سياسەت

پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

- سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی: "پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی هەنگاوێکی مێژووییە بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر".

Sarmand Hameed  | 17.01.2020 - نوێکردنەوە : 24.01.2020
پەیامێک لە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە

Arbil

هەولێر - AA

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکات بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی کە یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ئەم یاسایە بە "هەنگاونانێکی مێژوویی بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر" ناودەبات.

ئەمەش دەقی پەیامەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە: 

دەستخۆشی لە پەرلەمانی کوردستان دەکەم بۆ پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی. ئەمە هەنگاوێکی مێژووییە بەرەو کوردستانێکی بەهێزتر. ئەم پرۆژەیە بەشێکی گرنگی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو بۆ وەڵامدانەوەی خواست وداوای هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی چاکسازی. ئامانجیش رێکخستنەوەی خەرجییە گشتییەکان و هێنانەدی دادپەروەرییە بۆ فەرمانبەران و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان.

دوای پێکهێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە تەمووزی ساڵی رابردوو، ئێمە دەستبەجێ لیژنەیەکی باڵامان لە حکوومەت پێکهێنا بۆ پێداچوونەوە و بەهێزکردنی رەشنووسی پڕۆژە یاسای چاکسازی.

هاوولاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە دەقی کۆتایی یاساکە دڵنیایی گرنگی تێدایە سەبارەت بە مووچە وئیمتیازاتەکانی فەرمانبەر و مووچەخۆران بە جۆرێک کە کەسانی شایستە مافەکانیان پارێزراو دەبێت.

چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و گشت کەرتەکان دەگرێتەوە. ئەم یاسایەش بەڵگەیەکی روونی دیکەیە لە سەر پابەندبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سنووردانان بۆ گەندەڵی و هەوڵدان بۆ بنبڕکردنی. هەروەها هەنگاوێکی گرنگیشە بەرەو حکوومەتێکی مۆدێرن و شەفاف و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و خزمەتکردنی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەبێ جیاوازی کە ئامانجی سەرەکی ئەم حکوومەتەیە.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın