Rewa Mahmut Hasan,Muhammet Ali Kemal
04 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2017
غەززە - AA
سەرۆکی مەکتەبی سیاسی حەماس، ئیسماعیل هەنیە رایگەیاند کە بانگهێشتێکی دەزگای هەواڵگری میسریان قبووڵ کردووە کە تیایدا بڕیارە لە قاهیرەی پایتەخت لەگەڵ بزووتنەوەی فەتحدا بکەونە کۆبوونەوە.
لە میانی خوانێکدا کە بە بەشداری سەرۆکوەزیرانی حەماس لە فەڵەستین، رامی حەمدەڵڵا و ئەندامانی کابینەکەی رێکخرابوو، هەنیە ئاماژەی بەوەدا کە بانگهێشتێکی دەزگای هەواڵگری میسریان قبووڵ کردووە بۆ دەستپێکردنەوەی چاوپێککەوتنەکان لەگەڵ بزووتنەوەی فەتحدا تاکو لەسەر ئەو پرسانە دیالۆگ دروست بکەن کە هەڵپەسێردراون و بۆ ئەو مەبەستە رۆژی سێشەممە سەردانی قاهیرە دەکات.
هەنیە ئاماژەی بەوەدا کە لە دانیشتن و دیالۆگەکەدا، پرسی چارەسەری هەلی کارکردنی باش بۆ حکوومەت لە ناوەندێکی باشدا تاوتوێ دەکەن و گوتی: " دابەشبوون بۆ هەتاهەتایە داخراو. ئێمە لە قۆناغی دانوستانداین. دەرگایەکی گەورەمان کردەوە، هەوڵی هاوبەشی تەواوی گەل و گرووپە فەڵەستیەنیەکان هەیە بۆ گەیشتن بەسەرکەوتن لەم بوارەدا".
لە لایەکی ترەوە هەنیە ئاماژەی بەوەدا کە بۆ گەیشتن بە سەرکەوتنی دانوستانی نیشتیمانی، بزووتنەوەکەیان ئامادەی هەموو باجێکن.
هەنییە گوتیشی: ''چاوەڕوان دەکەین دەستەبەری یەکێتیی نیشتمانیی و سازان سەبارەت بە بڕیارە هاوبەشەکانی پەیوەست بە سیاسەت، بەرەنگاریی و جەنگ، بکرێت'' و خۆشحاڵی خۆیشی نیشاندا بە هەوڵی وڵاتە عەرەبییەکان بۆ دەستەبەرکردنی ئەو سازانە و لەسەرووی هەمووشیانەوە بە هەوڵەکانی میسر.
لایخۆیشییەوە سەرۆکوەزیرانی فەڵەستین، رامی حەمدەڵڵا رایگەیاند ''ئێمە خوازیاری ئەوەین کە سازانێکی راستەقینە بێتە ئاراوە و ئەرکەکان لە غەززە رادەستی حکوومەتێکی تەوافوقی نیشتمانیی بکرێت، بە مەبەستی دەستەبەرکردنی گەشەسەندنی زیاتر لە ناوچەکە''.
حەمدەڵڵا باسی لەوەشكردووە کە حەماس رۆڵێکی ستراتیجیی لە داوای فەڵەستیندا هەیە و داوای هەوڵی لایەنەکانی بۆ پتەوکردنی سازانەکەی غەززە کرد.
پێشتر هەنییە لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میسر، خالید فەوزیدا لە نووسینگەکەی خۆی لە غەززە کۆببوویەوە.
لە ساڵی ٢٠٠٦دا دوای ئەوەی حەماس هەڵبژاردنەکانی بردبوویەوە لە نێوان بزووتنەوەکە و بزووتنەوەی فەتحدا گرژیی درووستببوو، لەدوای پێکدادانەکانیش حەماس لە ساڵی ٢٠٠٧دا کۆنترۆڵی کەرتی غەززەی کردبوو.
حەماس و فەتح رۆژی ٢٣ی نیسانی ٢٠١٤ رێککەوتننامەیەکیان سەبارەت بە دامەزراندنی حکوومەتی یەکێتیی نیشتمانیی و ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان واژووکردبوو، لەدوای ئەوەش رۆژی دووی حوزەیرانی ٢٠١٤ حکوومەتی سازانی نیشتمانیی پێکهێنرابوو، بەڵام بە هۆی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان ئەو دوو لایەنەوە، حکوومەتەکە نەیتوانیبوو ئەرکەکانی لە غەززە جێبەجێ بکات.
مانگی ئازاری رابردوو بزووتنەوەی حەماس لیژنەیەکی ئیداریی بە مەبەستی بەڕێکردنی کارەکانی حکوومەتەکەیان لە غەززە، پێکهێنابوو، بەڵام لیژنەکە لە لایەن ئیدارەی فەڵەستینەوە رەتکرابوویەوە.