هەولێر - AA
شرۆڤەكاری سیاسی عێراقی ئەحمەد ئەلمەلاح دەڵێت مالیكی ویستی شانۆگەرییەك بكات بەڵام بۆی نەچووە سەر و شكستی هێنا.
هەرگیز خەڵكی مووسڵ و عێراق و تەنانەت جیهانیش چاوەڕوانی ئەوەیان نەدەكرد 10 حوزەیرانی 2014 ببێتە ئەو مێژووەی تێیدا بەئاسانی دەیان هەزار سەرباز و ئەفسەری سوپای عێراق و هێزی ئەمنیی دووەم گەورەترین پارێزگای عێراق رادەستی گرووپێكی توندڕەوی جیهادی سەلەفی بەناوی داعش بكەن و وەك بەرزی بانان بۆی دەربچن و خەڵكەكەشی گۆشت ئاسا بخەنە بەر ددانە تیژەكانی گورگە برسییەكان، نیگای مووسڵاوییەكان لە بەرەبەیانی ئەو رۆژەی حوزەیران دیمەنی هەمەرە سووتاوەكانی سوپا لە شەقام و تانك و چەكە قورسە بەجێ ماوە ئەمریكییەكانی لە شارەكەیان دەبینی كە كەوتنە دەستی حاكمە ریشدرێژە نوێیەكانی شارەكە، لە پاڵ ئەوەشدا ئاڵای عێراق و ئەستێرە و داڵەكانی سەر شانی ئەفسەرەكانیش كەوتنە ژێر پێڵاوەكانی ئەوان.
ئێستا دوو ساڵ بەسەر 10 حوزەیراندا تێدەپەڕێت، دوو ساڵە داعش لە مووسڵ قەڵەمڕەویی هەیە و بۆ یەكەم جار لە مێژووی گرووپە چەكدارییە جیهادییەكان دەوڵەتێكی لە نێوان عێراق و سووریا داتاشی و پاش هەڵوشاننەوەی سنووری هەردوو وڵات سنوورەكەشی كێشا، خەلافەتی ئیسلامیشی لەسەر دەستی كەسێك لە بنەماڵە و وەچەی پێغەمبەری ئیسلام موحەمەد(د.خ) گەڕاندەوە وەكو بانگەشەی بۆ دەكەن.
مووسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوایە، دووەم گەورەترین شارە لە عێراق لە رووی دانیشتوانەوە كە پتر لە دوو ملیۆن كەس دەبن، نزیكەی 465 كیلۆمەتر لە بەغداوە دوورە، هاوسنوورە لەگەڵ سووریا و توركیا، لەو پارێزگایە لە پاڵ عەرەبی سوننە، كورد، توركمان، شیعە، مەسیحی، ئێزدی، شەبەك و كاكەیی دەژین. داعش ناوی شەڕی گرتنی مووسڵی بەناوی "غزوە اسد الله البیلاوی ابی عبدالرحمن"ەوە ناونا كە سەرۆكی ئەنجوومەنی سەربازیی و وەزیری ناوخۆی داعش و دەگوترا كەسی دووەمیشی بووە و لە پێنجی حوزەیرانی 2014 كوژرا.
داعش لە 10ی حوزەیراندا بەتەنها بە گرتنی مووسڵ و پارێزگای نەینەواوە نەوەستا، ئەو چەكە زۆرانەی بەئاسانی و وەكو دیاریی سوپای عێراق لە مووسڵ وەریگرتن پاڵی پێوەنا بۆ سەركێشیی دیكە، ئەوە بوو زوو گەیشتە گیانی كورد و بە ناوچەكانی شنگال، زومار، ناوەران، خازر، مەخموور، گوێڕیش كەوت. دواتریش چەند پارێزگایەكی دیكەیشیان خستە ژێر ركێف خۆیان و قەڵەمڕەوییان لە پارێزگاكانی ئەنبار، سەڵاحەدین، بەشێك لە دیالە و بەشێك لە كەركوكویش، بەو پێیەش زیاتر لە 40 لەسەدی خاكی عێراق كەوتە ژێر قەڵەمڕەویی دەوڵەتە ئاڵا رەشەكەوە، ئەوە بووەستێت نزیكەی 35 لەسەدی خاكی سووریاشی چنگ خستبوو.
