Sarmand Hameed ,Rewa Mahmood Hasan
16 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2020
ھەولێر - AA
لەدوای بڕیاری ئەنجوومەنی سیاسیی نەوەی نوێ بە دەرکردنی پەرلەمانتار شادی نەوزاد لە ریزی بزووتنەوەکە و فراکسیۆنەکەیان لە پەرلەمانی کوردستان، شادی نەوزاد روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
پەرلەمانتار، شادی نەوزاد لەسەر بڕیارەکەی ئەنجوومەنی سیاسیی نەوەی نوێ لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک لەگەڵ وێنەی داواکارییەک کە ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی کردووە، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا رایگەیاندووە کە ئەو ھیچ پەیوەندییەکی بە جوڵانەوەی نەوەی نوێ نەماوە و وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ لە پەرلەمانی کوردستان بەردەوام دەبێت.
بەپێی داواکارییەکی شادی نەوزاد کە لە رێکەوتی ٢٠٢٠/١/١٥ ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی کردووە، ھەمان رۆژ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، ھێمن ھەورامی بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان رەزامەندی لەسەر داواکارییەکەی داوە و ئاراستەی بەڕێوبەرایەتی کاروباری پەرلەمانی کردووە کە شادی نەوزاد لەسەر داوای خۆی وەک پەرلەمانتاری سەربەخۆ بەردەوام دەبێت لەسەر کارەکەی.
شادی نەوزاد لە روونکردنەوەکەیدا نووسیوویەتی: "ھەمووان دەزانن من لەر بەرچاوی راگەیاندن و بۆ رای گشتی، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا چەند مانگ پێش ئێستا، باسی ئەوەم کرد کە شاسوار عەبدولواحید خیانەتی لە خۆبەخشانی نەوەی نوێ کردووە و بە پێچەوانەی بەڵێنەکان، نەوەی نوێی کردووە بە کۆمپانیای بنەماڵە و کردوویەتی بە قوربانی سەفەقات و عەقدی بازرگانی. لە خیانەتەکانی شاسوارەوە لە بەڵێنەکان تا ئێستا، من ھەمیشە وەک قاچاخچیەکی ساختەچی سەیری شاسوارم کردوە، بەڵام بۆ خاتری پاراستنی یەکڕیزی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ ھاوڕێکانم لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ مامەوە".
پەرلەمانتارەکەی کوردستان نووسیوویەتی: "دوای ھاتنە پێشەوەی پرۆژە یاسای چاکسازی، ئێمە بە ھاوکاری چەند پەرلەمانتارێکی دڵسۆز زۆر کارمانکرد کە ئەو کۆمپانیا چاوچنۆکانەی کە شاسوار یەکێکە لەوان، پێکەوە ھەزار ملیۆن دۆلاری حکوومەتیان لایە و حکوومەتیش چاوپۆشییان لێدەکات و لێیان وەرناگرێتەوە، ناچار بکرێن ئەو پارەیە بگێڕنەوە بۆ حکوومەت و حکوومەتیش بیدات بە کەمئەندامان و کەسوکاری شەھیدان و مووچە کەمەکان بەرز بکاتەوە، بۆیە شاسوار کە ٥٢ ملیۆن دۆلاری حکوومەتی لایە و بە سەفەقات و رێکەوتنی نھێنی و پشت پەردە نەیداوەتەوە حکوومەت، شێت و ھار بووە".
لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەی شادی نەوزاد ھاتووە: "من وەک پەرلەمانتارێک کە سوێندم خواردوە بەرژەوەندی خەڵک بخەمە سەروی بەرژەوەندی حیزبەوە، کاتێک بینیم شاسوار خەریکە مامەڵە بە فراکسیۆنەکەمانەوە دەکات و خەریکە لە پشتەوەی ئێمە رێکەوتنی نھێنی بکات و شکۆ و بڕیاری ئێمە بگۆڕێتەوە بۆ خاتری دەستبەسەراگرتنی ٥٢ ملیۆن دۆلارەکە، ئیتر بڕیاری کۆتاییم دا و بە فەرمی نامەی وازھێنانم لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ تەسلیمی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد. بۆیە من خۆم وازم لە فراکسیۆنی شاسواری قاچاخچی ھێناوە نەک بە پێچەوانەوە".
جێی ئاماژەیە، دوای پەسندکردنی پرۆژە یاسای چاکسازی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەنجوومەنی سیاسیی نەوەی نوێ لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند کە پەرلەمانتار شادی نەوزاد-ی لە بزووتنەوەکە دەرکردووە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە گەڕاندبووەوە کە ناوبراو پابەند نەبووە بەو سوێندەی کە خواردوویەتی و لەکاتێکدا پێش دەستبەکاربوونی وەک پەرلەمانتار بەڵێننامەی پێ واژوو کراوە، بەھیچ شێوەیەک مووچەی خانەنشینی وەرنەگرێت لەگەڵ سەرجەم پەرلەمانتارەکانی دیکەی فراکسیۆنەکەیان.
دوای زنجیرەیەک گفتوگۆ و دانیشتن لەبارەی پڕۆژەیاسای چاکسازی لە خانەنشینی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە ١٥ی ساڵی یەکەم لە خولی ھەڵبژاردنی پێنجەمی پەرلەماندا پرۆژە یاساکە بە کۆی ٨٩ دەنگ پەسەند کرا.
پڕۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە ھەرێمی کوردستان دوای چەندین گفتوگۆ لەنێوان پەرلەمان و حکوومەت بوو بە ٢١ ماددە و ئەمڕۆش لە دانیشتنی ئاسایی پەرلەمانی کوردستاندا بە زۆرینەی دەنگ پەسەند کرا.
لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا ھەریەک لە فراکسیۆنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی و نەوەی نوێ بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد و دەنگیان بە پڕۆژە یاساکە نەدا.