سووریا بدۆزێتەوە و گوتی: "دوای ئەوەی توركیا و یەكێتیی ئەورووپا گەیشتنە رێككەوتنێك ئەوكات بڵاوكراوەیەكی هاوبەش سەبارەت بە بابەتەكە بۆ رای گشتی بڵاو دەكەینەوە".
ئەنگێڵا مێركڵ گوتی: "لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەدا دەبێت هەرچی زووە ئەو پێشنیاز و داواكاریانەی توركیا ئاماژەی پێدەكات بچێتە بواری جێبەجێ كردنەوە و لە بەرامبەر داخستنی ئەو رێگە قاچاغانەی پەنابەران لە توركیاوە بەرەو وڵاتانی ئەورووپا دێن، ئەورووپا پەنابەری سووری لە توركیا وەربگرێت".
مێركل تیشكی خستە سەرئەوەی كە وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا لە كاتێك هەوڵ دەدەن بەر لە كۆچی نایاسایی بگرن دەبێت پابەندی خاڵەكانی ئەو رێككەوتنەیە بن كە ئەنجامی دەدەن و گوتی: "یەكە یەكە لێكۆلینەوە بۆ ئەو پەنابەرانە دەكەین كە گەیشتوونەتە دوورگەكانی یۆنان تاوەك بزانین كە ئایا مافی ئەوەیان هەیە مافی پەنابەری سیاسییان پێ بدرێت یاخود نا، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بە كەسانی لۆجیستی و شارەزا دەبێت و هەوڵدەدەین وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەورووپا پاڵپشتی یۆنان بكەین لەو بابەتە".