پاش دوو ساڵ لە پەرەسەندنی خوێنڕێژی و وێرانكاریی لە مووسڵ و نەینەوا، گەڕاندنەوەی شارەكە بۆ سەردەمی تاریكی و گرانیی هێشتا دانیشتووانەكەی لە دوایین سەعاتەكانی كەوتنی شارەكەیان تێ ناگەن چونکە 100 هێندەی چەكدارەكانی داعش سەرباز و هێزی ئەمنی عێراق لە نێو مووسڵ هەبوون و هەزار هێندەش زیاتر چەك و چۆڵیشیان پێ بوو بەڵام دواجار شارەكە زوو لە بەردەم داعش توایەوە. هاوكات ئەوەشی كە دیارە هیچ كەسێك لە سەركەوتنە ئاسانەكەی مووسڵ نەك لەسێدارە نەدراوە، بگرە بەرپرسەكانی ئەو شكستە هێشتا پاڵەوانن لە نموونەی سەرۆكوەزیرانی ئەوكات نووری مالیكی.
ئێستاشی لەگەڵدا بێت شەوی كەوتنی مووسڵ وەكو شایەتحاڵەكان باسی دەکەن شەوێكی یەكجار سەیر و مەتەڵێكی بێ وەڵامە. پارێزگای نەینەوا لە سەردەمی هێرشەكانی داعش بۆ سەر مووسڵ كە یەكێكە لەوانەی ناویان وەكو تۆمەتبار لە كەوتنی مووسڵ دێت، ئەسیل نوجێفی چەند جارێك بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئەوە دووپات دەكاتەوە كە ئامادەیە لە بەردەم دادگایەكی سەربەخۆ هەموو بەڵگەكانی كەوتنی مووسڵ بخاتە روو، ئەو پێشی وایە كشانەوەی هێزەكانی عێراق لە بەردەم چەند سەد چەكدارێكی داعش كارێكی بێ پلان نییە. نوجێفی لەوبارەیەوە بۆ ئانادۆڵو دەڵێت: "یەكەم تاوانباری كەوتنی مووسڵ سەرۆكوەزیران و سەركردەی هێزە چەكدارەكانی ئەوكات نووری مالیكییە بەڵام لە راستیدا بۆ كەوتنی هەموو شارەكانی دیكەی عێراق ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرس تاوانباران چونكە بەتەنها مەسەلەكە كەوتنی مووسڵ نییە بەڵكو لە وردەكارییدا و كاریگەرییەكانی داعش دەبێت چەند بەرپرسێكی سیاسی و ئابووری و سەربازیش لەوان، واتە ژمارەیەكی زۆر كەس بدرێنە دادگە. پێم وایە لەم كاتەدا زۆر ئەستەمە كە مالیكی لەسەر ئەم پرسە بدرێتە دادگە".
سەبارەت بە خێراكەوتنی مووسڵ، نووسەر و شرۆڤەكاری سیاسیی عێراق ئەحمەد ئەلمەلاح كە دەیان بابەت و شیكردنەوەی لەسەر داعش و كەوتنی مووسڵ هەیە، لەو بارەیەوە لە وەڵامی پرسیارێكی ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت: "بەدڵنیاییەوە سەرۆكوەزیرانی ئەوكات نووری مالیكی ویستی شانۆگەرییەك بكات بە كشاندنەوەی هێزەكانی لە مووسڵ و پاشان گێڕانەوەی بۆ نێو مووسڵ بۆ جارێكی تر لە ماوەی 10 رۆژ بەڵام مەسەلەكە وا نەگونجا. پاش شكانی هێزی ئەمنی و بەجێهێشتنی شوێن و پێگە و چەكەكانیان بەبێ هیچ پلانێكی ئەمنی"، ئەو پێشی وایە كە مالیكی لە رێگەی ئەو شانۆگەرییەوە دەیویست دەسەڵاتی هەردوو برا ئەسیل و ئوسامە نوجێفی كەم بكاتەوە و لە دیمەنی سیاسیی لە نەینەوا لایان ببات، پاش ئەوەی ئەوان داواكاریی بەهەرێمكردنی نەینەوایان بەرز كردبۆوە. ئەو زیاتر دوا و دەڵێت: "مالیكی ویستی ئەو دوو برایە لە دیمەنی سیاسی لاببات. بۆیە بەهانای مووسڵەوە نەچوو و دواتریش لەدەست دەرچوو".
لەدرێژەی قسەكانیدا ناوبراو هێما بۆ ئەوە دەكات مالیكی هۆكاری كەوتنی مووسڵە، لەبارەی بەسزا نەگەیاندنیشی ئاشكرای دەكات "پاڵپشتیی دەرەكی و قورسایی و دەسەڵاتی نێوخۆیی كە كەسێكی دەسەڵاتداری وەكو مالیكی هەیەتی وای كردووە نەتوانرێت لێپرسینەوەی لەگەڵدا بكرێت".
