Hemn Baban
22 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 26 شوبات 2016
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەشار كیكی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "دەبێت هێزی پێشمەرگەش بەچەكی قورس پڕچەك بكرێت بۆ بەشداریكردن لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵ. شەڕی گرتنەوەی مووسڵ دواكەوتووە، دەبوو زووتر بوایە". كیكی لەبارەی بوودجەی پارێزگای نەینەواشەوە دەڵێت: "بوودجەی هەردوو ساڵی 2014 و 2015مان هێشتا بۆ خەرج نەكراوە كە زیاتر لە تریلۆنێك دینار دەبێت".
بەپێی قسەكانی بەشار كیكی دەبێت بڕی 40 لەسەدی بوودجەی پارێزگای نەینەوا بۆ ئەو رووبەرەی بەدەستی داعشەوە نییە كە 40 لەسەدی خاكی پارێزگاكەیە خەرج بكرێت هەتا خەڵك بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگاری نەینەوا بەشار كیكی لەبارەی پڕۆسەی رزگاركردنی مووسڵ و ناوچەكانی دیكەی پارێزگای نەینەوا لە دەستی چەكدارانی داعش لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "لە گرتنەوەی شاری مووسڵ و ناوچەكانی دیكەی پارێزگای نەینەوا ئێمە زۆر دواكەوتووین و دەبوو ئەو پڕۆسەیە زووتر كرابایە، دەبێت مووسڵ و شارۆچكەکانی دیكەی دەستی داعش رزگار بكرێن و كۆتایی بە نەهامەتییەكانی دانیشتوانی ئەو شوێنانەش بهێنرێت".
گوتیشی: "چەند رۆژێك لەمەوبەر كۆنگرەیەك بۆ هۆزەكانی نەینەوا لە هەولێر سازكرا ئەوە لە چوارچێوەی ئەوەدا بوو كە لە رووی مادی و مەعنەوییەوە پشتیوان بین بۆ پڕۆسەی رزگاركردنی مووسڵ و نامەیەك بوو بۆ ئەوەی هۆزەكانی سوننە بەتایبەت رۆڵەكانیان هان بدەن بۆ ئەوەی لە ریزەكانی سوپای عێراق و هێزەكانی حەشدی هۆزەكان و هێزەكانی دیكە ببنە خۆبەخش بۆ ئەوەی رۆڵی گرنگ لە رزگاركردنی مووسڵ بگێڕن، ئەو هەوڵانەشی دەدرێت دەبێت پەلەیان لێ بكرێت".
لە درێژەی قسەكانیدا لەبارەی شاری مووسڵ و رزگاركردنیەوە كە لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014 پاش كشانەوەیەكی سەرسووڕهێنەر و بە پلانی سەرجەم هێزەکانی تەناهی عێراق كە بەدەیان هەزار سەرباز هەژمار دەكران و هەڵاتنیان لە بەردەم چەند سەد چەكدارێكی داعش كە ئەوەی لێ كەوتەوە بەشێكی زۆری پارێزگاكە و ناوچەی دیكەش لە عێراق كەوتنە ژێر كۆنتڕۆڵی چەكدارانی داعش. كیكی روونیشی كردەوە کە "پێویستە هۆزەكانی عەرەبی سوننە خۆیان یەك بخەن و جیاوازییەكانیان نەهێڵن. یەك ئامانجیان هەبێت كە ئەویش رزگاركردنی مووسڵە. ئەگینا رزگاركردنی مووسڵ تەنها مەسەلەی كاتە وەكو چۆن رومادی و شنگال و شوێنی تر رزگاركران، مووسڵیش رزگار دەكرێت، بەتایبەت ئێستا هەوڵی زۆر لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هاوپەیمانانەوە بۆ ئەو مەسەلەیە لە ئارادایە. هێزی زەمینیش لەسەر زەوی هەیە كە پێشمەرگەیە و لە چەند رۆژی رابردوودا هەندێك هێزی عێراقیش گەیشتنە مەخموور و چاوەڕوان دەكرێت هێزی زیاتریش بێت كە ئەوانە باشن، بەتایبەت ئەو هێزانەی لە مەخموورن لەلایەن ئەمریكاوە راهێنراون".
