Hamit Hüseyin
14 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 15 شوبات 2016
فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان پڕۆژەیەک بۆ چاکسازی لە ھەرێمی کوردستان لە ژێر ناونیشانی "دۆخی ئێستای کوردستان پێویستی بە چارەسەری کردەییە" ئامادە کردووە و ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا لە بارەگای ئەو حزبە لە لایەن شوان قەڵادزەی راگەیەنرا.
سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی شوان قەڵادزەی لە کۆنگرەکەدا گوتی: "سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مسعود بارزانی لە (١٠)ساڵی ڕابردوودا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بووە و چەندین راوێژکاری لەبوارە جیاوازەکاندا ھەبووە، ئەگەر ئەو راوێژکارانە کاریان پێ سپێردرابێت و بە دڵسۆزی کاریان کردبێت، ئەوا بەدڵنیایی پێویستە بەڕیزیان تەواوی بۆشایی و کەم و کوڕی وکەم تەرخەمی و گەندەڵییەکان لە کوردستان بزانێت و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەی مەیدانیان لەگەڵدا بکات و لە نزیکترین کەسی خۆی دەست پێ بکات و پڕۆسەکەش بەردەوام بێت تا دواھەمین کەس و بەپەلە و لە ماوەیەکی دیاری کراودا لەپێناو چارەسەری قەیرانی سیاسی و دارایی و ئابووری کۆتایی بەم پڕۆسەیە بھێنرێت".
شوان قەڵادزەیی پڕۆژەکەی بۆ رای گشتی ئاشکرا کرد کە لە 13 خاڵ پێکهاتووە و گرنگترینیان باس لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکوومەت و هەروەها داوای لێپرسینەوە لەو بەپرسانە دەکات کە لە گەندەڵی تێوەگلاون.
سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی بەم شێوەیەی خوارەوە پرۆژەکەی راگەیاند:
١.ئاسایی کردنەوەی پەرلەمان و حکومەت، بەبێ پێویست بوونی کۆبونەوەی فراوان یا پێنج قۆڵی" چونکە لەکۆبوونەوەی زۆری بێ بەرھەم خەڵک تەواو بێزارو نیگەران بووە.
٢- بە ئامادەبوونی کۆسرەت رەسول عەلی بەوسیفەتەی لە (١٠)ساڵی رابردوودا جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بووە بانگھێشتی ھەردوو مەکتەبی سیاسی (PDKوPUK) یان سکرتێرەکانیان بکرێت، وەپابەند بکرێن بە ئامادەکردنی (حەوت ملیار دۆلار) کە (چوار ملیاری ) بۆپێدانی چوار مانگی موچەی فەرمانبەرانی ساڵی رابردووی (٢٠١٥)بێت ، چونکە لە ٢٤ ساڵی ڕابردوودا ئەوان حکومەت و ئیدارەی وڵاتیان بەڕێوە بردووە، وە پارتی بەرپرسیاری یەکەمە بەڕێژەیەکی باڵا ئینجا یەکێتی. وە لەسەر ئەو پێوەرە بچنە ژێرباری دانی ئەو بڕەیە.
٣- بانگھێشت کردنی وەزیری سامانە سروشتییەکان و جێگرەکەی و ڕاوێژکاران و بەرپرسی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی نەوت لەگەڵ ئەندامانی ئەنجومەنی نەوت و غازی ھەرێم بەمەبەستی کەشف کردنی داھاتی نەوتی بۆری و تانکەر بە وردی، وە گەڕاندنەوەی داھاتە کەو ڕەقەمی حسابە بانکییەکان لەدەرەوە و ناوەوەی وڵات و تەسلیم کردنی بەلیژنەیەکی باڵا کەسیمای بەرپرسانی پێشووی تێدا دووبارە نەبێتەوە" وە پەلەش بکرێت لەدروست کردنی (سندوقی کوردستان بۆداھاتی نەوت).
٤- سەرجەم بەرپرسانی حزبە دەسەڵاتدارەکان و حکومەت و ھەرکەسێکی تر لێکۆڵینەوە و سزادان وگرتن و دوور خستنەوە و زیندانی کردن و دەست بەسەردا گرتنی ماڵ و سامان بیانگرێتەوە لەدوای دادگایی کردنی عادیلانەیان.
٥- سەبارەت بەخانەنشین، ھەردوو مەکتەبی سیاسی حزبی دەسەڵاتدارو بەرپرسی یەکەی ٧٠ و ٨٠ و حزبەکانی تریش پابەند بکرێن لە ماوەیەکی دیاری کراودا ھەرکەسێک پێشمەرگایەتی نەکردبێت و قۆناغەکانی بەرپرسیاری نەبڕیبێت، یاخود سیخوڕی و جاشایەتی بۆ رژێم کردبێت و لەدژی میللەت وەستابێت لە لستی خانەنشین بسڕێتەوە، وەھەرکەسێکیش بووەتە ھۆی خانەنشین کردنی نایاسایی و پێدانی پلەی ناڕەوا توندترین سزای مادی و مەعنەوی بدرێت بەپێی یاسا.
