Hemn Baban
07 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2016
كۆتایی هەفتەی رابردوو سێ بەرپرسی باڵای بەرەی توركمانی سەردانی كونسوڵخانەی ئەمریكایان كرد بۆ قسەكردن لەبارەی هێزەكە لەگەڵ چەند بەرپرسێكی سەربازیی ئەمریكا.
بەرپرسی مەكتەبی سیاسیی بەرەی توركمانی لە هەرێمی كوردستان ئایدن مەعروف لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای دەكات كە كۆتایی هەفتەی رابردوو شاندێكی حزبەكەیان سەردانێكیان بۆ لای چەند پلەدارێكی سەربازیی ئەمریكی لە كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر ئەنجام داوە و باسیان لە پێكهێنانی هێزێكی دوو هەزار كەسییان لە توركمانەكانی پارێزگای نەینەوایان كردووە.
لەو بارەیەوە ئایدن مەعروف كە هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانییە لە پەرلەمانی كوردستان و یەكێك بووە لەو سێ بەرپرسە باڵایەی بەرەی توركمانی كە سەردانی كونسوڵخانەی ئەمریكایان كردووە رایگەیاند "وادیارە ئێستا باسی رزگاركردنی شاری مووسڵ و تەلەعفەر و شوێنەكانی دیكە لە دەستی داعش دەكرێت، بۆ ئێمەش شاری مووسڵ و تەلەعفەر گرنگیی خۆیان هەیە و ئێمە وەكو توركمان فاكتەرێكی گرنگین لەو ناوچەیە، ئەو سەردانەمان وەكو بەرەی توركمانی بوو بەتایبەت نوێنەرایەتییەكانی مووسڵ و تەلەعفەر چووبووین و باسی ئەوەمان كرد كە پێویستە لە چوارچێوەی رزگاركردنی مووسڵ و تەلەعفەردا توركمانیش بەشداری بكات".
هەروەها گوتیشی: " ئێستا پرۆِژەیەك هەیە و وڵاتانی هاوپەیمان لە دژی شەڕی داعش بەهەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەنیازی دروستكردنی هێزێكی چەكداری پاڵپشتیین كە لە 15 هەزار چەكدار لەسەرجەم پێكهاتەكانی پارێزگای نەینەوا پێكدێت و بۆ پاراستنی ناوچەكانی خۆیانە لە پاش رزگاركردنییان و دەرهێنانیان لەدەستی داعش، لە چوارچێوەی ئەو هێزەدا داوامانكردووە ئێمەش وەكو توركمان بەتایبەت بۆ تەلەعفەر هێزی خۆمان هەبێت، ئێمە دوو هەزار چەكداری توركمانمان لە چوارچێوەی ئەو هێزە دەبێت".
ئایدن مەعروف لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئانادۆڵو گوتی: "ئەو هێزە چەكدارە 15 هەزار كەسییە ئەركی بریتی دەبێت لە گرتنی زەوی لە پاش ئەوەی هێزەكانی هاوپەیمانان و عێراق و هێزی پێشمەرگە ناوچەكان رزگار دەكەن هەر ناوچەیەك بە پێكهاتەكەی خۆی دەدەن بۆ ئەوەی پارێزگاریی لێ بكات، واتە ئەو هێزە هێزێكی پاڵپشتیكار دەبێت".
گوتیشی: "بڕیارە هێزەكە لە چەند ناوچەیەكی وەكو مەخموور بە نموونە جێگیر بكرێت و مەشق و راهێنانییان لەلایەن سوپای عێراق دەبێت و چەك و پێداویستییەكانیشیان لەلایەن عێراقەوە دابین دەكرێت".
هەروەها ئەوەشی گوت كە جگە لە پێكهاتەكان لەو هێزە رۆڵەی عەشیرەتەكانیش دەبێت و راستەوخۆ بەشداریی لە گرتنەوەی مووسڵ و ناوچەكانی ژێر دەستی داعش ناكەن، بەڵام پاڵپشتی دەكەن.
لەبارەی پێكهێنانی هێزەكەشەوە ئەو بەرپرسەی بەرەی توركمانی گوتی: "دەستپێشخەرییەكی زۆر باشە و بۆ قۆناغی دوای رزگاركردنی ناوچەكانی ژێر دەستی داعش، ئەوەش ئاسانكارییە بۆ رزگاركردنی مووسڵ، ئێستا دەستكراوە بە ناونووسین و نزیكەی هەزار و 800 كەس لە رۆڵەكانی توركمانی تەلەعفەر بەتایبەت ناونووس كراون بۆ ئەو مەبەستە".
لەكۆتایی قسەكانیدا مەعروف باسی لەوەش كرد كە پڕۆژەی پێكهێنانی هێزەكە كە لەلایەن هاوپەیمانانان و حكوومەتی عێراق و هەرێمی كوردستانەوە رەزامەندیی لەسەر دەربڕاوە پڕۆژەیەكی باشە بۆ ئەوەی هەر پێكهاتەیەك ئەركی پاراستنی ناوچەكانی خۆی پێ بدرێت پاش رزگاركردنەوە و بەوەش رێگری لە روودانی رووداوی نەخوازراو دەكرێت.