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەروەها ئاماژەی بۆ پێویستی كردنەوەی بەرەی زۆر لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵی كرد و رایگەیاند: "پێم وایە ئەو كاتە شەڕی رزگاركردنی مووسڵ باشە دەست پێ بكات كە بەرەی خوارووی مووسڵیش بكرێتەوە وەكو بەرەی شەرگات و تەلەعفەر بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵكردنی مووسڵ لە هەموو لایەكەوە دەست پێ بكات".
لەبارەی بوونی وادەیەك بۆ جێبەجێكردنی پلانی گرتنەوەی مووسڵیش ناوبراو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو زیاتر دوا و گوتی: "پلانی سەربازی لەسەر تەواوكردنی هەموو ئامادەكارییەكان دەوەستێت بەڵام ئێمە لە گرتنەوەی مووسڵ دواكەوتووین. بۆ ئێمە ئەمڕۆ گرنگترە لە سبەینێ ئەو كارە بكرێت، ئێستا چەك هەیە و ئەمریكا لەسەر هێڵە بۆ دابینكردنی چەك بۆ هێزی پێشمەرگە و هێزی عێراقی و هێزەكانی تر، دەبێت پێش شەڕەكە پێشمەرگەش چەكی قورسی پێ بگات".
سەبارەت بە بوودجەی پارێزگای نەینەوا و هەروەها خزمەتكردنی ئاوارەكانی ئەو پارێزگایە كە بەشی هەرە زۆریان لە هەرێمی كوردستانن و هاوكات گەڕاندنەوەی خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەو 13 یەكە ئیدارییەی لە پارێزگای مووسڵ رزگار كراون یان نەكەوتنە دەستی چەكدارانی داعش بەشار كیكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەداخەوە حكوومەتی عێراقی بەرامبەر بە ئاوارەكانی نەینەوا و ئەو خەڵكەشی لە دەستی داعشدان كەمتەرخەم بووە".
لەگەڵ ئەوەشدا ئاشكرای كرد و گوتی: "ئێستا سێزدە یەكەی ئیداریمان لە پارێزگای نەینەوا هەیە كە لەدەستی داعش رزگار كراون و پێویستییان بەخزمەتگوزاری هەیە بۆ ئەوەی دانیشتوانەكانیان بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان، حكوومەتی عێراق بوودجەی پارێزگاكەمانی بۆ هەردوو ساڵی 2014 و 2015ش لەلایە و هێشتا خەرج نەكراوە، بڕی بوودجەی ساڵی 2014ی پارێزگای نەینەوا بریتی بووە لە 372 ملیار دینار، هەروەها بوودجەی ساڵی 2015ش بریتی بووە لە نزیكەی 700 ملیار، ئێمە ناڵێین ئەوەندەمان دەوێت، ئەزانین ئێستا عێراق بە قەیرانی دارایی تێدەپەڕێت بەڵام ئەوە موستەحەقاتی خەڵكە دەبێت رێژەیەك لە موستەحەقاتی خۆمان بۆ خەرج بكرێت كە شیاو بێت لەگەڵ ئەو رێژەیەی كە لە پارێزگاكە رزگار كراوە، ئێستا نزیكەی 40 لەسەدی رووبەری خاكی نەینەوا رزگاركراوە، ئەو بوودجەیەش حەقی خۆمانە".
بەشار كیكی لە کۆتاییدا دەڵێت: "بۆ ئەو رووبەرەشی كە هێشتا رزگار نەكراوە ئەوە بوودجەكەی بهێڵین بۆ پاش رزگاركردنی مووسڵ، چونكە ئەوە مافی ئەوانە، بەگشتی ئەو بوودجەیە مافی ئەو خەڵكەیە و پێویستی بە ئیمكانیات و رێژەیەك لە هاوكاری هەیە بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان بۆ ئەوەی لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانی وەكو ئاو و كارەبا و كردنەوەی قوتابخانە و سەنتەرە پزیشكییەكان بێ بەش نەبن و جارێكی تر خەڵك بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان".