05 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 05 ئەیلوول 2018
بەسرە ــ AA
خۆپیشاندان لە پارێزگای بەسرە بۆ باشکردنی رەوشی خزمەتگوزارییەکان، رەخساندنی دەرفەتی کار، ھەروەھا بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستیپێکردەوە، ھاوکات نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، نیگەرانی خۆی لە بەرامبەر رووداو و پێشهاتەکانی شاری بەسرە دەربڕی.
خۆپیشاندانەکان دوای ئەوە لە بەسرە دەستیپێکردەوە کە درەنگانی شەوی رابردوو بە ھۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان لە ناوەڕاستی شاری بەسرە، شەش خۆپیشاندەر کوژران و ژمارەیەک خۆپیشاندەر و کارمەندی ھێزە ئەمنییەکانیش برینداربوون.
سەدان کەس لە دانیشتوی ناحیەی ھارسە باکووری رۆژھەڵاتی پارێزگای بەسرە لە بەردەم پڕۆژەی ئاوی گەورەی بەسرە گردبوونەوە و داوایان کرد ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین بکرێت، دەرەفەتی کاریان بۆ برەخسێندرێت، ھەروەھا بەرپرسانی ئەمنی لە پۆستەکانیان دوور بخرێنەوە، بە تایبەتیش دوای ئەوەی لە خۆپیشاندانەکانی شەوی رابردوودا، شەش خۆپیشاندەر کوژراون.
خۆپیشاندەران ھەڕەشەی ئەوەشیان کردووە ئەگەر حکوومەت بە دەم داواکارییەکانیانەوە نەیت، ئەوا دەست بە مانگرتن دەکەن.
ھاوکات لە ناوەندی قەزای زوبێر باشووری پارێزگای بەسرە، ھاووڵاتییان دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.
یەکێک لە خۆپیشاندەران بە ناوی ھانی عەبد حوسێن لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەدان خۆپیشاندەر بە مەبەستی ئیدانەکردنی سیاسەتی ئابووری حکوومەت لە ناوەڕاستی قەزای زوبێر گردبوونەوە".
ھانی عەبد حوسێن گوتیشی: "خۆپیشاندەران داوایان کرد تەقە لە خۆپیشاندەران نەکرێت، ھەروەھا خزمەتگوزارییان بۆ دابین بکرێت و دەرفەتی کارشیان بۆ بڕەخسێندرێت".
ناوبراو ھۆشداری دا ئەگەر تەقەکردن لە خۆپیشاندەران رانەگیرێت، ئەوا لە بەرامبەردا خۆپیشاندەران پەنا بۆ بەرگریکردن لە خۆیان دەبەن.
دوێنێ سێشەممە سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاندبوو کە فەرمانیان داوەتە ھێزە ئەمنییەکان لەوەی بە ھیچ شێوەیەک تەقە لە خۆپیشاندەران نەکەن و ئاماژەی بەوەشداوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە کوژرانی خۆپیشاندەران لە بەسرە دەکۆڵنەوە.
دەرنگانی شەوی رابردوو، خۆپیشاندان لە ناوەڕاستی شاری بەسرە دەستیپێکردبوو کە لە میانیدا خۆپیشاندەران باڵەخانەی ئەنجوومەنی پارێزگاکەیان سووتاند و بە ھۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان خۆپیشاندەران و ھێزە ئەمنییەکان روویدابوو.
بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی ئەو خۆپیشاندەرانەی کە لە میانی خۆپیشاندانەکانی دەرنگانی شەوی رابردوو لە بەسرە کوژراوان، بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە شەش کەس.
لای خۆیەوە نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، یان کوبیش رایگەیاند لە بەرامبەر ئەوەی لە میانی خۆپیشاندانەکانی شاری بەسرە، ژمارەیەک خۆپیشاندەران بوونەتە قوربانی، ھەست بە نیگەرانی دەکات.
لە راگەیەندراوێکدا، بان کوبیش داوای ھێوربوونەوەی رەوشەکەی کردووە، ھانی بەرپرسانی داوە کە بە ھیچ شێوەیەک ھێز بەرامبەر خۆپیشاندەران بەکار نەھێنن و گیانی خۆپیشاندەران بپارێزن.
نێردەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داواشی کردووە لێکۆڵینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکرێت کە بەرپرسان لە گرژی و ئاڵۆزییەکانی شاری بەسرە.
یان کوبیش داوای ئەوشی کردووە کە ھەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خۆپیشاندەران کە تایبەتن بە دابینکردنی ئاوی خواردنەوە و کارەبا چڕ بکرێنەوە.