rewan niheli
25 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 26 حوزەیران 2016
دهۆك
یاریدەدەری پارێزگای دهۆك بۆ كاروباری مرۆڤایەتی ئیسماعیل محەمەد ئەحمەد لەبارەی ئەگەری ئاوارەبوونی هەزاران خێزانی دیكە لە كاتی دەستپێكردنەوەی شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ، گوتی: "وەكو پارێزگای دهۆك لە تواناماندا نییە، پێشوازی لە ژمارەیەكی تری ئاوارەكان بكەین، چونكە ئێستا نێزیكەی 700 هەزار ئاوارە و پەنابەر روویان لە پارێزگای دهۆك كردووە. بۆیە بەڕاشكاوی بە هەموو لایەكمان گوتووە كە پارێزگای دهۆك لە رووی داراییەوە ئەركی زۆر قورسە و ناتوانێت چیتر ئاوارەكان بحەوێنێتەوە و 90% ئەو ئاوارانەی ئێستا لە دهۆكن خەڵكی سنووری پارێزگای مووسڵن بەڵام ئێمە لە رووی دابینكردنی شوێنی كەمپ ئامادەین و پێنج شوێنمان دیاری كردووە بۆ ئاوارەكانی دوای شەڕی كۆنترۆلكردنەوەی مووسڵ كە كەمپێك لە حەسەن شام لە بەردەرەش، كەمپێك لە زلیكان لە شێخان، كەمپێك لە خەتارێ، كەمپێك لە تلیسین سەر بە تلكێف، كەمپێك لە زومار دروست بكرێن دیارە لە توانای دارایی ئێمەدا نییە و بۆیە داوامان لە لایەنە پەیوەندیدارەكان و نەتەوە یەکگرتووەکان كردووە كە پێش دەسپێکردنی شەڕی كۆنترۆلكردنەوەی مووسڵ ئەو كەمپانە دروست بكرێت كە ئێمە ئەمنیەتی كەمپەكان لە ئەستۆ دەگرین و چاوەڕێی بڕیاری لایەنە پەیوەندیدارەكانین و پرۆپوزەلی تێچووی كەمپەكانیش ئامادە دەكەین، بۆ ئەوەی هەر لایەنێك لە رووی داراییەوە ئامادە بێ، یەكسەر دەست بە دروستكردنی ئەو كەمپانە بكرێت".
ئیسماعیل محەمەد ئەحمەد ئاماژە بەوەشدا كە تێچووی هەر ئاوارەیەك مانگانە 60 دۆلارە لە سەر حكوومەتی هەرێمی کوردستان و گوتی: "ئاوارەكان ئەركێكی زۆر قورسیان لە سەر میزانییەی فەرمانگەكانی پارێزگای دهۆك دروست كردووە. بۆ نموونە كەمپەكان پێویستیان بە 113 مێگاوات كارەبا هەیە كە 23 ملیار دینار كرێی كارەبا لەسەرمان دەكەوێت و بۆ دابینكردن و گەیاندنی ئاو 250 ملیون دینار پێویستە و تەندروستی دهۆك تاوەكو ئێستا نێزیكەی 70 ملیار دینار خزمەتی بە كەمپەكان گەیاندووە. ئەمە هەموو بارگرانییەكی زۆرە لەسەر حكوومەت بێجگە لەوەی لە سەرەتای قەیران و هاتنی ئاوارەكان، حكوومەتی هەرێم 30 ملیون دۆلار بۆ خزمەتكردنی ئاوارەكان تەرخان كردبوو".
یاریدەدەری پارێزگای دهۆك گلەیی لە وەزارەتی كۆچ و كوچبەرانی عێراق هەبوو كە تاوەكو ئێستا خویان لە كێشەی ئاوارەكان بە خاوەن نەزانیوە و گوتی: "نێزیكەی ساڵێكە وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق كە كوردە و سەر بە بزۆتنەوەی گۆڕانە سەردانی پارێزگای دهۆكی نەكردووە، پێش سالێك كە هاتبووە دهۆك، پرۆژەیەكمان لەگەڵیان هەبوو كە بە بەهای 15 ملیار دینار بوو كە چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری بۆ ئاوارەكان لە حەوت سێكتەری جیا دروست بكرێن. تەندەرمان كردووە و نێزیكەی 100 كۆمپانیا بەشدارمان كرد، كەچی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران ئەو پارە دابین نەکرد و ئەمە لە كاتێكدایە كە رێكخراوەكانی نێودەولەتی زیاتر خزمەت بە ئاوارەكان دەكەن و تاوەكو ئێستا 40 ملیۆن دۆلار پرۆژەیان بۆ ئاوارەكان بە ئەنجام گەیاندووە".یاریدەدەری پارێزگای دهۆك بۆ كاروباری مرۆڤایەتی سوپاسی وڵاتی توركیای كرد كە هاوكاریی پارێزگای دهۆكی كردوە لە دروستكردنی كەمپەكان و گوتی: "توركیا لە دەستپێكی هاتنی ئاوارەكان دوو كەمپی دروست كردووە لە شاریا و بێرسڤی كە كەمپی شاریا چوار هەزار ئاوارەی حەواندووە و كەمپی بێرسڤیش دوو هەزار و 500 ئاوارە لە خۆ دەگرێت".
پاش کۆنترۆڵكردنی چەند شوێنی ناوچە كوردستانیەكان لە دەستی داعش، یاریدەدەری پارێزگای دهۆك بە پێویست دەزانێت هەر زوو خزمەتگوزارییەكان بگەیەننە ئەو شوێنانە، بۆ ئەوەی ئاوارەكان بگەڕێنەوە بەتایبەت خزمەتگوزاری ئاو و كارەبا و دروستكردنی نەخۆشخانە و قوتابخانەكان چونكە بۆ نموونە ئێستا ئێمە 60 هەزار قوتابی ئاوارەمان هەیە".یاریدەدەری پارێزگای دهۆك ئاماژە بەوەشدا كە زۆرێك لە ئاوارەكانی زومار و سنوون و رەبیعە گەڕانەتەوە بەڵام بۆ ئەوەی قەناعەت بە ئاوارەكان بكرێت پێویستە خزمەتی زیاتر پێشكەش بەو شوێنانە بكرێت.
دوای ئەوەی لە 3ی ئابی 2014 شنگال و چەند ناوچەیەكی تری لەلایەن چەكدارانی داعشەوە كۆنترۆل كرا، زوربەی كوردەکانی ئێزدی ئاوارەی پارێزگای دهۆك بوون و رێژەی هەرە زۆری ئاوارەكانی دهۆكیش، كوردەکانی ئێزدین كە ژمارەیان 26 هەزار و 117 خێزانن و مەسیحییەكان 90 خێزانن، توركومان 210 خێزان، ئاوارەكانی كورد 4504 خێزان، عەرەب 929 خێزان.