ھەولێر - AA
ئاژانسی ئانادۆڵو ھەنگاوەکانی خولی نوێی پەرلەمان و پێکھێنانی کابینەی حکوومەت و ھەڵبژاردنی سەرکۆماری عێراق بەپێی ماددە دەستوورییەکان دەخاتەڕوو.
١٢ی ئەم مانگە عێراقییەکان چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆیان دا، لەگەڵ ئەوەی رێژەی دەنگدان ٤٤،٥٢ لەسەدی تێپەڕنەکرد، بەڵام دواجار ئەنجامەکانیش راگەیەنراون و چاوەڕوانی دادگەی باڵای فیدڕاڵی دەکرێت بۆ پەسەندکردنی.
لە عێراق لەدوای ھەر ھەڵبژاردنێک ھاوشێوەی ھەر وڵاتێکی دیکە چەند رێوشوێنێکی یاسایی و دەستووری ھەیە بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و پێکھێنانی کابینەی حکوومەت و دیاریکردنی پۆستی سەرکۆمار و ئەوانی دیکەش.
- "سەرۆکایەتی پەرلەمان، پاشان سەرکۆمار، ئینجا پێکھێنانی کابینەی نوێ"
بەگشتی لە عێراقدا و بەپێی دەستوور دەبێت لەماوەی ٩٠ رۆژدا پرسی پێکھێنانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و دەستپێکردنی کارەکانی و دیاریکردنی حکوومەتی نوێ و سەرۆکایەتی کۆماریش یەکلایی دەبنەوە.
لەسەرەتادا و لە ھەنگاوی یەکەمدا لەدوای پەسەندکردنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنە گشتییەکان و بە نووسراوی رەسمی، بەپێی ماددەی ٥٤ی دەستووری عێراق سەرکۆماری عێراق داوا دەکات ئەنجوومەنی نوێنەران لەماوەی ١٥ رۆژ یەکەمین دانیشتنی خۆی سازبدات کە بەسەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندام بەڕێوەدەچێت، ئەم دانیشتنەش بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەن و دوو جێگرەکەی دەبێت، ناشبێت ئەم ماوەیە زیادبکرێت تەنھا یەک جار نەبێت و بۆ ١٥ رۆژی دیکە ئەگەر لە دانیشتنی یەکەم ئەو دەستەیە ھەڵنەبژێردرا.
ھەرچی پەیوەستە بە دەنگی پێویست بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەوا بەپێی ماددەی ٥٥ی دەستووری عێراق ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە یەکەم دانیشتنیدا سەرۆک و پاشان جێگری یەکەم و دووەمی بەدەنگی زۆرینەی رەھای ئەندامانی ھەڵدەبژێرێت و بە دەنگدانی نھێنی کە بەپێی ئەم ماددەیە بێت ئەوا بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و جێگرانی ئەوا پێویست بە بەدەستھێنانی دەنگی ٥٠+١ی پەرلەمانتاران دەبێت کە بەو پێیەی ئەنجوومەنی نوێنەران ٣٢٩ ئەندامی دەبێت کەوایە دەکاتە ١٦٥ دەنگ.
راوێژکاری یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان، دانا دارا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بۆ چۆنیەتی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و دەستپێکردنی خولی نوێ لە دوای ھەڵبژاردنە گشتییەکەی ١٢ی ئەم مانگە دەکات و رایدەگەیەنێت "پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بەپێی دەستووری ھەمیشەیی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٠٥ پێویستە لەچوارچێوەی سەقفێکی کاتیی دیاریکرداودا بێت کە بریتییە لە ٩٠ رۆژ، پڕۆسەکە بە کۆتایی ھاتنی راستاندنی ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان لە لایەن دادگەی باڵای فیدڕاڵییەوە دەبێت، ئەگەر ئەم دادگەیە ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی بەتەواوەتی پەسەندکرد پێویستە ئەندامی خولی نوێ ئامادەی دانیشتن ببن، سەرکۆمار پێویستە لە ماوەی ١٥ رۆژ بانگھێشت بکات بۆ دانیشتنی یەکەمی خولی نوێی پەرلەمان ئەمەش بە مەرسومێکی کۆماری، پەرلەمانیش پێویستە دەستەی سەرۆکایەتی کە لە سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و دوو جێگری ھەڵبژێرن، ئەوانیش لەماوەیەکی دیاریکراودا دەبێت سەرۆکی نوێ ھەڵبژێرن، پاشان سەرکۆمار گەورەترین کوتلە رادەسپێرێت بۆ ئەوەی حکوومەت دروست بکات، ئەمەش مەرج نییە ئەو کوتلەیەی بێت کە لە ھەڵبژاردن دەنگی یەکەمی ھێناوە، بەڵکو دەکرێت ئەو کوتلەیە بێت کە لەنێو پەرلەماندا لە ئەنجامی ھاوپەیمانی چەند کوتلەیەک گەورەترین کوتلە دروست دەکەن".