دەربارەی پێشوازیكردنی بەشێك لە دانیشتوانی مووسڵ لە داعش لەسەرەتاوە، ئەحمەد ئەلمەلاح دەڵێت: "شێوازی مامەڵەكردنی داعش كە لە رۆژانی یەكەم بە كرانەوە و كردنەوەی شارەكە بەڕووی خەڵكەكەیدا و پەلامارنەدانی هیچ توێژێكی كۆمەڵایەتی و دڵنیاكردنەوەی خەڵك، لەگەڵ نەبوونی زانیاری لەلای خەڵك لەسەر ئەم لایەنە، هەروەها بوونی گوتارێكی ئایینی وای كرد لە سەرەتاوە خەڵك پێشوازیی لێ بكەن، بەتایبەت خەڵكی ئاسایی بەڵام دواتر ئەو تێڕوانینە لەگەڵ دەركەوتنی زیاتری داعش گۆڕا".
لە ساڵانی 2013 و 2014 لەو پارێزگایانەی زۆرینەی دانیشتووانەكەی سوننەن، لە دژی جیاكارییەكانی حكوومەتەكەی نووری مالیكی خۆپیشاندانی بەرفراوان و مانگرتنی گەورە بەڕێوە دەچوون بەشێوەیەك حكوومەت لەو پارێزگایانە تەواو ئیفلیج ببوو. بەهەرێمكردنی پارێزگاكانیان داواكاریی سەرەكیی سوننەكان بوو، لەپاڵ بە تیرۆریست ناساندنی رێبەری خۆپیشاندەران و داواكردنیان بۆ بەردەم دادگە، مالیكی لەچەند ناوچەیەك بە زەبری چەك خۆپیشاندانەكانی تێك و پێك دا، ئەمەش ئاسانكاریی بۆ داعش كرد بۆ راكێشانی سۆزی خەڵكی ئەو ناوچانە ئەوپەڕی هەوڵی خۆی بخاتەگەڕ.
لە 29ی نیسانی 2010 ئەبووبەكر بەغدادی بە ئەمیری رێكخراوی "دەوڵەتی ئیسلامی عێراق" دیاری كرا و پاش ماوەیەك لە متبوون، بۆ تۆڵەسەندنەوە لە كوژرانی دوو سەركردەكەی پێشووی قاعیدە دەستی دایە هێرشێكی چڕ لە دژی ئەمەریكییەكان و حكوومەتی عێراق، دواتری پەلی بۆ سووریا هاویشت و لەوێ لقێكی بەناوی بەرەی نوسرە بە سەركردایەتی ئەبومحەمەدی جۆلانی دامەزراند، لە 9ی نیسانی 2011 ئەبووبەكر بەغدادی لە تۆمارێكی دەنگیدا هەڵوەشانەوەی بەرەی نوسرە و دەوڵەتی ئیسلامی عێراق راگەیاند و هاوكات پێكهێنانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام"یشی راگەیاند و خۆشی وەكو سەرۆكی دەوڵەتەكە ناساند.
پێش گرتنی مووسڵ لە شەوی نۆی حوزەیران، داعش بە چەند رۆژێك هێرشەكانی دەست پێ كرد كە لە شەشی حوزەیرانەوەیە، پاش رۆژێك چەند چەكدارێكی داعش گەیشتنە نزیك مووسڵ و ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویان تەقاندەوە و لەگەڵ هێزی ئەمنی رووبەڕوو بوونەوە، بەتایبەت لە گەڕەكەكانی 17ی تەمووز، مشیرفە، گەڕەكی تەنەك، ئەلعرێبی و زەهرا و تەحریر، رۆژی حەوتی حوزەیران بەهۆی بۆمبارانی سوپای عێراق و چەكدارانی داعش، خەڵك دەستی بە هەڵاتن كرد. لە هەشتی حوزەیران شەڕ لە نێوان هەردوو لا بەردەوام بوو. نۆی حوزەیران پۆلیسی فیدڕاڵی لە شارەكە بەبێ شەڕ كشایەوە و بارەگاكانیان سووتێنران و چەندین تەقینەوەی خۆكوژی ئەنجام درا و چەندین شوێن كرانە ئامانج.
ئەلمەلاح لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە شەوی گرتنی مووسڵ لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەكات و دەڵێت: "چەند شەوێك پێش كەوتنی مووسڵ و بەدیاریكراوی رۆژی پێنجی حوزەیرانی 2014 پاش ئەوەی پڕوپاگەندە هەبوو قەدەغەی هاتوچۆ لەلایەن سەركردایەتی كردەكانی نەینەوا، سەپێنرا و هەواڵەكانیش باسیان لە كەوتنی خێرای ناوچەكانی رۆژئاوای مووسڵ دەكرد و ئەو خەڵكانەی دەیانبینین بە 'وەحشە مەشقپێكراوەكان' ناویان دەبردن".
