Hemn Baban
19 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 20 نیسان 2016
فەنووش دەڵێت 95 لەسەدی دانیشتوانی ناحییەكە و گوندەكانی گەڕاونەتەوە و 600 خێزانی ئاوارەشیان لەلایە.
سەرۆكی ئەنجوومەنی ناحییەی رەبیعە سەربە قەزای تەلەعفەر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەكانی ناحییەكەیان خراپە و حكوومەتی عێراقیش بۆ ئەو مەبەستە هاوكارییان ناكات، دەشڵێت تەنها 10 لەسەدی ئەو رێكخراوە بیانییانەی سەردانییان كردوون كاریان بۆ ناحییەكە كردووە.
حەسەن عەلی فەنووش لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ناحییەی رەبیعە پێش زیاتر لە ساڵێك و چوار مانگ لەمەوبەر لەدەستی داعش رزگاركرا، بەڵام زۆر بەدەستی كەمی خزمەتگوزارییەكان و وێرانیی ژێرخانەكەیەوە دەناڵێنێت، لەنێویاندا ئاو و كارەبا و تەندروستی، هەروەها هیچ پاڵپشتی و هاوكارییەكی ئەوتۆ لەلایەن حكوومەتی ناوەندیی و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانیشەوە نەكراوە".
فەنووش لەوبارەیەوە گوتی: "دوای رزگاركردنی ناحییەكە لەلایەن هێزە پاڵەوانەكانی پێشمەرگەوە نزیكەی 95 لەسەدی خێزانەكانی سەنتەری ناحییەكە و دەورووبەریشی گەڕاونەتەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوانەشی نەگەڕاونەتەوە بەهۆی ئەوەوەیە كە گیریان خواردووە و لە ناوچەكانی دیكەن و چەكدارانی داعش رێگانادەن بگەڕێنەوە، هەندێك خێزانیش لە هەرێمی كوردستانن و بەهۆی كەمی خزمەتگوزارییەكان نەگەڕاونەتەوە، هەروەها لەبەر هۆكاری ئەمنی هێشتا دانیشتوانی چەند گوندێك لەوانە مەحموودییە و سعوودییە و چەند گوندێكی دیكەش نەگەڕاونەتەوە بۆ شوێنی خۆیان، بەڵام بەرپرسانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەڵێنییان داوە لە چەند رۆژی داهاتوو رێگەیان پێبدرێت بگەڕێنەوە".
سەبارەت بە باری ئاسایشی ناحییەكەش ناوبراو گوتی: "ناحییەی رەبیعە سەد لە سەد ئاسایشی پارێزراوە بەتایبەت لە دوای رزگاركردنی قەزای شەنگال لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە، ئێستا داعش زیاتر لە 100 كیلۆمەتر لە ناحییەی رەبیعەوە دوورە".
رەبیعە لە ساڵی 1960 كراوە بە ناحییە، لە باكووری رۆژئاوا سووریا و رۆژهەڵات و باكووری رۆژهەڵات ناحییەی زوممار و لە باشووریشەوە ناحییەی سنوونێ و عەیازییە هاوسنوورن لەگەڵیدا، لە 80 گوند پێكدێت كە ژمارەی دانیشتوانەكەی 84 هەزار كەس لە 14,500 خێزان پێكدێت، لە هەردوو نەتەوەی عەرەب و كورد پێكدێت.
لەو 80 گوندەی ناحییەكە حەوت گوندیان كوردنشینە، و حەوتی دیكەشیان لە عەشیرەتی جحێشن، 66 گوندیشی دانیشتوانەكەی لە عەشیرەتی شەمەرن.