ھەروەھا گوتیشی: "سەرکۆمار لە قەوارەی زۆرینە داوا دەکات کابینە دروست بکات و لەماوەیەک کە ٣٠ رۆژ تێپەڕ نەکات و دواتر بە زۆرینەی رەھا پەسەند دەکرێن لە لایەن پەرلەمانەوە یان نا، ئەگەر ئەمە رووینەدا ئەوا سەرکۆمار جارێکی دیکە کەسێکی دیکە بۆ پێکھێنانی کابینەکە رادەسپێرێت، کەواتە بەگشتی پێکھێنانی حکوومەت لەماوەیەکی دیاریکراو دەبێت پێکبھێنرێت، بەڵام ئەزموونی پێشوو ئەوە دەردەخات پێشتر ھیچ کاتێک کابینەکانی حکوومەتی عێراق لەکاتی خۆیاندا تەواونەبووە، بەتایبەت دۆخی ئێستا کە کورد بەپەرتەوازەیی چووە، ماڵی شیعە کە خۆی وایە، سوننەکان زۆر پەرتەوازەبوون، بۆیە ئەگەری زۆرە ماوەی پێکھێنانی حکوومەت درێژ ببێتەوە".
- "سەرکۆمار پێویستی بە ٢٢٠ دەنگ ھەیە"
ھەنگاوی دووەم لەدوای ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بریتییە لە ھەڵبژاردنی سەرکۆمار کە ئەویش بەپێی دەستوور دیاریکراوە.
ھەرچی ماددەی ٧٠یە باس لەوە دەکات کە ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی سەرکۆمار ھەڵدەبژێرێت لەدوای دانیشتنی یەکەمی، واتە دەبێت ئەو کەسەی کاندید دەبێت بۆ ئەو پۆستە دەنگی ٢٢٠ ئەندام بەدەست بھێنێت، ئەگەریش ھیچ کاندیدێک ئەو دەنگەی نەھێنا رکابەرایەتییەکە لە نێوان ئەو دوو کاندیدە دەبێت کە زۆرترین دەنگ بەدەست دەھێنێت.
بەپێی دەستووری ھەمیشەیی عێراق سەرکۆمار دەتوانێت دووجار خۆی بۆ ئەو پۆستە کاندید بکات و ویلایەتەکەی لەگەڵ کۆتایی ھاتنی ویلایەتی پەرلەمان کۆتایی پێدێت، بەڵام بەردەوام دەبێت لە کارەکانی تا ھەڵبژاردنی خولی نوێی ئەنجوومەنی نوێنەرانی نوێ و کۆبوونەوەی و دەبێت لەماوەی ٣٠ رۆژ لە بەرواری یەکەمین کۆبوونەوەی خولی نوێی ئەنجوومەن سەرکۆمار دیاری بکرێت.
ماددەی ٦٨ لە دەستوور مەرجەکانی کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرکۆمار بەمشێوەیە دیاریکردووە ئەوانیش "عێراقی بێت، واتە لەدایک و باوکێکی عێراقی بێت، تەواو شیاو بێت و ٤٠ ساڵی تەمەنی تەواوکردبێت، خاوەنی ناوبانگێکی باش و ئەزموونێکی سیاسی چاک بێت و شاھێدی بۆ بدرێت بە پاکی و راستی و دادپەروەری و دڵسۆزی بۆ نیشتمان، بەھیچ تاوانێکی پەیوەنددار بە شەرەفەوە حوکم نەدرابێت".
ماددەی ٧٦ی دەستووری عێراق دەڵێت سەرکۆمار کاندیدی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی رادەسپێرێت بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت و لەماوەی ١٥ رۆژ لە ھەڵبژاردنی سەرکۆمار.
لە بڕگەی دووەمی ئەو ماددەیە ھاتووە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی راسپێردراو ھەڵدەستێت بە دیاریکردنی ئەندامانی کابینەکەی لەماوەیەک کە لە مانگێک تێپەڕ نەکات.
بڕگەی سێیەمیش باس لەوە دەکات سەرکۆمار کاندیدێکی دیکە رادەسپێرێت بۆ سەرۆکایەتی وەزیران لەماوەی ١٥ رۆژ ئەگەر سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی راسپێردراو نەیتوانی کابینەکەی دروست بکات.
بڕگەی چوارەمی ئەو ماددەیەش دەڵێت سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی راسپێردراو ئەندامانی کابینەکەی و بەرنامەی کارەکەی دەخاتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و کاتێک وەزیرەکان دانە بەدانە و بەرنامەی کارەکەی کابینەکە بە زۆرینەی رەھا دەنگی ھێنا بە پەسەندکراو دادەنرێت.
