Hemn Baban
23 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2016
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بەشار كیكی:
- '' پلانی فریاگوزاریی كە بە پلانی مەدەنی دەناسرێت ئامادەیە و لە قۆناغی یەكەمدا پێویستی بە دوو ملیار دینار هەیە''
- '' وەك ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رازی نابین بە بەشداریی حەشدی شەعبی لە شەڕی مووسڵدا''
- " لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵدا پێشبینی هاتنی 500 هەزار ئاوارە دەكەین و پێنج دەروازەمان بۆ دیاریكردوون"
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەشار كیكی ئومێد دەكات شەڕی مووسڵ لەمساڵدا دەستپێبكات و لێکدانەوەی تایفەگەریی بۆ بەشدارینەكردنی حەشدی شەعبی لەشەڕەكەدا نەكرێت.
بەشار كیكی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرایکرد پلانی فرایگوزاریی بۆ شەڕی مووسڵ ئامادەیە، بەڵام بڕە پارەی پێویست بۆ پلانەکە لەبەردەستدا نییە و رایگەیاند: "پلانی فریاگوزاریی كە ئێمە پێی دەڵێن پلانی مەدەنی لە رۆژی یەكەمی پاش رزگاركردنی مووسڵ دەست پێدەكات و ماوەی سێ مانگ دەخایەنێت، ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری هەموو فەرمانگە و یەكە ئیدارییەكانی پارێزگای نەینەوا لەسەر بنەمای كەرتەكان دابەشكراون، پلانەكە هەموو گەڕەگەكانی شاری مووسڵ دەگرێتەوە و هەموو كەرتەكانی وەكو شارەوانی ئاو و كارەبا و ئەوانی دیكەش لەخۆ دەگرێت".
كیكی راشیگەیاند: "لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتی و خۆبەخشەكان، هاوشانی هێزە ئەمنییەكان پێكەوە كۆنتڕۆڵی بارودۆخی مەدەنیی شارەكە دەكەین، لە هەركوێیەك كێشە هەبێت چارەسەری دەكەین، ئەو پلانە پێویستی بە پارەیە، بەڵام تا ئێستا بودجەی بۆ تەرخان نەکراوە و لە قۆناغی یەكەمدا ئەو بڕە زیاتر لە دوو ملیار دینار دەبێت، رەنگە تا دوایی بگاتە 30 ملیاریش، چونكە هەندێك شت دێتە پێشەوە نازانیین چییە و چۆنە، لەكاتی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ ئەگەر شوێنێك وێران نەبوو پێویست ناکات نۆژەنی بكەینەوە، پارەكە دەمێنێتەوە، بەگشتی پێویستمان بە پارەیەكی فریاگوزاریی هەیە بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی بارودۆخی شارەكە تێكنەچێت و دۆخی ئەمنی لەدەستی خۆماندا بێت".
سەبارەت بە دەستپێكردنی شەڕی مووسڵ و ئەگەری بەشدارییکردنی حەشدی شەعبی وەك ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا هەندێك لە ماڵپەڕە هەواڵییە عێراقییەکاندا بڵاوكرایەوە، گوایە رێككەوتن هەیە بۆ بەشداری پێكردنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵ، بەڵام بەمەرجی بەشداریی چەند گرووپێكی دیاریكراو، بەشار كیكی رایگەیاند:" لەبارەی گرتنەوەی موسڵ وەكو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بڕیارمان داوە رازی نیین حەشدی شەعبی بەشداریی لە شەڕەكەدا بكات، پێمان وایە بەشداریی حەشدی شەعبی لەو شەڕە پێویست ناكات و رەنگە ببێتە هۆی ئەوەی كێشەی زیاتر دروست ببێت، بۆیە ئێمە سوورین لەسەر ئەو بڕیارەی خۆمان، داواش دەكەین هیچ لێکدانەوەیەکی تایفەگەریی بۆ ئەو بڕیارە نەكرێت".
كیكی كە لەسەر پشكی كورد سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوایە و یەكێكە لەو كوردانەی بەردەوام رەخنەی لە حكوومەتی عێراق هەیە بەتایبەت لە پەراوێزخستنی پارێزگای نەینەوا و بەدیاریكراویش كێشە و نەهامەتییەكانی ئێزیدییەكان لە دوای هاتنی داعش، سەبارەت بە كاتی گرتنەوەی مووسڵ بە ئاژانسی ئانادۆڵوی گوت: "بە ئومێدین شەڕی مووسڵ لەمساڵدا دەستپێبكات''.
لەبارەی هاتنی ئاوارەكان لەسەروبەندی رزگاركردنی شاری مووسڵدا، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایگەیاند: " ئێمە پێنج دەروازەمان بۆ هاتنی ئاوارەكان دیاریكردووە، هیوادارین ئاوارەكان رووی تێنەكەن، بەڵام ئەوە هەمووی پلانە، ئێستا دوو كەمپ لە درووستكردندان و ئەوانی دیكەیان ماون، پێشبینی دەكەین بەلایەنی زۆرەوە نیو ملیۆن ئاوارە لە مووسڵەوە بێنە ناوچەكانی دیكە، بەڵام نەتەوەیەكگرتووەكان تەنها ئامادەییان بۆ پێشوازیكردن لە 100 هەزار ئاوارە دەربڕیوە بەپێی زانیارییانەی لەخۆیانەوە پێمان گەیشتوون".