Zana Natık Kerem
22 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 23 مای,س 2018
بەغدا ــ AA
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، عەبدولسەتار بەیرەقدار رایگەیاند، دادگای تاوانەکانی ناوەندی، سزای لەسێدارەدانی بۆ گەورە تیرۆریستی داعش، تارق جەدعون ناسراو بە "ئەبو حەمزە بەلجیکی"، دەرکردووە.
لە بەیاننامەیەکدا عەبدولسەتار بەیرەقدار ئاماژەی بەوەداوە، دەستەی دوو لە دادگای تاوانەکانی ناوەندی رەسافە پێداچوونەوەی کردووە بۆ کەیسی تاوانبار و گەورە تیرۆریستی داعش، تارق جەدعون ناسراو بە ئەبو حەمزە بەلجیکی.
بە پێی بەیاننامەکە، ئەبو حەمزە بەلجیکی لە ژمارەیەک ھێرشی داعشدا بەشداریکردووە، ھەروەھا بەرپرسی مەشق و راھێنان بە ناو "بەچکەشێرانی خەلافەت" لە عێراق و سووریا بووە.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق راشیگەیاندووە کە ئەبو حەمزە بەلجیکی ھەڵگری رەگەزنانەی مەغریبییە و لە گرنگترین تیرۆریستە داواکراوەکانە کە بۆ داعش لە عێراق و سووریا شەڕی کردووە.
عەبدولسەتار بەیرەقدار باسی لەوەشکردووە کە دوای پێداچوونەوەکە، دەستەی دوو لە دادگای تاوانەکانی ناوەندی رەسافە پشتبەستن بە ماددەی چوار لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەبو حەمزە بەلجیکی دەرکردووە.