Hamit Hüseyin
17 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2016
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مسعود بارزانی، لەگەڵ کەسایەتی و سەرۆک ھۆزەکانی ناوچەکانی حەویجە و داقوق و ڕەشاد کۆبۆوە.
بەپێی ھەواڵێکی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا کەسایەتی و سەرۆک ھۆزەکان سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی دیدارەکە، ھەروەھا سوپاسی پێشمەرگەی کوردستان و دەزگە ئەمنییەکانی کەرکووکیان کرد کە گیانی خۆیان بۆ پاراستنی ئاسایشی کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری خستۆتە سەر دەست و ڕێگەیان نەداوە مەرامی دوژمنان بۆ تێکدانی برایەتیی نێوان پێکھاتەکانی ئەو ناوچانە بێتەدی.
کەسایەتی و سەرۆک ھۆزەکانی ناوچەکانی حەویجە و داقوق داوایان لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیان کرد کە ڕێگەیان پێ بدرێت ئەوان بۆ ئازادکردنەوەی ناوچەکانی خۆیان لە ژێر دەستی داعش ڕۆڵی کاریگەریان ھەبێت و دەیانەوێ شانبەشانی پێشمەرگە لە بەشداریی شەڕی ئازادکردنی ناوچەکانی دەوری کەرکووک و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بکەن.
شاندی میوان ئەوەشیان خستەڕوو کە ئەوان شانازیی بە ڕۆڵی سەرکردایەتیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی دەکەن متمانەی تەواویشیان بە ھێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکان ھەیە و لەگەڵ ھەر ھەنگاوێکدان کە بۆ پاراستنی ئاسایشی کەرکووک و ناوچەکانی دەورووبەری پێویست بێت.
شاندی میوان سوپاسگوزاریی خۆیان پێشکەش بە بارزانی و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و خەڵکی کوردستان کرد کە سەرەڕای دۆخی شەڕ و ڕەوشی خراپی ئابووری، باوەشیان بۆ ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و خەڵکی دەربەدەری ناوچەکانی ژێر داگیرکاریی تیرۆریستان، کردۆتەوە و کوردستان بۆتە ماڵێکی ئارامی لێقەوماوان.
لەبەرانبەردا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لە گوتەیەکدا وێڕای بەخێرھێنانی سەرۆک ھۆزەکانی ناوچەکانی حەویجە و داقوق و ڕەشاد، تیشکی خستە سەر ڕەوشی دەڤەرەکە و باسی رەفتارە چەپەڵەکانی رێکخراوی تیرۆریستی داعشی بەرامبەر خەڵکی ئەو دەڤەرەکرد و داوای لە ئامادەبووان کرد کە ھەماھەنگی ھەبێت بۆ برایەتی و پێکەوەژیان و جەختی لە پێوەندیی مێژوویی نێوان کورد و عەرەب کردەوە و ڕایگەیاند:" ھەروەک پێشتریش تەئکیدم کردۆتەوە، چارەنووسی کەرکووک لە دەستی خەڵکی کەرکووکە و لە داھاتووشدا خۆیان بە ئازادیی بڕیار دەدەن و دەبێ ھەموو لایەکیش ڕێز لە بڕیاری خەڵکی کەرکووک بگرن".
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەوەی وەبیر ئامادەبووان ھێنایەوە کە بە درێژایی خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستان ھەرگیز ڕێگە نەدراوە شەڕ و بەرخودان لە بەرانبەر حکوومەت بکرێتە شەڕی کورد و عەرەب، تیرۆریستانی داعش ویستیان بگەنە ئەو مەرامەی خۆیان و ھەندێ کەسی تر کە پێیان وابوو بەو ڕێگەیە دەگەنە ئامانجەکانیان و شەڕەکە بکەنە شەڕی کورد و عەرەب، ھەروەھا خۆیان وەک فریادڕەسی عەرەبی سوننە پێشان دا، کەچی دەرکەوت کە داعش جگە لە کاولکاریی ھیچی پێشکەشی ناوچە سوننە نشینەکان نەکرد و سووکایەتییان بە زۆر بەھای عەرەبییش کرد. بەداخەوە لە سەرەتادا بەشێک لە عەشایەر ناپاکییان لە بەھاکانی عەرەبی کرد، ئێستا دەبێ ئێوە بە کردەوە دڵنیایی بدەن کە ئەو شتانەی ڕوویان داوە لە ڕەوشتی عەرەبدا نییە. جەختیشیکردەوە کە ئەوەی دەستی لەگەڵ داعش ھەبووبێت و ھاوکاریی داعشی کردبێت و ھزری داعشی لا پەسەند بێت، چارەنووسی وەک داعش دەبێت.
سەبارەت بە بەشدارییکردنی خەڵکی ناوچەکانی دەوری کەرکووکیش لە شەڕی ئازادکردنەوەی ناوچەکانیان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند:" کە ئەوە باشترین و دروستترین ڕێگەیە و پێویستە خۆتان بەشداریی لە ئازادکردنەوەی ناوچەکانتان و پاراستنیدا بکەن و بۆ ئەوەش لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ھەماھەنگی دەکرێت. و ھەروەھا تەئکیدیشی کردەوە کە پێویستە ھەموو ڕێکارێک بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بگیرێتەبەر تا تیرۆریستان نەگەنە ئامانجی خۆیان کە تێکدانی برایەتیی نێوان پێکھاتەکانی ئەو ناوچانەیە".
بارزانی جەختیشیکردەوە کە بابەتی حەواندنەوەی ئاوارە و لێقەوماوان بەشێکە لە بەھای بەرزی خەڵکی کوردستان و سەرەڕای ئەو دۆخە قورسە، تا ئەوکاتە ناوچەکانیان ئازاد دەکرێت و دەگەرێنەوە سەر زێدی خۆیان، ھەرچی لە توانادا بێت بۆ دابینکردنی ژیانێکی ئارام بۆ لێقەوماوان درێخی ناکرێت.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان تەئکیدیشی کردەوە کە تیرۆریستانی ھیچ ئاییندەیەکیان لە ناوچەکە نییە و لەناوچوونیان تەنیا بە کاتەوە بەندە و کەرکووکیش دەکەینە شاری برایەتی و پێکەوەژیان.