Hemn Baban
19 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 20 شوبات 2016
هەولێر
جبووری دەڵێت پاش رزگاركردنی نەینەوا پێویستە ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی سەقامگیر بكەین و رێگە لە چەكی دەرەوەی دەوڵەت بگرین.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە لە هۆتێل شیراتۆنی شاری هەولێر بۆی رێكخرابوو سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق د.سەلیم جبووری رایگەیاند شەڕی گرتنەوەی مووسڵ نزیكە.
جبووری كە لە كۆنگرەی یەكەمی هۆزەكانی نەینەوا بەناونیشانی 'نەینەوا رزگاركردن، ئاشتی، ئاوەدانكردنەوە' ئامادە بوو لە پەڕاوێزی كۆنگرەكە لە پرێس كۆنفڕانسێكدا بۆ ژمارەیەك لە دەزگاكانی راگەیاندن كە ئاژانسی ئانادۆڵوش لەوێ بوو، گوتی: "ئەم كۆنگرەیە خۆی لەخۆیدا ئاماژەی ئەوە هەڵدەگرێت كە سەعاتی سفری رزگاركردنی نەینەوا نزیك بووەتەوە. ئەوەش لە رێگەی یەكڕیزی رۆڵەكانییەوە لە ئیدارەی مەدەنیی و پەرلەمانتار و سەركردایەتی هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی و پێشمەرگە و هەروەها هۆزەكانیش، كۆنگرەكە ئاماژەیە بۆ ئەوەی رۆڵەی هۆزەكان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ هەماهەنگیكردن لە كردەی رزگاركردن، ئەوەشی گرنگە لەو كردەیە، دەبێـت گشتگیر و بەرفراروان و هاوئاهەنگی بێت".
جبووری چووە سەر باسی قۆناغی پاش رزگاركردنی نەینەوا لەدەستی داعش و لەوبارەیەوە گوتی: "پێویستە پاش رزگاركردنی نەینەوا لەسەر دوو خاڵ رابوەستین، یەكەم سەقامگیریی ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای چارەسەركردنی ناكۆكییەكان و یەكخستنی هەڵوێست و قسە و داماڵینی چەك لە دەرەوەی دەوڵەت و سەروەریی یاسایی، لە پاڵ ئەوەشدا گرتنی خاك لەلایەن خەڵكی ناوچەكانیش پێویستە، خەڵكی نەینەوا یەك قسەن لەسەر ئەوەی دەیانەوێت هەموو خاكی پارێزگاكەیان رزگاربكەن، ئێستا دانیشتوانی نەینەوا چاوەڕوانی ساتەكان دەكەن بۆ رزگاربوونیان لەدەستی داعش".
سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە درێژەی قسەكانیدا باسی لە بایەخی بەشداریی رۆڵەی هۆزەکانی عەرەب لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵ كرد و گوتی: "كردنەوەی دەرگای خۆبەخشی لەلایەن عەشیرەتەكان و رۆڵەكانیانەوە بۆ ئەوەی پەیوەندیی بە هێزەكانی دیكەی رزگاركاری مووسڵەوە بكەن".
لەبارەی ئەگەری بەشداریی زەمینی هێزی بیانی لە شەڕەكەدا بۆ دەزگاكانی راگەیاندن، ناوبراو گوتی: "بەگشتیی هەر یارمەتییەك بۆ رزگاركردنی نەینەوا لەدەستی داعش بدرێت پێشوازی لێ دەكەین، بەڵام لە رێگەی هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی و كەناڵە فەرمییەكانەوە بێت، سەركردایەتی ئۆپەراسیۆنەكان بڕیار لەسەر ئەوە دەدات كە شەڕەكە چۆن دەبێت و كێ بەشدار دەبێت، ئێستا بوونی هاوپەمانێتی نێودەوڵەتی و بەشداریكردنی لەشەڕەكە گرنگە".
لەكۆتایی قسەكانیشیدا جبووری گوتی: "دەبێت پاش داعش ئاسایش و سەقامگیریی لە نەینەوا و عێراق بەگشتیی بەدی بێت و لەپاش دەركردنی داعش رێگە لە بوونی گرووپی میلیشیایی بگیرێت".