Hawkar Yaseen
06 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 06 ئەیلوول 2020
هەولێر AA
بڕیارە ئەمڕۆ، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی بە سەردانێک بێتە هەولێر و ژمارەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی سیاسیی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات پەیوەست بە هەڵبژاردنەکانی شەشی حوزیرانی ٢٠٢١.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو محەمەد حەلبوسی بۆ دوو بابەت دێتە هەولێر، یەکەم وەرگرتنی بۆچوونی لایەنە کوردییەکان لەسەر دیاریکردنی رۆژێک بۆ هەڵبژاردنە پێشوەختەکەی عێراق و دووەم یەکلایی کردنەوەی بازنەکانی هەڵبژاردن کە ئەم خاڵەیان بەپێی یاسای نوێی هەڵبژاردنەکان، هەر پارێزگایەکی عێراق دەکرێتە چەند بازنەیەک لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوانی قەزاکان و کوردیش بەمە ناڕازییە.
بڕیاروایە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی لەگەڵ سەرکردایەتی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە و بۆچوونیان وەربگرێت لەسەر شێوازی داڕشتنی بازنەکانی هەڵبژاردن.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو سەردانەکەی محەمەد حەلبوسی بۆ هەولێر ئێوارەی ئەمڕۆ دەبێت، بەڵام سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڤیان سەبری بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "زانیارییم نییە لەسەر سەردانەکە و نازانم کەی دەبێت، بڕیاروایە سەردانی هەولێر بکات، بەڵام نازانم کەی و چۆن دێت".