Azad Mohammed Abdullah
22 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2019
هەولێر - AA
بەرپرسى لقى ١٥ى خانەقینى پارتى دیموکراتى کوردستان، شێخ جەعفەر مستەفا رایگەیاند "شاندێکى ئەمریکا سەردانى سنوورى قەزاى خانەقین-یان کرد و بە بەرپرسانى ناوچەکەیان راگەیاند کە ئەمریکا دەگەڕێتەوە ئەو شوێنانەى بەرلە شەڕى داعش تیایدا جێگیربوون".
شێخ جەعفەر مستەفا لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: " دوو رۆژ لەمەوبەر شاندێکى سەربازى ئەمریکى کە بە فڕۆکە پاسەوانى دەکران سەردانى سنوورى قەزاى خانەقین-یان کرد و لە سەردانەکەیاندا چاویان بە بەرپرسان و فەرماندەکانى لیواى سێى هاوبەش کەوت و دواتر شوێنە کۆنەکانى خۆیان کە بەرلە جەنگى داعشدا تیایدا بوون بەسەرکردەوە".
ئەو گوتیشى: "ئەمریکا دەیەوێت لە سەربازگەى کۆبرا لە نێوان گوڵالە (جەلەولا) و سەعدییە و لە سەربازگەى باخچە و لە سەربازگەیەکى خانەقین جێگیربێت، ئامانجى سەربازى ئەمریکا لە زیادبوونى جموجۆڵەکانى لە عێراق جێگیربوونى ئەمریکا، هێزەکانى پێشمەرگە و سوپاى عێراقە بە هاوبەشى لە تەواوى ناوچەکانى ماددەى ١٤٠ کە لە دەستوورى عێراق بە ناوچە کێشە لەسەرەکان ناوزەندکراوە، هەروەها رێگەگرتنە لە سەرهەڵدانەوەى داعش لە ناوچەکە و هەموو عێراق، چونکە داعش رۆژانە بە بەر چاوى هێزەکانى ناوچەکە چالاکى تیرۆرى ئەنجام دەدات".
بەرپرسى لقى ١٥ى خانەقینى پارتى دیموکراتى کوردستان دەڵێت "ئامانجى سیاسى لەپشت ئەو جموجۆڵە سەربازییانەى ئەمریکا، کەمکردنەوەى هەژموونى ئێرانە لەسەر عێراق و دەرکردنى حەشدى شەعبییە لەو ناوچانەى ئەمریکا دەیەوێت لێى جێگیربێت".
دەشڵێت "ئەو گرووپانەى حەشدى شەعبى کە هەڕەشە لە ئەمریکا دەکەن بە تایبەتى سەرایا سەلام و عەسائیبى ئەهلى حەق دواى زیادبوونى جموجۆڵى ئەمریکا لە سنوورى قەزاى خانەقین ئەو ناوچانەیان چۆڵکردووە".
- "ئەمریکا نایەوێت ناوچە کێشە لەسەرەکان لەژێر کۆنتڕۆڵى حەشدى شەعبى بێت"
سەرۆکى لێژنەى ئاسایش و بەرگرى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا، هاشم بریفکانى لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو لەبارەى دوایین جموجۆڵەکانى ئەمریکا لە سنوورى مووسڵ گوتى: "ئامانج لە جێگیربوونی هێزە ئەمریکییەکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان و پارێزگاى نەینەوا وەدەرنانى حەشدى شەعبییە".
بریفکانى گوتیشى: ''ئەمریکا دەیەوێت پێگەى سەربازى خۆى لە سەرتاسەرى عێراق و شارە سوننە نشینەکان زیاتر بکات و بۆ ئەوەى هەژموونى وڵاتانى هەرێمى لە ناوچەکە لەسەر عێراق کەم بکاتەوە و دەرفەت بە هیچ وڵاتێک نەدات دەست لە کاروبارى عێراق وەربدات".
سەرۆکى لێژنەى ئاسایش و بەرگرى لە ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا دەڵێت "لەئێستادا جموجۆڵى داعش لە سنوورى پارێزگاى نەینەوا هەیە، یەکێکى دیکە لە ئامانجەکانى ئەمریکا رێگەگرتنە لە سەرهەڵدانەوەى داعش و نەهێشتنى هەڕەشەى ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە لەسەر دووەم گەورەترین پارێزگاى عێراق".
لەئێستادا ئەمریکا سەربازانى وڵاتەکەى لە پارێزگاى ئەنبار، کەرکووک، نەینەوا، سەڵاحەددین و شارەکانى وەکو تکریت جێگیرکردووە دەگوترێت ژمارەیەک بنکە و بارەگاى سەربازى لە دەشتى نەینەوا و نزیک لە بەنداوى مووسڵ دروستکردووە، بەڵام بەرپرسانى ئیدارى و حزبى لە ناوچەکە خۆیان لە درکاندنى زانیارى لەبارەى هێزە ئەمریکییەکان لەو ناوچانە دەپارێزن.