Hemn Baban
17 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2016
گوتەبێژی هێزەكانی حەشدی نیشتمانی پارێزگای نەینەوا دەڵێت شەڕی نەینەوا سیاسییە و ناكۆكیی وڵاتانی لەسەرە، ئەگەر شەڕەكە سەربازی بایە زوو یەكلایی دەبوویەوە، مەحموود سوورچی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گلەیی لەبەغدا و وەزیری بەرگریش دەكات لەوەی هاریكارنیین بۆ رزگاركردنی نەینەوا، لەوبارەیەوە دەڵێت "ئەگەر لە چەند رۆژی داهاتوو بەغدا هاریكار نەبێت و بەدەممانەوە نەیەت ئەوا داوا لە هاوپەیمانی ئیسلامی دەكەین بۆ رزگاركردنی مووسڵ هاریكارمان بن".
بەپێی قسەكانی سوورچی ئەگەر هاریكاری بكرێن رۆڵەكانی نەینەوا بەتەنها و بێ هیچ هێزێك دەتوانن پارێزگاكەیان رزگاربكەن و دەشڵێت دەتوانن 20 هەزار چەكدار ئامادەبكەن.
گوتەبێژی هێزەكانی حەشدی نیشتمانی كە بەهێزی خۆماڵیی پارێزگای نەینەوا دەناسرێت مەحموود سوورچی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئەمدواییەی رزگاركردنی نەینەوا دەكات و دەڵێت شەڕی رزگاركردنی نەینەوا دەستی پێكردووە و خەڵكی نەینەوا بەو دەستپێكردنە زۆر دڵ خۆش بوون، چاوەڕوان بوون ئۆپەراسیۆنەكان بە قورسیی بەردەوام بن، بەڵام بەداخەوە راوەستان بۆ كاتێكی دیاریكراو بەهۆی نەبوونی پاڵپشتیی تەواو و هێزی پێویست.
گوتیشی "بە بەغدامان راگەیاندووە كە رۆڵەكانی پارێزگای نەینەوا توانا و هێزی مرۆییان هەیە بۆ ئەوەی پارێزگاكە كۆنتڕۆڵ بكەینەوە بێ ئەوەی پێویستمان بە هیچ هێزێك لە دەرەوەی پارێزگاكە هەبێت، ئێستا لە تواناماندا هەیە زیاتر لە 20 هەزار سەرباز ئامادەبكەین بۆ ئەو شەڕە، بەڵام بەداخەوە بەغدا لە مامەڵەكردن لەگەڵ رۆڵەكانی نەینەوا بۆ رزگاركردنی پارێزگاكەیان جیدی نییە، ئێستاش كێشە سیاسییەكانی عێراق كە بەمدواییانە دروست بوون بە نێگەتیڤی كاریگەرییان لەسەر ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی نەینەوا دەبێت، ئێستا 22 مانگە داعش مووسڵی داگیركردووە و دەبێت بیر لە ئەڵتەرناتیڤی دیكە بكەینەوە بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی بەغدا دەربچین، ئەگەر بەتەنها پشت بە بەغدا ببەستین ئەوا رزگاركردنی نەینەوا كاتی زۆر زیاتری پێویستە".
هێزەكانی حەشدی نیشتمانی هێزێكە لەلایەن پارێزگاری پێشووی نەینەوا ئەسیل نوجێفی لە دوای كۆنتڕۆڵكردنی پارێزگاكە لەلایەن داعشەوە و پاش ئەوەی هەنگاوەكان بۆ رزگاركردنی پارێزگاكە چڕ بوونەوە دروست كرا، هەزاران چەكداری هەیە، بەڵام بەهۆی ناكۆكییەكانەوە لەگەڵ بەغدا ئەو هێزە لەدۆخی شێوە سڕكردندایە و لەلایەن حكوومەتی عێراقییەوە هیچ هاوكارییەكی ئەوتۆ ناكرێت.