ھەر لە بڕگەی پێنجەمی ئەو ماددەیە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەگەر کابینەکەی ئەو کاندیدە پەسەند نەکرا دەبێت سەرکۆمار لەماوەی ١٥ رۆژ کاندیدێکی دیکە راسپێرێت بە پێکھێنانی کابینەی حکوومەت.
ماددەی ٧٧ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق باس لەوە دەکات کە ئەوەی پێویستە لە مەرجەکانی سەرکۆماری عێراق دەبێت لە سەرۆکوەزیرانیشدا ھەبێت و خاوەنی بڕوانامەی زانکۆیی بێت و ٣٥ ساڵ تەمەنی تەواوکردبێت.
وەزیریش مەرجی ئەوەی ھەیە کە ھەرچی لە پەرلەمانتاردا ھەیە لەویشدا ھەبێت و بڕوانامەی زانکۆیی ھەبێت.
سەبارەت بە ئەگەری پێکھێنانی زۆرینە و درێژەکێشانی پێکھێنانی حکوومەت ئەو پسپۆڕە یاساییە دەڵێت پێکھێنانی حکوومەت زۆر دەکێشێت، دانا دارا دەشڵێت "حکوومەتی زۆرینە داخوازییەکی زۆرینەی شیعەکان بوو، داخوازییەکی یاساییشە، بەڵام ئەگەری ھەیە مەترسی دروست بکات لەسەر پڕۆسەی دیموکراسییەتی تەوافوقی، ئەم جۆرە تەوافوق و سازانەی دروست بووە لەنێو پێکھاتەکان ئەو زۆرینەیە تێکی دەدات، ئەوکات پەراوێزخستنێک بۆ کورد و سوننەش دروست دەبێت، یان ئەو قەوارانەی کە لەگەڵ زۆرینە نیین، ئەو کات شیعە جۆرێک لە تاکڕەویی دەکات لە دەسەڵات و ئەمانگەڕێنێتەوە بۆ دەسەڵاتی مەرکەزی، ئەمجارە ئەمریکا بەھێزترە لە نزیکترینی ئەو قەوارانەی دەنگی زۆریان ھێناوە، باوەڕناکەم ئەمریکا بەو مەسەلەیە رازی ببێت، بۆیە ئەگەری زۆری ھەیە کاراکتەری سەرەکی لە پێکھێنانی کابینەی نوێ ئەمریکا بێت نەوەک ئێران، وە ئەمریکا پێی باشە بەلانیکەم ئەم تەوافوقە بۆ چوار ساڵی داھاتووش بمێنێتەوە".
ماددەی ٥٦ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق ئەوەی روونکردووەتەوە کە خولی ھەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق چوار ساڵ دەبێت، بە یەکەمین دانیشتن دەست پێدەکات و لە کۆتایی ساڵی چوارەم کۆتایی پێ دێت.
ماددەی ٥٧یش باس لەوە دەکات ئەنجوومەنی نوێنەران ساڵانە دووخولی یاسادانانی دەبێت کە لە هەشت مانگ تێپەڕ ناکات.
١٢ی ئەم مانگە ھەڵبژاردنی عێراق بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، لەو ھەڵبژاردنەدا، ٢٤ ملیۆن و ٣٥٢ ھەزارو ٢٥٣ کەس بۆیان ھەبوو دەنگ بدەن. لە ھەڵبژاردنی گشتیدا، ٩ ملیۆن و ٩٥٢ ھەزارو ٢٤٦ کەس دەنگییان دا، ھەرچی لە ھەڵبژاردنی تایبەتیشە ٧٠٩ ھەزارو ٣٩٦ کەس دەنگی خۆیان دا. لە دەنگدەرانی دەرەوەی عێراقیش ١٧٩ ھەزارو ٣٢٩ کەس دەنگی خۆیان دا، بەو پێیە ژمارەی ئەو کەسانەی دەنگییان دا گەیشتە ١٠ ملیۆن و ٨٤٠ ھەزارو ٩٨٩ کەس کە رێژەی ٤٤،٥٢ لەسەدی کۆی ئەوانە دەکات کە بۆیان ھەبوو دەنگ بدەن.
راوێژکارە یاساییەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەکۆتایی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە ئەگەرچی ئێران کاراکتەری بەھێزە لە ناوچەکە و لە عێراق بەتایبەت، بەڵام ئەو لیستانەی کە زۆرینەیان ھێناوە بەتایبەت لیستی سائیرون لە ھەرێمی کوردستانیش یەکێتی و پارتی لە ئەمریکاوە نزیکن و ئەمریکا قسەی یەکەمی دەبێت.
news_share_descriptionsubscription_contact