سەرۆكی ئەنجوومەنی ناحییەی رەبیعە لە درێژەی قسەكانیدا باسی لەوە كرد كە 50 بۆ 60 لەسەدی گەنجانی ناحییەكە بێكار ماونەتەوە و داخستنی دەروازەی سنووری رەبیعە لەگەڵ سووریا هۆكاری سەرەكیی ئەو رێژە زۆرەی بێكارییە، لەوبارەیەوە ناوبراو دەڵێت: "پاش هێرشەكانی داعش بۆ ناوچەكە و ناحییەی رەبیعە و دواتر لێكەوتەكانی ئێستا 50 بۆ 60 لەسەدی گەنجانی ناحییەكە بێكارن، هەرچەندە بارودۆخی ئاسایش زۆر باشە و هەماهەنگیی نێوان خەڵك و دەزگا ئەمنییەكان زۆر باشە، بەڵام بێكاری زۆر بووە".
دەشڵێت "ئابووریی ناحییەی رەبیعە بە پلەی یەكەم پشت بە كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و دەروازەی سنووریی نێوان عێراق و سووریا دەبەستێت، بەڵام پاش داخستنی دەروازە بێكاری زۆر بووە".
سەبارەت بە داخستن و ئەگەری كردنەوەی دەروازە سنوورییەكەی نێوان عێراق و سووریا لە نزیك ئەو ناحییەیە ناوبراو گوتی: "باوەڕناكەم ئێستا دەروازەكە بكرێتەوە، چونكە لایەنی دووەمی دەروازەكە لە سووریا پارتی كرێكارانی كوردستان یەپەگە كۆنتڕۆڵیان كردووە و دەڵێن هەتا حكوومەتی ناوەندی نەیەت نایكەنەوە، ئەوان لە دەروازەی عێراقیش هەن و دواتر بە قسەی خۆیان دەكشێنەوە ئەگەر رێككەوتن بكرێت، بەڵام باوەڕناكەم بەمنزیكانە بە رەسمی بكرێتەوە، بەڵام نیاز هەیە لە سنووری ناحییەكە و لە نزیك ئەو دەروازەیەوە دەروازەی دیكە بكرێنەوە".
لە مانگی ئابی 2014 ناحییەی رەبیعە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كۆنتڕۆڵ كرا و لە 30ی ئەیلوولی ساڵی 2014 سەنتەری ناحییەكە لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگە رزگار كرا، لە 17 كانوونی یەكەمی هەمان ساڵ گوندەكانیشی رزگاركران. ئەنجوومەنی ناحییەی رەبیعە لە 10 ئەندام پێكدێت و سەرجەم پێكهاتەكان لە خۆ دەگرێت، ساڵی 2003 هەڵبژێردراوە.
سەبارەت بە خزمەتگوزارییەكانی ناحییەكەشەوە حەسەن عەلی فەنووش بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند كە خزمەتگوزارییەكان زۆر خراپن و، گوتی: "بەهۆی بڕینی مووچەی كرێكارانی شارەوانی لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە پێش حەوت مانگ لەمەوبەر كرێكارەكان وازیان لەكار هێناوە، ئێستا خاچی سوور بۆ ماوەی مانگ و نیوێك چەند كرێكارێكی بە ئیشی خستووەتەوە و دوو هەفتەی تر ماوەكەی تەواو دەبێت ئیتر پاشماوە و زبڵ لە گەڕەك و شەقامەكان كەڵەكە دەبن و پێشبینی سەرهەڵدانی چەندین نەخۆشی لێدەكەین، بەتایبەت نەخۆشییەكانی پێست لە نموونەی"حبەت بەغداد" كە لە رۆژانی رابردوو هەزار كەس تووشی بوون، لەگەڵ هاتنی هاوینیشدا رەنگە دۆخەكە خراپتر بێت". لەوبارەیەوە داوای هاوكاریی لە بەغدا و هەرێمی كوردستانی كرد.
فەنووش لەدرێژەی قسەكانیدا گوتی: "هەرچی پەیوەستە بە كارەباوە زۆرینەی وێستگەكانی لەلایەن داعشەوە دزران، هەروەها چەندینیشیان زیانییان پێگەیشت بەهۆی شەڕەكانەوە، كارەبا لە لایەن حكوومەتی هەرێم بەهاوكاری وەزارەتی كارەبای ناوەندی گەڕێنراونەتەوە، بەڵام وێستگەیەكی كۆن بەكاردەهێنرێت كە مەترسی تەقینەوەشی لێ دەكرێت".