٦- سەرجەم کۆمپانیاکان کە ژمارەیان لەسەروی (٢٠٠٠٠)ھەزار مەزەندە دەکرێت لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و پابەند بکرێن بە دانی باج و موچەی فەرمانبەران، ھەرکۆمپانیایەک لەسەرداھاتی خەڵک سەرمایەی کۆکردبێتەوە دەست بەسەرسامان و داھاتەکەیدا بگیرێت و ناوی ئەو حزب و کەسەش کە لەپشتی بووە ئاشکرا بکرێت و توندترین سزا بدریت.
٧- ھێزەکانی پێشمەرگە: ئەوانەی بەکردەیی پێشمەرگەن وئەرکی پێشمەرگایەتی و بەرگری ئەنجام ئەدەن جیا بکرێنەوەو ژیان و گوزەرانیان باشتر بکرێت، ئەوانەی تریش لەلستی پێشمەرگایەتی بسڕێنەوەو ھەرکەسێک ناوی تۆمارکردبوون سزا بدرێت، ھەمان پێوەریش بۆھێزەکانی ئاسایش و ناوخۆ پەیڕەو بکرێت.
٨- لیژنەیەکی پسپۆڕ و شارەزا ئەرکی کۆکردنەوە و سەرپەرشتی داھاتی فڕۆکەخانەکان و گومرگی خاڵە سنورییەکان وباج و دەرامەتی ناوخۆ بکات بە شەفافانە و دیاری کراوی بیداتە گەنجینەی گشتی لە وەزارەتی دارایی.
٩- ڕاگەیاندن جگە لە داھات و قوتی خەڵک بەچ سامانێک و پارەی کێ ئەم ھەموو کەناڵانە بەڕێوە ئەچن،ھەریەکەیان ئیمپراتۆریەتێک تێچوون و کارمەندی ھەیە ، لەبەر ئەوە پێویستە ژمارەیان کەم بکرێنەوە و ڕێکبخرێن و داھاتەکەیان ئاشکرا بکرێت و بۆ بودجەی گشتی بگەڕێتەوە.
١٠- لێ سەندنەوە و دەست بەسەرداگرتنی پاسەپۆرتی ناوخۆو دەرەکی ھەموو ئەو بەرپرسە حزبی و حکومیانەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا تێوە گلاون لە بەھەدەردانی داھاتی وڵات وبەکارھێنانی پلەکانیان بۆ قۆرخکردنی سامانی گشتی بۆبەرژەوەندی تایبەت، وە پێدانی لستی ناوەکانیان بە فڕۆکەخانەکانی بەغداد و کوردستان بەمەبەستی قەدەغەکردنی سەفەرو گەشتکردن لێ یان بۆدەرەوەی کوردستان و عێراق تا ئەو کاتەی دادگایی و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا تەواو ئەکرێت.
١١- لێ پرسینەوە لەو بەرپرسە باڵایانەی مەدەنی و سەربازی کە نوێنەرایەتی کوردیان کردووە لە بەغداد، بەڵام کەم تەخەم بوون بەرامبەر داکۆکی کردن لە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان و جێبەجێ کردنی مادەی ١٤٠.
١٢- پاککردنەوە و بژارکردن و جیاکردنەوەی لیستی فەرمانبەرانی ڕاستەقینەی کوردستان کە ئەرکی خۆیان جێبەجێ دەکەن لە دام و دەزگاکانی حکومەت لەو فەرمانبەرانەی کە تەنھا مووچە وەردەگرن و ئەرکیان نییە.
١٣- لە دوای ئەنجام دانی ئەم خاڵانەو بەرجەستەکردنیان بەدڵنیایی قەیرانی سیاسی و مووچە و دارایی و ئابوری و شپرزەیی دەروونی کۆمەڵایەتی کۆتایی پێ دێت وئارامی نەفسی ئەگەرێتەوە بۆ کوردستان" لەوکاتەشدا بەشکۆمەندییەوە کاک مەسعود ئەتوانێت بە خەڵکی کوردستان و پەرلەمان بڵێت (فەرمون کێشەی یاسایی سەرۆکایەتی ھەرێم کە تەواو بووە چارەسەر بکەن و ئەو کاتەش بە یاسا کێ بووە سەرۆکی ھەرێم ئێمەش ھاوکارئەبین بۆخزمەتی میللە تەکەمان وناھێڵین خوێنی شەھیدە سەربەرزەکانی کوردستان بەفیرۆ بروات، گومانیشی تێدانییە لەزەمینەیەکی ئاوا گونجاویشدا ڕیفراندۆم بۆسەربەخۆیی و ئیعلانی دەوڵەتی کوردی لۆژیکیانەترو زانستیانە تر ئەبێت.