ئەو هەروەها دەشڵێت: "پاش نیوەڕۆی 9ی حوزەیران هندێك لە بەرپرسان بە ئۆتۆمبێلە بەرزەكانیانەوە كەسوكاری خۆیان ناردە دەرەوەی مووسڵ، سەعات 10:30ی ئەو شەوە كە هێشتا سوپا دەسەڵاتی هەبوو بەگوللـەهاوەن هێرش كرایە لای راستی شارەكە و ناوچەكانی ئەلتەیەران و جوسق و غەزلانی بەچڕی بۆردومان دەكرا. لەو ناوچەیەش بارەگاكانی سەركردایەتی هێزەكانی نەینەوا، فەوجی پشتیوانی و پاڵپشتی مووسل، دادگەی بەرنگاربوونەوەی تیرۆری لێ بوو. خەڵكی ئەو ناوچەیە دەیانویست بچنە لای چەپی مووسڵ بەڵام سوپا دەروازەكانی گرت و رێگەی نەدا دەربچن. گەیشتە سەعات 12ی شەو ئیدی سوپا لە خاڵەكانی پشكنین كشایەوە و بەجێهێشتنی شارەكە دەستی پێ كرد، دواتریش دیمەنی چەكدارەكانی داعش دەركەوت".
لە 16ی ئاب لێژنە پەرلەمانییە راسپێردراوەكە بۆ بەدواداچوونی هۆكارەكانی كەوتنی مووسڵ راپۆرتەكەی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە پەسەند كرا و بۆ دادگە و دەستەی نەزاهە بەرز كرایەوە بۆ كار لەسەركردنی، لێژنەكە 35 كەسی وەكو تۆمەتبار و بەرپرسی سەرەكی لە كەوتنی مووسڵ دیاری كردبوو لە پێشەوەیانەوە سەرۆكوەزیرانی ئەوكات و سەركردەی هێزی چەكداری عێراق نووری مالیكی، پارێزگاری نەینەوا ئەسیل نوجێفی، وەزیری بەرگری سەعدوون دلێمی، بریكاری وەزیری ناوخۆ عەدنان ئەسەدی، سەرۆكی ئەركانی سوپا فەریق بابەكر زێباری، سەركردەی كردە هاوبەشەكان عەبوود هاشم قەنبەر، سەركردەی هێزی زەمینی عەلی غێدان، بەرپرسی هەواڵگریی سەربازی حاتەم مەكسوسی، لەگەڵ چەندین بەرپرسی دیكەش.
پارێزگاری پێشووی نەینەوا ئەسیل نوجێفی باس لەوە دەكات ئێستا داعش وەكو سەرەتای كۆنتڕۆڵكردنی بۆ مووسڵ بەهێز نییە، ئەو دەشڵێت چەندین گرووپی چەكداریی لە نێو مووسڵ چاوەڕوانی ئاماژەن بۆ هەڵكوتانە سەر داعش، پێشی وایە شەڕی مووسڵ جیاوازە لە شەڕەكانی دیكەی سوپای عێراق چونكە لە مووسڵ كودەتاكردنە بەسەر داعش بۆ لەناوبردنی.
ئەو زیاتر دەڵێت: "هێزەكانمان لە مووسڵەوە نزیكن، ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنیش لە كۆتایی ئەمساڵدا دەست پێ دەكات، دوو لایەنی سەرەكی بەشداریی شەڕەكە دەكەن، سوپای عێراقە كە لە باشووری موسڵەوە لەگەڵ هێزی پێشمەرگەیە كە لە سێ قۆڵەوە شارەكەیان گەمارۆ داوە، لەگەڵ هێزەكانی حەشدی نیشتمانی و هێزی هاوپەیمانان بە فڕۆكەی جەنگی بەشداریی ئۆپەراسیۆنەكە دەكەن".
هەرچۆنێك بێت، داعش دەیان ساڵ مووسڵ و دانیشتووانەكەی بۆ دواوە گێڕایەوە، شەڕی گرتنەوەی مووسڵ گرنگە، نەهێشتنی شوێنەواری داعش گرنگتر، گەڕانەوەی مووسڵ و خەڵكەكەی بۆ دۆخی پێشتریش لەو دووە زەحمەتترە.
news_share_descriptionsubscription_contact



