Hemin Hüseyin
12 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 13 تەمووز 2017
هەولێر - AA
ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ سەرۆکوهزیرانی ههرێمی كوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە هەولێر بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە شاندێکی باڵای حکوومەتی عێراقی فیدرال كرد کە لە وەزیرانی نەوت، کارەبا، کشتوکاڵ، پەروەردە، سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی و بریکاری وهزارهتى نەوتی عێراق پێکهاتبوون.
سەرەتای کۆبوونەوەکە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە بۆنەی ئازادکردنەوەی مووسڵ پیرۆزبایی لە گەلانی عێراق کرد و ئاماژهى بهوه دا كه هەموو لایەک بە ئازادکردنی مووسڵ سوودمەند دەبین و دەبێت هەمووان هاوکار بن بۆ قۆناغی دوای داعش و ئاساییکردنەوەی رەوشی هاووڵاتییانی ئەو ناوچانە و گێڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان.
دواتر باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ناوەند بۆ قۆناغی دوای داعش کرا بە تایبەتی لەو ناوچانەی پێشتر داگیر کرابوون و ئێستا پێویستییان بە ئاوەدانكردنهوه و خزمەتگوزارییە، لەو بارەیەوە حکوومەتی هەرێم ئامادەیی خۆی نیشان دا هەروەک چۆن دەرگای واڵا کردبوو بۆ هاتنی ئاوارە و دابینکردنی ژیانی ئاسایی بۆ ئەو هاووڵاتییانە، ئاوهاش هەماهەنگ دەبن لە گێڕانەوە و بووژاندنەوەی ژیان لەو شوێنانەی زەرەرمەند بوون. شاندی میوانیش سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ ئەو ئامادەییەی نیشانیان دا بۆ هەماهەنگی و هاوکاری لهگهڵ حکوومەتی عێراق.
لە کۆبوونەوەکهدا، ههردوولا ئامادهیى خۆیان بۆ كردنهوهى لاپهڕهیهكى نوێ و بهردهوامیى گفتوگۆ بۆ چارهسهركردنى كێشهكان دهربڕى، ههروهها گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کۆمیتەیەکی هاوبەش کرا بە مەبەستی برەودان و چۆنیەتیی رێکخستنەوەی هاماهەنگیی نێوان بەغدا و هەولێر لە بواری نەوت و کارەبا بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی هەموو گەلانی عێراق لەبەرچاو بگیرێت.