Zana Natık Kerem
19 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 20 حوزەیران 2017
بەغدا ــ AA
سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند كە عێراق نابێتە لایەنێك لە هەر ململانێیەك لە نێوان وڵاتان و جەختی كردەوە كە عێراق ناچێتە پاڵ هیچ لە وڵاتانی ناوچەكە.
ئەم قسەیەی سەرۆكوەزیرانی عێراق لە میانی گوتەیەك هات كە بەر لە بەڕێكەوتنی بەرەو سعوودیە پێشكەشی كرد.
لەو گوتەیەدا كە كەناڵی نیمچە فەرمی عێراقییە بڵاوی كردەوە، حەیدرە عەبادی گوتی: "لە چوارچێوەی گەشتێكدا و لە پێناو پتەوكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان سەردانی ژمارەیەك وڵاتانی دراوسێی هەرێمی دەكەین".
سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا كە عێراق سەركەوتنی دژبە داعش بەدەست هێنا و ئێستایشدا عێراق دەیەوێت هەماهەنگ بێت لەگەڵ وڵاتانی هەرێمی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
حەیدەر عەبادی جەختی كردەوە كە بەهیچ شێوەیەك عێراق نابێتە بەشێك لە هەر ململانێیەكی نێوان وڵاتان و هەروەها خاكەكەشی نابێتە شوێنێك بۆ هێرشكردنی دوژمناكارانە بۆ سەر هیچ وڵاتێكی دراوسێ و گوتیشی: "دوای شەڕی تیرۆر، عێراق دەیەوێت بەرگری لە ناوچە سنوورییەكانی بكات".
سەرۆكوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا كە دەیانەوێت لەسەر بنەمای رێزگرتنی سەروەری پەیوەندییەكی نوێ و باشیان لەگەڵ وڵاتانی هەرێمییدا هەبێت و عێراق ناچێتە پاڵ هیچ وڵاتێك و دوور دەبێت لە سیاسەتی میحورەكان و شەڕی وێرانكاری.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، حەیدەر عەبادی بە سەرۆكایەتی شاندێكی وەزاری حكوومەتەكەی، گەشتێكی هەرێمی دەستپێكرد كە هەر یەك لە سعوودیە، كوێت و ئێران دەگرێتەوە.
لەمبارەیەوە سەرچاوەیەكی باڵا لە حكوومەتی عێراق بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند كە سەردانەكەی حەیدەر عەبادی بۆ سعوودیە، ئێران و كوێت سێ رۆژ دەخایەنێت.
سەرچاوەكە گوتیشی: "حەیدەر عەبادی ئەمڕۆ لە سعوودیە دەبێت و سبەی سێشەممە سەردانی ئێران دەكات و رۆژی چوارشەممەش دەچێتە كوێت".
بە گوتەی سەرچاوەكە، لەم گەشتیەی دا حەیدەر عەبادی جەختی لەسەر بونیادنانی پەیوەندییەكی باشی دراوسێنەی عێراق لەگەڵ ئەو وڵاتانە دەكاتەوە و هەروەها هەڵوێستی خۆشی لەسەر سەپاندنی گەمارۆ بۆ سەر هەر وڵاتێك لە ناوچەكە رەت دەكاتەوە.