مەحموود سوورچی لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی "ئەوەی ئێستا داوای دەكەین ئەوەیە كە رزگاركردنی نەینەوا لە پێشینە بێت، بۆیە داوا لە وڵاتانی ئیسلامی و هاوپەیمانی ئیسلامی لە نێویاندا شانشینی سعوودیە، توركیا و وڵاتانی دیكەش دەكەین كە هاریكارمان بن بۆ رزگاركردنەوەی نەینەوا، ئێمە تەنها چەكمان پێویستە بۆ رزگاركردنی پارێزگاكە و رۆڵەكانی نەینەوا هێزی تەواویان هەیە، بەڵام جیددی بوون لە بەغدا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیش بۆ رزگاركردنی نەینەوا نابینین، راستە ئەوان لە ئاسمانەوە بۆردومان دەكەن و جەخت كردنەوەیان لەسەر ئەو بۆردومانانەیە، بەڵام شەڕ لەسەر زەوی یەكلایی دەكرێتەوە، ئێمە چەك و پێدایستییمان پێویستە، ئێستا هەمووان دەستیان لە نەینەوا هەڵگرتووە، بۆیە دەبێت رۆڵەكانی نەینەوا بیر لە ئەڵتەرناتیڤ بكەنەوە، چونكە دووساڵ بەسەر داعش تێپەڕیوە و ساڵێكی دیكەشی بەسەر تێپەربێت ئەوا بیرێكی توندڕەویی دەچێندرێت و ئەوەش مەترسیی ئایندەگیی لێ دەكرێت كە زەحمەتە كۆنتڕۆڵ بكرێت".
سوورچی گوتیشی "دەبێت خاك رزگاربكرێت، دەبێت ئومێد بكەین بۆ دوای قۆناغی داعش كە بیری مناڵ و گەنجانی پیس كردووە".
لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سوورچی گوتی "پێویستە لەسەر هاوپەیمانی ئیسلامی دەستی هاریكاریی بەسەرۆكایەتی سعوودیە و توركیا درێژ بكەین بۆ خەڵكی نەینەوا، ئەگەر نا ئەو شێرپەنجەیە لە هەموو ناوچەكە و جیهانیش بڵاودەبێتەوە و ئەوەش خودی سەرۆكی ئەمریكا ئۆباما جەختی لێ كردەوە".
سەبارەت بە بارودۆخی دانیشتووانی ناو مووسڵیش گوتەبێژی هێزەكانی حەشدی نیشتمانیی پارێزگای نەینەوا گوتی "ئێستا برسییەتیەكی راستەقینە لەنێو مووسڵ هەیە و خەڵكێك لەدەرەوەی سەردەم و مێژووەوەن، ئەگەر لە چەند رۆژی ئایندە بەغدا مامەڵەمان لەگەڵ نەكات وەكو رۆڵەكانی نەینەوا و داوا لە هاوپەیمانی ئیسلامی دەكەین دەستی هاریكاریمان بۆ درێژ بكات".
ناوبراو روونیشی كردەوە كە حكوومەتی عێراق هیچ هاوكارییەكی نەكردوون لەرووی دابینكردنی چەك و تەقەمەنییەوە، لەو بارەیەوە گوتی" حەشدی نیشتمانی و حەشدی هۆزەكانیش لەلایەن حكومەتی بەغداوە یەك پارچە چەكیشمان بۆ نەهاتووە، ئەوەش گلەیی بێت لە وەزیری بەرگریی كە هیچ نەبێت خەڵكی مووسڵە و چەكی مەشقپێكردنیشیان بۆ نەناردووین".
گوتیشی: "ئەوەی هەیە لە درەنگ كەوتنی شەڕی رزگاركردنەوەی پارێزگای نەینەوا ناكۆكیی نێوان وڵاتان و یەكلاییكردنەوەی حساباتی نێوان وڵاتانە، ئەگەر شەڕەكە بەتەنها سەربازی بایە زوو تەواو دەبێت، بەڵام پێدەچێت شەڕەكە سیاسی بێت، ئەو كێشەیەی ئێستا لە بەغدا سەری هەڵداوە رەنگە سەربكێشێت بۆ كێشەی دارایی و سەربازیش، ئەوەش كاریگەریی نەرێنی لەسەر پرۆسەی رزگاركردنی نەینەوا دەبێت".
لە كۆتایی قسەكانیدا گوتەبێژی هێزەكانی حەشدی نیشتمانی گوتی ئەوان پێشوازی لە هەر هێزێك دەكەن بۆ رزگاركردنی پارێزگاكەیان هاریكارییان بكات.